ئاڤوکای دەروازەی خنکاندنی کوردستان!

‌ ئاسۆ حاجی

باسکردنی ئەو خاڵە سنووریە تەنها پڕۆژەیەکی عێڕاقی و تورکیایە بۆ دروست کردنی دەروازەیەکی دیکەی سنووری لە نێوان تورکیا و عێڕاقدا،ئەو پڕۆژەیە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو باسی لێوەکراوە بەڵام هەرگیز نەچۆتە بواری جێبەجێکردن،بەو دوایانە وەک پەرچەکردارێک لە بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دروست کردنی ئەو دەروازە سنووریە بەگەرمی هاتۆتەوە ناو باس و لە نێوان عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وەک سزادانێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر گەمارۆدانی خەڵکەکەی و لێکدابراندنی هەرێمی کوردستانی عێڕاق و هەرێمی رۆژئاوای کوردستانی سوریا.
-    ئاڤوکای بۆچی بۆ عێڕاق و تورکیا گرنگە ؟

ئەو خاڵە سنووریەی کە دەکەوێتە نێوان خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل و خاڵی سنووری فیشخابوور و دەکەوێتە سەر سنووری عێڕاق (هەرێمی کوردستان) و سوریا و تورکیا و پلانەکەی ئەردۆغان و عەبادی بەو شێوەیە بووە،کە سوپای عێڕاقی بگاتە ئەو سنوورە و دەست بەسەر ئەو ناوچەیە و خاڵی سنووری فیشخابور و بۆڕی نەفتی کوردستان دابگرێ،لەو خاڵە سنووریەوە کۆریدۆرێک دروست بکەن کە بەهۆیەوە ڕاستەوخۆ بارگەڵگرە تورکیەکان بگەنە ناو خاکی عێڕاق دوور لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەروەها نەفتی کەرکوک لە ڕێگای بۆڕی کوردستان بگوازرێتەوە تورکیا بە بڕی شەش سەت بەرمیلی رۆژانە و دواتریش لە ڕێگای بەشداری پێکردنی کۆمپانیا تورکیەکان لە وەبەرهێنانی بواری وزە لە عێڕاق و بە تایبەتیش کەرکوک و نۆژەنکردنەوەی بۆڕی نەفتی عێڕاق کە لەگەڵ هاتنی داعش لەکارکەوت بڕی هەناردەی رۆژانە بۆ ملیۆنێک بەرمیل بەرزبکرێتەوە و بە نرخێکی هەرزانتر لە نرخی بازاڕ تورکیا بفرۆشرێت یان پارەی زیاتر لە بەرامبەر گواستنەوەی بۆ بەندەری جەیهان و فرۆشتنی بە تورکیا بدرێ،هەروەها گرنگترین خاڵ و دەسکەوتی بۆ تورکیا ئەو بەڵێنەی عەبادی بوو کە بەهۆی ئەو کۆریدۆرەوە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان لەیێک دادەبڕێ و ڕێگا نادا چیتر خاڵی فیشخابوور (سێماڵکا – لە ڕووی رۆژئاوا) بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا بەکاربهێندرێ،هەروەها گەیاندنی هاوکاریە سەەربازی و لۆجستیەکانی ئەمەریکا لە ڕێگای ئەو خاڵە سنووریەوە بە هێزەکانی بگات لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا هەروەها بە هێزەکانی سوریای دیموکرات نەگات کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) نەگات،لە بەرامبەر ئەوەدا تورکیا دەروازەی ئیبڕاهیم خەلیل بەسەر هەرێمی کوردستان دابخا و هەرێم لە ڕووی داراییەوە تەواو پەکی بخرێ و حکومەتی عێڕاقیش لە ڕێگای هەندێک هێزی ناوخۆیی و بە یارمەتی ئێران کۆتایی بە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بهێنێ.

-    ئەو هۆکارانەی ئەو پیلانەیان ڕاگرتووە
حکومەتی عێڕاق ئێستاش کار بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو پرۆژەیە دەکات بەڵام یەکەمجار بەهۆی ئەو خۆڕاگریەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگری کردن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی بە پاڵپشتی سوپای پاسداران و حیزب اللەی لوبنانی هەروەها تێکشکاندنی هێرشەکانیان لە پردێ و مەخمور دەرفەتی دا بە هێزەکانی هاوپەیمانان زۆر شتیان بۆ ڕوون بێتەوە لەوانەش بەشداریکردنی سوپای پاسداران و حیزب اللەی لوبنانی و حەشدی شەعبی لە گرتنەوەی شاری کەرکوک و بەکار‌هێنانیان بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای سەربازیەوە،لەوێوە پیلانی دەروازەی ئاڤۆکای ئاشکرا بوو کە عەبادی بۆ هەمان ئامانج واتا لەناوبردنی هەرێمی کوردستان بەیەکجاری ڕێکەوتنی لەگەڵ تورکیا کردوە،هەروەها گەمارۆدانی رۆژئاوای کوردستان و ڕادەستکردنی هەموو ئەو ناوچانەش بە سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی ئێران بگاتە ئامانجە دیرۆکیەکەی لە تەواوکردنی هیلالی شیعی و دامەزراندنەوەی پێگە بەهێزەکانی ئیمپڕاتۆریەتی فارسی.

لەلایەکی دیکەشەوە بۆ تورکیا ئاشکرا بوو کە عەبادی گۆلی لێکردووە و ئەو بەڵێنانەی دەربارەی نەفتی کەرکوک پێی دابوو هەمان بەڵێنی بە بەریتانیا دابوو کە بە بزوێنەری عەبادی دادەنرێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی،ئەوە رۆژی دوایی داگیرکردنی کەرکوک لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و حیزب اللەی لوبنانی کۆمپانیای بڕیتش پتڕۆلیۆم (BP) گەیشتە کێلگە نەوتیەکانی کەرکوک و ئەوە ئاشکرا بوو کە نەوتی کەرکوک لە نێوان بەریتانیا و عێران دابەش دەکرێ کە دوای چەند رۆژێک کۆمپانیا بەریتانیەکەش کشایەوە و کەرکوک و نەوتەکە بۆ ئێران مایەوە و ئێستا رۆژانە بەگوێری ڕاپۆرتی چەند لایەنێکی ئاگادار بڕی دوو سەت و شێست هەزار بەرمیل نەفت لە ڕێگای تانکەرەوە دەگاتە ئێران،هەروەها وەزارەتی نەفتی عێڕاق و وەزارەتی نەفتی ئێران گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک کە بۆڕی گواستنەوەی نەفتی کەرکوک بۆ ئێران دروست بکەن کە ئەوەش وەدیهاتنی خەونی سەت ساڵەی ئێرانە کە لەوەتەی نەفت لە کەرکوک دۆزراوەتەوە خەون بە کۆنتڕۆلکردنیەوە دەبینێت.

لەلایەکی دیکەوە دابڕاندنی هەرێمی کوردستان لە رۆژئاوا و هێزەکانی ئەمەریکا لە گەیشتنی پێداویستی لۆجستی و سەربازیەکانیان کە لە هەرێمی کوردستانەوە پێیان دەگات دژی ستڕاتیژیەتی ئەمەریکایە لە سوریا کە نایەوێ تاکە دەروازە کە خۆراک و پێداویستی ژیان تێیدا بە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەگات دابخرێ و بکەوێتە دەست هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران و لە ڕێگەیەوە فشار لە سەر کانتۆنەکانی رۆژئاوا و هێزەکانی سوریای دیموکرات دروست بکرێ کە تاکە هاوپەیمانی ئەمەریکان لە سوریا کە لە سەر زەوی کاران و زیاتر لە سەتا بیست و پێنجی خاکی سوریایان کۆنتڕۆلکردووە و بەشێکی بەهێزن لە هاوکێشەی هێز لە سوریا.

 هەموو ئەوانە تورکیا و هاوپەیمانانیان لە پیلانی ئێران هۆشیار کردنەوە کە دەیەوێ لە ڕێگای حکومەتی عێڕاق و هێزەکانی حەشدی شەعبی پاشەکشێ بە دوژمانانی بکات لە عێڕاق و سوریا و لە پێگەی هێزیشەوە لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی بچیتەوە ناو ڕێکەونی نوێی سیاسی و ئابووری بە تایبەتیش لەگەڵ تورکیا.

جیا لەو هۆکارانە،هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و ئەلمانیا ڕۆلی گرنگیان هەبوو لە وەستاندنی هێرشە سەربازیەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێڕاق بە پاڵپشتی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش کە بۆیان ڕوون بوویەوە کە بەریتانیا لە پشت ئەو پیلانانەیە کە بۆ عەبادی داڕشتوون و لە ژێرەوە هاوکاری ئێران دەکات لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی لە عێراقدا بە تایبەتی لە دەسکەوتی نەفتی و بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی لە بواری وەبەرهێنانی وزەدا،فەڕەنسا و ئەڵمانیا کە سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوڕوپا دەکەن و بەریتانیا بە ڕکابەری خۆیان دەبینن بە تایبەتی کە لە یەکێتی ئەوڕوپا چۆتە دەرەوە.

بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا کە لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای رۆژنەفت و وەزراتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی لە عێڕاق نیشانی دەدەن ئەوەیە کە روسیا نایەوێ دەستبەرداری ئەو ڕێکەوتنانەی بێت بۆیەشە جگە لە ڕووی سیاسی و دبلۆماسی و هەڵوێستی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ڕووی دارایشەوە چەند جارێک هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە کە دیارترینیان چارەسەرکردنی کێشەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم و کۆمپانیای داناگازی ئیماڕاتی بوو کە کۆمپانیان رۆژنەفت ڕۆڵی سەرەکی تێدا هەبوو.
ئاشکرا بوونی نیەتەکانی عێڕاق لە کارکردنی بە پێچەوانەی ئاراستە نێودەوڵەتیەکان هێدی هێدی بووە هۆی شاندنی بێدەنگی لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەوەی بۆ عێڕاقی ڕوون بکەنەوە کە ئەگەر ئەوان لەگەڵ یەکپارچەیی عێڕاقێکی فیدڕالدان ئەوە بەو مانایە نیە کە حکومەتی عێڕاق بتوانێ قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان لەناوببات یان هەوڵی لەناو بردنی بدات بەڵکو ئەوان خوازیاری هەرێمی کوردستانی بەهێزن لەناو عێڕاقی فیدڕالیدا.

-    ئایا بوار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاڤۆکای ماوە؟
عەبادی ئێستاش بە هەموو توانایەکی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەی دەکات تا لە ڕێگەیەوە کۆتایی بە کورد و کوردستان و ئامانجە سەت ساڵیەکەی بهێنێت و تورکیا لە نەیارێکی سەر سەخت بکاتە دۆست و ئێرانیش بێنێتە سەر ئەو ڕایەی کە عەبادی دەتوانێ لەوانەی دیکە باشتر بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی ئێران بپارێزێ لە بەرامبەر ئەوەشدا دەنگ و پاڵپشتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە فەرمانی ئێران مسۆگەر بکات.

لەوە دەچێ لەگەڵ تێپەڕبوونی کات کارت و بژاردەکانی کەم ببنەوە و هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە هاوپەیمانان ڕێگە نەدەن حەشدی شەعبی و سوپای عێڕاق زیاتر پێشڕەوی بکەن و پێشمەرگەش ئامادەکاری باشی بۆ ئەگەری لەو شێوەیە کردووە،تورکیاش بە ئاراستەی دوورکەوتنەوە لە عەبادی و چاککردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەچێ،ئەگەرچی لەوەدیارکەوتنی هەر ئاماژەیێک بۆ چاککتربوونی پەیوەندیەکانی هەولێر و ئەنقەڕە عەبادی بانگی لایەنە تورکمانیەکانی نزیک لە تورکیا دەکا و بەڵێنی زیاتریان پێدەدا بەڵام لەوە دەچێ ئەو کارتەشی بەرەو ئیستۆک بوون بچێت.

ئەوەی لە دەست عەبادی دا ماوە وەک کارت و بژاردەیەکی بەهێز درێژەدانە بە ئابلوقەی سیاسی و دبلۆماسی و دارایی لە سەر هەرێمی کوردستان کە ئەوەی سێیەمیان زەحمترینە بۆ هەرێمی کوردستان کە ڕوبەڕوی بێتەوە،بۆیە عەبادی مل بۆ دانیشتن و دەستپێکردنی گفتوگۆنادا بە مەبەستی زیاتر خراپکردنی باروگوزەرانی خەڵکی کوردستان لەلایەکی دیکەشەوە لە ڕێگای بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و بەشێک لە یەکێتی نیشتیمانی فشاری زیاتر لە سەر حکومەتی کوردستان دروست دەکات تا بەهەموو داوایەکانی بەغدا ڕازی بێت و وەک لایەنێکی دۆڕاو لە شەڕ بچێت لەگەڵ عەبادی دانیشێ تا تەنیا فەرمانەکانی جێبەجێبکات نەک دانوستان بکەن.

بەر لە کۆتایی هاتنی ساڵ بڕیارەکەی عەبادی لە راگرتنی گەشتە ئاسمانیەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێ و لەوەناچی لەژێر ئەو گووشارەی هەیە بتوانێ نوێی بکاتەوە بۆیە دەرگایەکی دیکە بەسەر کوردستان دەکرێتەوە و داهاتێکی دیکەشی بۆ دەگەڕێتەوە.

کات چۆن لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دا نیە بەهەمان شێوە لە بەرژەوەندی عەبادیش دا نیە چونکە عەبادی لە ناو پێکهاتەی شیعە ڕوبەڕوی کێشەیەکی دیکە دەبێتەوە کە ڕەنگە کۆتایی بەهەموو خەونەکانی بهێنێ لە بەرژەوەندی ڕکابەرەکەی نوری مالیکی و گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات،هەروەها بەهێزتر بوونی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کە ئێستا خەریکن لیستێکی هاوبەش دروست دەکەن و لە ئێستاوە ڕایانگیەیاندووە کە ئامانجی لیستەکەیان و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن بەهێزترکردنی دامەزراوەی حەشدی شەعبیە لە دوای هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەک هیچ کەس و لایەنێک بۆی نەبێت باسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانە بکات،ئەوەش پێچەوانەی ئەو خواستە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیانەیە کە لە زیاتر لە بۆنەیێک بە عەبادی گووتراوە و وڵاتان ئەمریکا،فەڕەنسا،ئەڵمانیا،تورکیا و سعودیە بەڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاندووە.

عەبادی کە لە بەرامبەر حەشدی شەعبی زیاتر لە شێرە پەڕۆینە دەچێ کە ئەوان عەبادی بەکاردێنن نەک پێچەوانەکەی بۆیە نەیتوانی هەموو شتێک وەک بەڵێنی بە ئەردۆغان و سعودیە و ئەمریکا دابوو جێبەجێبکات،نەیتوانی ڕێگری لە خۆنمایشکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بگرێ لەناو کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کە بە پاڵپشتی سوپای پاسادارنی ئێرانی و حیزب اللەی لوبنانی داگیریان کردنەوە،چونکە وەک چۆن عەبادی هەوڵیدا سەرکەوتنەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو وەبەرهێنانی تێدا بکا و وەک قارەمانی شیعە و عەرەب خۆی نیشان بدا بە هەمان شێوە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بە ئەندازەی ئەو و بگرە زیاتریش پێویستیان بەو خۆنمایشکردنە بوو بۆ هەمان ئامانج لەوەش خراپتر بۆ عەبادی لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی بوو کە بە سەرکەوتنی سوپای پاسداران و دەسکەوتی رابەی شۆڕشی ئیسلامی عەلی خامەنەئی و جەنەڕال قاسم سولەیمانیان ناساند و بە هەڵوەشاندنەوەی پیلانێکی ئەمریکا و ئیسڕائیلیان دانا.








AM:11:09:09/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 1700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی