چەند نموونەیێک لە پارتیە دڵسۆزەکان:
ئاسۆ حاجی
ـ پەڕلەمانتارێکی پارتی کە گەلی کورد لە بەردەم ئەگەری ئەنفالێکی دیکە بوو گەڕایەوە ئەمەریکا بۆلای منداڵەکانی،ئێستا دەڵێ جەولەیەکی دبلۆماسیم کردووە!
ـ دەزگایێکی میدیایی پارتی کە بەڕێوەبەرەکەی لە وڵاتێکی دراوسێ منداڵەکانی لە باشترین مەکتەب و خۆی لە دوای ماستەر دەستی کردووە بە دکتۆرا و شوفێر و لەشکرێک کارمەند خزمەتی خۆی و ژنەکەی دەکەن،سەتا نۆهەتی کارەکانی لێدوان وەرگرتنە لە کۆنە کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی و هەر ڕۆژەی بەناوێک (کۆنە هەڤاڵێکی مام جەلال،کادیرێکی پێشکەوتوی یەکێتی،پێشمەرگەیەکی کۆنی یەکێتی .......هتد)بە خەڵکی دەناسێنن و لاپەڕە ئەلکتڕۆنیەکانی پێ پڕدەکەنەوە.
ـ بەڕێوەبەرێکی دیکەی دەزگایێکی دیکەی میدیایی پارتی کە کەمپینی بۆ ڕیفراندۆم دەکرد،ئێستا لەناو برادەرانی قەشمەری بە ڕیفراندۆم دەکا و دەڵێ بە قسەی منیان نەکرد!
ـ بەرپرسی لقێکی پارتی زۆرترن چالاکی وێنەی ڕۆمانسی ناو باخچە و گەڵای پایز و چاخواردنەوەی ناو بازاڕ و دەوقەکردنە لەگەڵ پیاو ماقوڵانی فڵانەگوند،بەرپرسی لقێکی دیکەش شانامە پڕ لە جوێن و سوکایەتی کردنە بە دوژمنانی پارتی وەک ئەوەی ئەو خزمەت بکا!
ـ کادیرێکی پارتی کە ئێستا یەکێکە لە پاڵەوانەکانی سۆشیال میدیا تا ئێستاش موناقەشە لەسەر ئەوە دەکا کە بوجە ڕاستە و بودجە هەڵەیە، کە میدیای ئەڵکتڕۆنی و سوشیال میدیا یەک شتە و عەلمانیەت و ئیلحاد جیاوازیان نیە،مانگانەش چەندین ملیۆن وەردەگرێ بۆ بەرپەرچ دانەوەی دوژمنانی پارتی و سەربەخۆیی کوردستان!
ـ سەرکردەیەکی ئافرتانی پارتی ڕۆژ نیە ژنانی دەڤەرێکی ماندوو و پڕ کار لە ماڵ و کاریان نەکا تەنها بۆ ئەوەی وێنەیێکان لەگەڵ بگرێ و لە سەری بنووسێ:"کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئافرەتانی ..............".
لەگەڵ ئەو هەموو دڵسۆزانەش هێشتا پارتی پێشەنگە و خەڵک هیوای پێ هەیە،ئەو دۆخەی پارتی قسەیەکی زانای گەورەی موسڵمانان بەدیعولزەمان سەعیدی نەوڕەسیم دێنێتەوە بیر کە دەربارەی مەلا و ئیسلام گووتویەتی:"پێم سەیرە ئەو هەموو مەڵایە لە کوردستان هەیە و هێشتا ئیسڵام هەر ماوە!".
PM:04:18:05/12/2017
ئهم بابهته 1688
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی