عەبادی چیدیکەی ماوە ؟

‌ ئاسۆ حاجی

ئەو بڕیارانەی تا ئێستا لەلایەن حکومەتی عێڕاقەوە دراون چاوەڕوان کراو بوون،حەیدەر عەبادی ڕێگایەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە کە بتوانێ دەست بە کورسیەکەیەوە بگرێ و چانسی بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە دەست نەدات لە بەرامبەر ڕكابەرەکەی نوری مالیکی کە هەموو ئەو بڕیارانەی دراون لە ژێر کاریگەری فڕاکسیۆنەکانی ئەو لە پەڕلەمانی عێڕاق دراون.

حەیدەر عەبادی کە ناتوانێ بە موو لەو هەموو ئەو پێشنیارانە لابدات کە لەلایەن پەڕلەمانتارانی لیستەکەی مالیکی بۆی دادەندرێن چونکە باش دەزانێ هەر لادانێک یان گوێ پێنەدانێک مانای کورت کردنەوەی ڕێگایە بۆ گەڕانەوەی مالیکی بۆ سەر کورسی سەرۆکایەتی وەزیران لە ڕێگای ئیقالەکردنی عەبادی لە ڕێگای زۆرینەی پەڕلەمانیەوە،ئەو کات عەبادی نەک کورسی سەرۆکایەتی وەزیران بگرە هەڵبژاردنیش لە عێڕاق جارێکی دیکە نابینێتەوە.

عەبادی کە خۆی و حکومەتەکەی لە سزادانی کوردستان بەتاڵ کردوە بەو هەموو بڕیارانەی کە دەریکردوون تەنها توانیویەتی یەکێکیان جێبەجێ بکات بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیە نێودەوڵەتیەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی باشوری کوردستان،لەوەش زیاتر ڕەنگە بتوانێ هەندێک وردە شتی دیکە بکات وەک لێستاندنەوەی کۆدی نێودەوڵەتی پەیوەندی کردن لە کۆڕەک تیلیکۆم و ئاسیا سێل.

بە گوێرەی ئەو یاسایانەی سزادان کە لە پەڕلەمانی عێڕاقەوە دەرکراون و سەرۆک وەزیران ڕاسپێردراوە بۆ جێبەجێکردنی هەموویان تەنانەت ئەگەر جێبەجێکردنیان پێویستی بەبەکارهێنانی هێز هەبێت، عەبادی کە لە نێوان بەرداشی داواکاری مالیکی و کوتلەکەی و داخوازیەکانی ئێران لەلایێک و بەرداشی سووربوونی سەرکردایەتی سیاسی باشوری کوردستان لە دەستبەردار نەبوونیان لە دەرئەنجامی ڕیفراندۆم دەرفەتی دیکەی بۆ نەماوە کە ئەگەر یەکێک لەو دوو لایەنانەی دەرفەتێکی دیکە بە عەبادی نەدەن تا هەناسەیێک هەڵکێشێ و پشوێک بدات بۆ ئەو کارەش لایەنی شیعەی گرێدراوی ئێران هەرگیز ئەوەی لەگەڵ ناکەن بەڵکو بە پێچەوانەوە ناچاری دەکەن زیاتر توندبێ و بڕیاری شێتانەتر دەربکات و زیاتر تەنازول بۆ وڵاتانی درواسێ بکات،بۆیە پێویستە کوردستان هەندێک ئیعتباڕات بۆ عەبادی بگێڕنەوە لە سەر حیسابی شکست پێهێنانی مالیکی و لە ڕێگای ئەویشەوە ئێران، دەکرێ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاتنی چەند فەرمانبەرێک لە بەغدا ڕازی بێت بۆ ئەوەی بێن بەناو چاودێری فڕۆکەخانەکان بکەن،بە دڵنیایەوە میدیای دژ ئەوە دەکەنە رۆژەڤ و لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورەی دەکەن و بە دۆڕانی کوردستان و پاشگەزبوونەوە لە پرسی سەربەخۆیی دادەنێن بەڵام هەندێک کڕیدت بە عەبادی دەدات کە لە بەرامبەر نەیارە بەهێزەکەی وەسەرخۆ بکەوێتەوە و شەنگی ڕوبەڕوبونەوەی بێتەوە بەر بەلایەنی کەم تا هەڵبژاردنی داهاتووی عێڕاق چونکە بەهێز هێشتنەوەی هەردوو بەرەی شیعە دەرفەتێکی باشە بۆ باشتر یەکتر شکاندن و بردنی عێڕاق بۆ سەر لێوارێک کە گەڕانەوەی نەبێ.

پەڕلەمانی ئێڕاقی کە ئێستا گوزارشت لە تەنها پێکهاتەیەکی ئێڕاق دەکا و لەلایەن نوری مالیکیەوە بە فەرمانی ئێران هەڵدەسوڕێندرێ دوای تەواو بوونی شەڕی حەویجە عەبادی ناچار دەکەن کە بژاردەی سەربازی بۆ داگیرکردنەوەی کەرکوک بەکاربێنێ بە ناوی پارستنی هاوڵاتیان و ڕەنگە لە سەر ناوی چەند کەسایەتیەکی عەرەب و تورکمان داوایەکی لەو شێوەیە لە حکومەتی عێڕاق بکرێ تا بەهانەیێکی بۆ دابتاشن وەک چۆن کاتی سەدام کوێتی داگیرکرد گووتی بە پیر داوای خەڵکەکەیەوە چوومە تا لە ژێر دەسەڵاتی زالمانەی خانەوەدای حاکم رزگاریان بکەم.

دڵنیام لەوەی ئەگەر عەبادی ئەو بڕیارە بدات و ئەو کارە بکات ئەوە دەرئەنجامەکەی خۆی و سوپاکەی لە ئەنجامی سەدام و سوپاکەی لە کوێت باشتر نابێت،چونکە ئەو کات بە تەنیا دەمێنێتەوە ڕوبەڕو لەگەڵ دونیا و لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگە کە تاکە هێز بوو توانی ئەفسانەی داعش بشکێنێ لە کاتێکدا سوپای عێڕاق تا بن بەغدا پاشەکشەی کرد بوو.



PM:06:09:10/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 2708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی