بێدەنگی پەکەکە و هاواری عەفرین

‌ ئاسۆ حاجی

ئەو بێدەنگیەی پەکەکە لە بەرامبەر ئەو کارەساتە گەورەی بەسەر عەفرین هاتووە بە تایبەتی لە باکوری کوردستان لە لێکدانەوەیێک زیاتری دەوێ بەڵام لۆژیکانەترینیان ئەوەیە کە پەکەکە هێزی جارانی لە باکوور نەماوە و لە پاشەکشێ دایە.

لەوە دەچێ پەکەکە توشی گرفتی هەبوونی کادیر بووبێت بە تایبەتی کادیری سەرکردە کە سەرکردایەتی ڕێکخستنی شارەکان بکەن،ئەوەش بە گوێرەی تێفکرین و بەدواداچوونی ورد بۆ لە دەستدانی ژمارەیەکی زۆری ئەو کادیرانەی دەگەڕێتەوە لە شەڕەکانی ساڵێ دوو هەزار و شازدە لە شارەکانی باکوری کوردستان ئەو شەڕانەی کە بە شەڕی (خەندەق – خەندەک ) ناسراون.

پەکەکە وەک چۆن بە بڕیاری قەندیل و گوێ نەدان بە بۆچوون و سەرکردەکانی ناوخۆییان کە لە باکوری کوردستان لە سەرکردەکانی ( هەدەپە ) خۆی دەبینێتەوە لەوەی شەڕی کورد دەتواندرێ بە هێزەوە لەناو پەڕلەمانی تورکیا درێژەی پێبدرێ بە تایبەتیش کە لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان هەشتا کورسیان بردەوە،بەڵام سەرکردەکانی قەندیل لە ترسی لە دەستچوونی جلەوی بزاڤی سیاسی لە باکوری کوردستان و هاتنەپێشەوەی پۆلێک سەرکردەی گەنج و لێهاتوو و شارەزا لە خەباتی شار و مەدەنی بە بڕیارێکی سیاسی و لە بن فشاری هێزی ئیقلیمی بڕیاری گواستنەوەی شەڕیان لە پەڕلەمانی تورکیا بۆ بەردەگای ماڵی کوردان لە فارقین و جزیرە و سلۆپی و دیاربەکرد و جۆلەمێرگ و گەلێک ناوچەی دیکە دا کە دەرئەنجامەکەی بە کوژرانی دەیان کادیری لێهاتووی مەیدانی ناوشارەکان کۆتایی هات،تەنها هێز کە لەو شەڕ و ئاڵۆزیانە سوودمەند بوون ئێران و حکومەتی سوریا بوون کە پاشەکشێیان بە نفوزی تورکی کرد لە سوریا.

پەکەکە کە باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سوریا هەیە و لە دوای ڕاگەیاندنی کانتۆنەکانی لە رۆژئاوا بەهیچ شێوەیێک لەلایەن رژێمی بەشاڕەوە ڕوبەڕوی ڕەخنەیێکیش نەبوونەتەوە چونکە هەموو کانتۆنەکانی دەکەونە ناوچەی (جزیرە) واتا قامشلو و سەرێ کانیێ و کۆبانێ و عامودا بە هاوبەشی لەگەڵ رژێم بەڕێوەدەبردرێن تاکە کانتۆن کە رژێمی تێدا نەبوو عەفرین بوو کە لە جیاتی ئەو هێزێکی ڕوسی تێدا جێگیرکرابوو،ڕادەستکردنەوەی یەکجارەکی ئەو کانتۆنە بە سوپای سوریا جێگای مشتومڕی پەکەکە و رژێمی بەشاڕ بوو،چونکە حکومەتی سوریا بۆ قۆناغی ئێستا ئامادەیە ناوچەکانی (جزیرە) بە هاوبەشی لەگەڵ پەیەدە بەڕێوەببات بەڵام بۆ ئەو عەفرین و ئەو دەڤەرەی بە ئەدلبی دەبەستێتەوە گرنگ و ستراتیژیە بۆیە کە پەیەدە یان هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکرات) ڕازی نەبوون مل بۆ ئەو داوایەی سوریا دابدەن کە لەوە دەچێ بە ئاگاداری ئەمریکاوە بێت روسیا گلۆپی کەسکی بۆ تورکیا پێکرد.

بڕوا ناکەم ڕێبدرێ تورکیا بچێتە ناو عەفرین ئەگەرنا هەتا هەنوکە دەچوو،بەڵام ڕێگەی دەدەن پەکەکەیان بۆ لاواز بکات بۆ ئەوەی ئەوجارەیان پەکەکە داوا لە رژێمی بەشاڕ بکات بە هاوبەشی دەڤەرەکە بەڕێوە ببەن بە هەمان شێوەی قامشلو ڕەمێلان کە هەموو دەزگاکانی حکومەت و حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی وەک خۆیان ماون و فڕۆکەخانە و بیرە نەوتیەکانیش هەر خۆی سەرپەرشتیان دەکا و پەیەدە تەنها پاسەوانیان دەکات.


PM:12:14:06/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 1857 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی