ئەرێ نێچیرڤان بارزانی هەر وایە؟

‌ ئاسۆ حاجی

بۆ بیست ساڵ دەچی بەهۆی کارەکەمەوە کە لەو بیست ساڵە زیاتر لە نیوەی پەیامنێری کوردستان تی ڤی بووم و پاشانیش وەک ڕۆژنامەوانێک شانسی ئەوەم هەبووە لە نزیکەوە کاک نێچیرڤان ببینم و پرسیاری لێ بکەم و چەند جارێکیش قسەی برادەرانە و هەڤاڵانەشمان کردووە و هەندێک جاریش لە نێو جەمعی ڕۆژنامەوانانی ئەو کات نوکتەیەکی خۆشی کردوە و یەک بە دەنگی خۆی لە قاقای پێکەنینی داوە.

لەو بیست ساڵە هەمیشە نێچیرڤانم وەک پیاوی دەوڵەت و نزیک لە خەڵک بینیوە، بۆیە چا خواردنەوەکەی لە دوکان و تێکەڵبوونی بە کرێکارانی چێشتخانەکە بەشێکی لە کارەکتەر و حەقیقەتی ئەو پیاوە.

لەوەتەی وێنەکانی بڵاوبوونەتەوە هەندێک کەس بە لاسایی و هەندێک کەسیش بە نمایش دایدەنێن، بۆیە وەک وەڵام نا بەڵام وەک شاهێدێک چەند یادەوەریەک و نمونەیەکی هەرە سادەی کاک نێچیرڤان دەگێڕمەوە کە ئەگەرچی نمونەی سادە و ساکار و گچکەش بن بەڵام هەست دەکەم کەسایەتی کاک نێچیرڤان نیشان بدا و لەوەش پشت بە قسەیە دەبەستم کە زۆر باوەڕم پێیە:"تا سەرنج لە شتە گچکە و سادەکان نەدەین جوانیان نابینین، کە جوانیەکەمان بینین تێدەگەین چەند گەورەن".

ڕۆژێک دوایی نیشتنەوەی یەکەمین فڕۆکەی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی هەولێر، کۆنفڕانسی ئابووری لەنێوان ژمارەیێک بزنسمانی ئەوروپی و کورد سازکرا کە سەرنشینی ئەو فڕۆکەیە بوون، لە پشووی نێوان دانیشتنەکان کاک نێچیرڤان یەک دوو جار بۆ کارێک بانگی کردم و منیش هەر دەمگووت بەڵێ مامۆستا وابزانم جاری چارەم یان پێنجەم بوو بڵێم بەڵێ مامۆستا گووتی ئەرێ ئاسۆ بەس نیە ئەو مامۆستایە خۆ من موعەلیم نیم، گووتم ئەدی چت پێ بڵێم؟ بە پێکەنینەوە گووتی چ دەڵێی بڵێ بەڵام من سەرۆک وەزیرم ئەوەی دەزانی، گووتم کاک نێچیرڤان من نازانم بڵێم ئەزبەنی و قوربان و برا گەورە (ئەو کات مۆدێل بوو ئەوانەی خۆیان بە نزیکی کاک نێچیرڤان دادەنا پێیان دەگووت برا گەورە) گووتی باشە ئەتو بەخۆت چم پێدەڵێی؟ گووتم دەڵێم کاک نێچیرڤان، گووتی ئێ دەباشە هەر ئەوە بڵێ لە هەموو شتێک خۆشترە، گووتی پڕ بەدڵ حەزم دەکرد مامۆستا بم و بە مامۆستا بانگم بکەن، مامۆستایەتی گەورەترین پلە و شانازیترین کارە بەڵام بە نسیبی هەموو کەس نابی، گووتی بە نسیبی منیش نەبوو ....

 لە مانگی چواری ساڵی دوو هەزار و شەش بوو کاک نێچیرڤان بەرپرسی دەزگا میدیایەکانی پارتی و هەندێک رۆنامەنووسی داوەتکردبوون و وابزانم تەنها ئەمن تاکە ڕۆژنامەوانی بێ پلە و پۆست بووم، لەسەر و بەندی پێکهێنانی کابینەی یەکگرتنەوەی ئیدارەی هەولێر و سلێمانی بوو، کە هاتە ژوورێ بەمنی گووت بۆ سەفەری لەندەنت نەکردووە و لێرە ماوی (بەڕێزیان پاڵپشتی کردم بچم لە لەندەن بۆ ماوەی نۆ مانگ بخوێنم) ئامادەبووان گوێیان لەو قسەیە و گەرموگوڕی و پەرۆشیەی کاک نێچیرڤان بوو بۆ من، دوای ئەوەی هەموو قسەیان کرد، منیش قسەم کرد، ڕەخنەی زۆر توندم لە شەخسی خۆی و حکومەت و کەسەکانی دەوروپشتی گرت، کە داوەتەکە تەواو بوو چەند کەسێک لە بەرپرسە میدیایەکان هاتن و بە تەعلیق گووتیان بەو زمانە درێژەت لەندەنت دیت! یەکێکیان بە دەڤۆکی بارزانیان گووتی:"تە نەدیت" گووتم ئەگەر ئەمن کاک نێچیرڤان بناسم لەندەنیش دەبینم و لە جارانیش زیاتر پاڵپشتم دەکا، دوو هەفتەی نەبرد لە لەندەن لە کلاسی خوێندن دانیشت بووم و قسەی ئەو برادەرانە ببوونە یادگاری کەسانێکی کوورت بین ......

لە ساڵی دوو هەزار و چار کە حاجیانی کوردستان یەکەمجار بوو بە فڕۆکە لە هەولێرەوە بچنە سعودیە منیش وەک پەیامنێر لەگەڵیان بووم، حکومەتی کوردستان چوار ملیۆن دۆلاری بۆ خزمەتی حاجیان سەرف کردبوو، دوو ڕۆژ دوای گەڕانەوەمان کاک نێچیرڤان لە لقی دووی پارتی (هۆڵی شەهیدانی یەکی شوبات)ل ەو شوێنەی کارەساتی یەکی شوبات لێی ڕوودا من بۆ ڕوماڵکردنی کۆڕەکە چووم و کاک نێچیرڤان لە مێوانان زووتر لەوێ بوو و بانگی کردم گووتی وەرە حاجی باسی حەج و حاجیانی خۆمان بۆ بکە، گووتم وەزعیان زۆر باش بوو بەڵام پێویست نەبوو ئەو پارە جوانەیان لێ سەرف بکەی و دەکرا بەو پارەیە چەند قوتابخانەیێک دروست کرابان، گووتی ڕاست دەکەی دەکرا ئەو پارەیە بەو شێوەیە سەرف کرابا، بەڵام ئایا ئەو پیرە ژن و پیرەمێدانەی لە حەج بوون شایەنی ئەوە نین خزمەت بکرێن و هەست بکەن حکومەت هی ئەوانیشە و تەنها هی گەنج و منداڵان نیە، گووتی خۆزگە دەمتوانی هەموو ساڵێک ئەوەیان بۆ بکەم و خۆزگە دەمتوانی لە کوردستانیش زیاتریان بۆ بکەم چونکە ئەوانە زۆرترین فرمێسکیان بۆ کوردستان ڕشتووە و ناسۆری و ناخۆشی ژیان نەماوە تاقیان نەکردبێتەوە،بۆیە تۆ هەڵەی و حکومەت ڕاستە، بە پێکەنینەوە گووتی هەی حاجی ئاسۆ ئەمن و تو دەبی چاومان هەموو خەڵک و پێویستیەکانیان ببینێ ........


AM:09:47:22/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 3445 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی