هەڵوێستی بارزانی و هەڕەشەکانی تڕەمپ

‌ ئاسۆ حاجی

وەک چۆن خەریکە ئەنجامی هەڵویستەکانی بارزانی وەدیار دەکەون لە سەرکەوتنی ڕیفراندۆم و شکستهێنان بە پلانەکانی قۆناغی دوای ڕیفراندۆم بە ئاراستەی ناچاربوونی دەسەڵاتدارانی عێڕاق بۆ ملدان بە دانیشتن لە سەر مێزی گفتوگۆی بێ مەرج دەربارەی چۆنیەتی خوردکردنەوەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و دۆزینەوەی شێوازێکی دیکە لە پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ عێڕاق.

بەهەمان شێوە ئەو هەڕەشانەی سەرۆک تڕەمپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا لە عێران دەیکرد کەوتنە واری جێبەجێکردن و بە دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر و سزادانی هەموو ئەو لایەنانەی کە دەستیان لەگەڵ ئەو سوپایە تێکەڵکردووە، ئەو دەستەواژانە سەرۆک تڕامپ لە زۆرینەی گووتار و چاوپێکەوتنەکانی کە کاندید بوو دووبارە دەکردەوە و چەند رۆژێکیش لە گووتاری نیشتیمانیدا کە بڕیاری لە سەر سوپای پاسداران دا هەمان ئەو دەستەواژانەی دووبارە کردەوە.

بارزانی پێشبینی دوای کۆتایی هاتنی داعشی دەکرد کاتێک ڕایگەیاند، کە بە کۆتایی هاتنی داعش مەترسیەکان کۆتاییان نایە،ئەو کات ئەکڕادانی مالیکی دەیانگووت بارزانی لە ئێستاوە زەمینەسازی دەکات تا بەهۆی هێشتنەوەی ترس و نیگەرانی لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، ئەمڕۆ دەبینین کە داعش هێشا کۆتایی نەهاتووە ماعش (میلیشیای عێڕاقی شیعی) بەر دەرگایان لێگرتووین و هەڕەشەی داگیرکردنەوە و ئەنفالکردنمان لێدەکەن، بارزانی چەند جارێک بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕایگەیاند، کە دەرئەنجامی نەکردنی ریفراندۆم زۆر مەترسیدارتر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەوەش وەک گووتی، وا دەرچوو و حەسەن تۆرانی جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێڕاق ئەوەی ڕاگەیاندووە، کە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر کەرکوک پەیوەندی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە نیە و بەر لەوەی باسی ڕیفراندۆم لە ئارادابێ بڕیاری لێدراوە و ئامادەکاری بۆ کراوە.

بارزانی بەر لە ڕیفراندۆم هەندێک بەڵێنی بەخەڵکی کوردستان دان وەک چۆن تڕەمپ بەڵێنی بە خەڵکی ئەمریکادا، بەڵێنی هەردوو سەرۆک هێدی هێدی دەبنە واقیع و تێکەڵ بە ژیانی رۆژانەی خەڵک دەبن، بارزانی بە خەڵکی کوردستانی ڕاگەیاند، کە ئەو ئامادەیە تەحەمولی دەرئەنجامەکانی شکستی ڕیفراندۆم بکات و سەرکەوتنەکانیش بۆ ئێوە، ئێستا خەریکە مەترسیەکانی سەر دەرئەنجامی ڕیفراندۆم دەڕەونەوە و حکومەتی عێڕاق ڕیگای دیکەی بۆ نامێنێتەوە جگە لە قبوڵکردنی داواکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بۆ دەستکردن بە گفتوگۆیەکی کراوە.

تڕەمپ لەوەتەی بۆتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕیارەکانی خۆی هێناوەتەدی یان کار بۆ وەدیهێنانیان دەکا تاکە پرس کە لێی گیرۆ بووە هەڵوەشاندنەوەی یاسای تەندروستیە کە بە ئۆباماکێر ناوسراوە بەوهۆیەشەوە هەژدە ویلایەتی ئەمریکا سکاڵایان لە دژی تڕەمپ تۆمارکردووە بۆ ئەوەی نەتوانێ دەستی بۆببا و هەڵیوەشێنێتەوە، بەڵام سەرۆک تڕەمپ هەر سورە لە سەر ئەو بەڵێنانەی بە دەنگدەرانی داوە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا بەرکارە.

تڕەمپ لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن چەند جارێک لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان دەربارەی گەلی کوردستان و پێشمەرگە دایەوە بەوەی کە هێزی پێشمەرگە شایەنی ستایشن و پێویستە پاڵپشتی بکرێن لە هەموو ڕویێکەوە، دەربارەی داخوازیەکانی گەلی کوردستانیش پاڵپشتی خۆی بۆ داخوازییەکانی گەلی کورد نیشان دەدا، ئەو قسانەی تڕەمپ بۆ ئەمریکیەکان نەبوو، بەڵکو بۆ دەرەوە بوو کە دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی دەرەوە و بەرگری وڵاتەکەی کە ئێستا ئادگارەکانی لە بڕیارەکەی لە دژی ئێران وەدیار کەوت.

ئێستا لە قۆناغی هاتنەدی بەڵێنەکان دەژین ئەو بەڵێنانەی سەرۆک بارزانی بە گەلی خۆی داوە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، سەرۆک تڕەمپیش قسە و پاڵپشتیەکانی بکاتە کردار لە کاتێکدا پێشمەرگە و گەلی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە پاڵپشتی دۆستەکانیەتی بە تایبەتی ئەمریکا و سەرۆک تڕەمپ کە کوردستان بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن و ئەزمونێکی سەرکەوتووی درێژ بە یێکەوەیان دەبەستێتەوە.


PM:01:25:15/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 2379 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی