کالفامان،هەرزکار و فەیسبوکباز

‌ ئاسۆ حاجی



لە کورتبینی و هەرزەبوون لە سیاسەت کەوتنە دوای بەرژەوەندی کەسی و زیاتر خۆدەوڵەمەندکردن و شکۆ گەلێک و پرسی میللەتێکی جینۆسایدکراو و ئامانج و خەونی هەزاران شەهیدیان بە حەزێکی شەخسی منداڵکارانەیان گۆڕیوە و خیانەتیان لە نیشتیمان کرد.

کاڵفامەکان کە نەشئەی سەرکەوتنی خیانەت و دەستدۆیی کردنیان بۆ دوژمنان وای لێکردن ئەوەی بەدەمیان دادەهات نەیاندەگێڕایەوە،پڕۆژەی دروستکردنی هەرێمێکی دیکە و برەودان بە بازرگانی ناشەرعی نەوت لە ڕێگای ئێران و سپیکردنەوەی پارەکەیان بە دروستکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و تۆڕێکی کەناڵی میدیایی زەبەلاح کە تاکە بەرهەمی ئەو ئیڕهابە فکریەیە کە بۆتە هۆکاری لێکترازانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ڕک لێبوونەوەی سیاسی و تێکدانی یەکڕیزی لایەنەکان و ناو ماڵی کوردەواری.

هەرزە سیاسیەکان وایان دەزانی بە شەو ڕۆژێک دەبنە مام جەلال و دەبنە کەسی یەکەمی دەڤەری کەسکومۆر و لایەنە سیاسیەکانی ئەوێ دەست لەسەر سنگ بۆیان دەوەستن و حکومەتی کاتیان لەگەڵ پێکدەهێنن و دێن حوکمی هەموو هەرێمی کوردستان دەکەن،نەیانزانی هاوپەیمانە شیعەکانیان بەر لە هەموو کەس پشتیان تێدەکەن و عەبادی پێیان دەڵێ دروستکردنی هەرێم و بیکردنەوە لە دامەزراندنی حکومەتی کاتی خیانەتی نیشتیمانیە! 

فەیسبوکبازەکان کە هێزەکانیان کردە کوڵوانە سورەی بەر لەشکری داگیرکەر و شکۆی کەرکوک و کوردستانیان تەسلیم کردن وایاندەزانی سیاسەت تەنها جوێندانی سەر شاشەی تەلەفزیۆنە و پارەبەشینەوەیە بەسەر فەیسبوکبازەکانیان ژێردەستیان،نەیاندەزانی سیاسەت کردنەوەی کۆدە نێودەوڵەتیەکان و پوچەڵکردنەوەی لوغمە سیاسی و تەڵە ئیقلیمی ونێودەوڵەتیەکانە، عەقڵیان بەوە نەدەشکا کە ئەندامانی حیزبەکەی خۆیان کە نەیاری حیزبێکی دیکەی کوردستانن و ڕکابەری لەگەڵ دەکەن بەو مانایە نایێ کە وڵات و شکۆی میللەتیش بۆ لەناوبردنی ئەو حیزبە بفرۆشن.

لە ڕۆژانی داهاتوو وێنەکە سازگارتر دەبێ و ئاوەکان دەگەڕێنەوە جۆگەلەکانیان و لاپەڕەیەکی نوێ لە کوردستان هەڵدەدرێتەوە و وەک جاران هەولێر چەقی یەکلاکردنەوەی پرسەکان دەبێ و پارتیش ژمارەیەکی قوڕس ناو هاوکێشە ئیقلیمی ونێودەوڵەتیەکان دەبێ،لە سەر ئاستی ناوخۆیشدا زەمینەی یەکڕیزی و یەک گووتاری بۆ قۆناغی داهاتوو لەبارتر دەبێ دوای ئەوەی خاینان و وڵاتفرۆشانی کاڵفام دەگەڕێندرنەوە حەجمی خۆیان و ئێشی ڕاستەقینەی خۆیانیان پێدەدرێ کە لەگەڵ توانای عەقڵی و دونیابینیان بگونجێ.

هەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری کەرکوکی داگیرکراو بە تایبەتی لە دۆخێکی خراپ لە ژێردەستی هێزی داگیرکەر گوزەر دەکا و پێویستی بە کۆدەنگی نیشتیمانی و نەتەوەیی هێزە سیاسیەکانی کوردستانە چ لەناوخۆی کوردستان و چ لەناو پەڕلەمانی عێڕاق،ئەوەش بەرلەهەموو شتێک بە دوورخستنەوەی ئەو پەڕلەمانتارانە دەبێ کە بوونەتە بەشێک لە ئەجێندایی ئێرانی و کار بۆ تەواوکردنی هیلالی شیعی دەکەن و دەیانەوێ عێڕاق بە یەکپارچەیی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەڕێوەببردرێت.

ئەوەی لە سەر ئاستی وڵاتانی ئیقلیمی دەگوزەرێ گۆڕانی هەڵوێستی وڵاتانی کاریگەرە بە ئاراستەی دووبارە کرانەوە بەسەر هەرێمی کوردستاندا هەروەها پێداچوونەوەی هێزە نێودەوڵەتیەکانە بە هەڵوێستەکانیان لە بەشداریکردنیان لە سزادانی گەلی کوردستان و بەشدارکردنیان لە ڕاکێشانی زیاتری دەستی  ئێران بۆ ناوچەکە و شەرعیدان بە هێزێکی وەک سوپای پاسداران و میلیشاکانی پێیەوە گرێدراو کە چەند ڕۆژێکە خراونەتە لیستی تیرۆر و لیستی شەمەزاری.

کاڵفامەکان تێنەگەیشتن کە لەمەودوا هەر کەس و لایەنێک هەر هماهەنگی و هاوکاری و ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئەو لایەنانە بکات لەلایەن وڵاتانەوە بەتایبەتی ئەمەریکا حیسابی ئەوانیان بۆ دەکرێ،لەوەش تێنەگەیشتن کە داگیرکاران سەت ساڵە نەیانتوانیوە ئیرادەی ئەو میللەتە تێک بشکێنن ئەوان چۆن دەتوان کڕین و فرۆشتنی پێبکەن!

کاڵفام و هەرزەکار و فەیسبوکچیەکان ئێستا دەزانن چ کەتنێکیان کردووە و بە هەوڵدان بۆ بەبارمەتە گرتنی خەڵکی بەشکۆی کەرکوک پینەی بکەن و خۆیان وەک خاوەنی کەرکوک وکەرکوکیەکان نیشان بدەن،نازانن کەرکوکیەکان لە ڕۆژی ڕیفراندۆم ئەو وەفاییەیان بۆ کوردستان و شەهیدان دووپاتردەوە کە تا هەبن پارێزەری شکۆ و سەروەریەکانی نیشتیمان و پێشمەرگەن.

ئەوان هەر تێنەگەیشتن و تێنەگەیشتن،چونکە کاڵفام و هەرزەکار و فەیسبوکبازن.


PM:07:37:18/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 2026 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی