پڕۆژەی هەرێمی پیرۆز (ئێران لە عێڕاق ڤاتیکانی دەوێ نەک مەککە!)

‌ ئاسۆ حاجی


کارکردن بۆ بە ڤاتیکان کردنی نەجەف و کەربەلا و ململانێ پێکردنیان لەگەڵ مەککە  پڕۆژەیێکە چەند ساڵە ئێران لە عێڕاقدا دەستی پێکردووە لە ڕیگای دامەزراندنی هەرێمێکی موقەدەس کە شارەکانی نەجەف و کەربەلا و حیللە دەگرێتەوە کە لە ژێر فەرمانڕەوایی مەرجەعیەتی شیعە دابن و هەموو سەروکارێکیان لەلایەن مەرجەعیەت و حەوزەی عیلمی کە وەک دەستەی راوێژکاری دەبێت ڕایی دەکرێ.

ئەو پڕۆژەیە لە دوای ساڵی دوو هەزار و پێنج دەستی پێکردووە و سەرەتا لە گێڕانەوەی ئەو ناوچە و شارۆچکە و گوندە شیعە نشینانە کە کەوتبوونە ناو ئیدارەی پارێزگا سونیەکان بۆ سەر هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا،هەروەها دابین کردنی ئابوریەکی سەربەخۆ کە مەرجەعیەت بتوانێ لە ڕێگایەوە پێگەی ئاینی خۆی زیاتر بە سەر خەڵک بسەپێنێ و ملکەچی فەرمانەکانی خۆیان بکات بۆیە هەموو داهاتی مەزارگە پیرۆزەکان (العتبات المقدسە) و فڕۆکەخانەکانیان دەچێتە خەزێنەی مەرجەعیەت کە ساڵانە بە ملیۆنان شیعە و بە درێژایی ساڵ ڕوو لەو شارانە دەکەن و بە گوێرەی ئاماری فەرمی پارێزگای کەربەلا لە ساڵی 2015 زیاتر لە حەڤدە ملیۆن کەس سەردانی مەزارگە پیرۆزەکانیان کردووە.

لە پێناو دابین کردنی داهاتێکی زۆرتر هەموو خاڵە سنووریەکانی نێوان عێڕاق و سعودیاشیان خستەوە سەر ئەو پارێزگایانە کە جگە لە داهات سودێکی دیکەشی بۆ شیعە هەبوو بە دابڕاندنی سونەکانی عێڕاق لە سعودیە هەروەها کۆنتڕۆلکردنی بیابان و بادیەی ئەنباڕ کە بەردەوام مەترسی لێدەکرا گروپە توندڕەوە سونیەکان لەوێوە مەترسی بۆ سەر نەجەف و کەربەلا دروست بکەن.

ئێران دەیەوێ مۆدێلی ڤاتیکان لە نەجەف دووبارە بکاتەوە نەک مۆدێلی مەککە چونکە ئەوەی یەکەمیان دەسەڵاتی دینی و دونیایی لە دەستە و خاوەنی سوپا و پۆلیسی تایبەت و نوێنەرایەتی لە دەرەوە و حکومەتی تایبەت بەخۆی هەیە،بەڵام کەعبە تەنها شوێنێکی پیرۆزی ئاینیە و هەر لەو ڕوەشەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و داهاتەکەشی دەگەڕێتەوە ڕیاز و لەلایەن خێزانی دەسەڵاتدار تەسەڕوفی پێدەکرێ.

ئەو هەرێمی پیرۆزە ئێستا هەموو ئادگارەکانی بەباشی وەدیار کەوتوون و پێگەکانی دەوڵەت بوونی تەواو بووە،لە ڕووی داراییەوە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین حکومەتەکانی دونیا و خاوەنی سوپای تایبەت بەخۆیەتی (حەشدی شەعبی)کە بە فتوای مەرجەعیەت دروست کراوە و پاشان لە پەڕلەمانی عێڕاق یاسای بۆ دەرچووە و بودجەی تایبەتی بۆ داندراوە کە بەگوێرەی میدیاکان دوو بە قەدەر بودجەی سوپای ڕەسمی عێڕاق دەبێت.

هەرێمی پیرۆز لە لایەن سەید عەلی سیستانی مەرجەعی گەورەی شیعەکانی عێڕاق بەڕێوە دەبردێت کە کەسێکی ئێرانیە و تەنانەت ڕەگەزنامەی عێڕاقیشی نیە و لە زمانی فارسی بترازێ عەرەبیەکی شەق ق شوڕ دەزانێ،هاوشان لەگەڵ سەید عەلی سیستانی نوێنەری تایبەتی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران بوونی هەیە کە ناوی سەید موجتەبا حوسەینیە و یەکێکە لە کەسە نزیک و باوەڕپێکراوەکانی خامەنەئی و یەکێک بووە لە موریدە دڵسۆزەکانی ڕابەری کۆچکردووی شیعە ئیمام خومەینی کە سەید عەلی سیستانی هەموو بڕیار و فتوایەکان بە ڕاوێژکردن کەگەڵ سەید مەجتەبا حوسەینی دەردەکا و بیرۆکەی هەرێمی پیرۆز و دروست کردنی حەشدی شەعبی دەڵێن لە ڕێگای ئەوەوە بۆ مەرجەعیەت پێشنیار کراوە.

بەستنەوەی شیعەکانی هەموو دونیا بە هەرێمی پیرۆز یەکخستنەوەی تواناکانی شیعەیە کە لە خاکی پیرۆزدا ساڵانە بە ملیۆنانیان لە نەجەف و کەربەلا گیرفانەکانیان خاڵی دەکەن و منداڵەکانیان بە دڵسۆزی بۆ مەرجەعیەت پەروەردە دەکەن،پەروەردەیێک کە لە پەروەردەی هەزار و چوارسەت ساڵی ڕابردوو جیاواز بێت،ئەو جارەیان پەروەردەی خۆپاراستن نا بەڵکو پەروەردەی هێرش و دەسەڵات و حوکمکردنی ئەوانەی دیکە بێت،بۆیەشە دەبینین ساڵ دوای ساڵ هێزی شیعە بەشێوەیەک زیادی کردووە تا ڕادەی تەواو کردنی هیلالی شیعی کە لە یەمەنەوە تا لوبنان و سەر ئاوەکانی دەریای سپی درێژ بۆتەوە کە سەرچاوەی ئەو هێزە بەشێکی بۆ هەرێمی پیرۆز دەگەڕێتەوە کە سەرچاوەی سەرەکی دابین کردنی توانای مادی و مەعنەیە بۆ گروپە چەکدارەکانی شیعە بە پانتایی هیلالەکە.




PM:12:21:12/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 1842 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی