بۆ ئاڵای عێڕاق توڕ هەڵدرا ؟

‌ ئاسۆ حاجی



پێچانەوەی دارەبازەی مام جەلال بە ئاڵای پیۆزی کوردستان بووە هۆی نیگەرانی ژمارەیەکی زۆری سەرکردە عەرەبەکان و تا ئەو ڕادەیەی شۆڤینیەکان ئەوەیان بە بێڕزی بە عێڕاق و گەلەکەی دانا و ڕایانگەیان کە پێویستە لێی بێدەنگ نەبن و وەڵامی ئەوانە بدرێتەوە کە ئەو کارەیان کردووە،ئەوەش لە کاتێکدایە پەڕلەمانی عێڕاق کە شیعە و کوتلەی مالیکی دەستیان بەسەر داگرتووە و حکومەتەکەی عەبادی چاوی سوور بووە و ڕۆژ نیە بڕیار لە دژی خەڵکی کودستان نەدەن بە نیەتی سزادانی وەک پەرچەکرداێک لەبەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەرکەوتنی دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بە ڕێژەی زیاتر لە سەتا نۆهەت و دوو.

پەرچەکرداری عەرەبەکان چاوەڕوان کراو بوو و تاڕادەیەکیش ئاساییە چونکە لە کەسانی شۆڤینی زیاتر چاوەڕوان ناکرێ،بەڵام ئەوەی نا ئاساییە ئەو کوردانەن کە بە ئەکڕادی مالیکی ناسراون و شیریان لە عەرەبەکان تیژترە و لێدوانەکانیان لە عەرەب شۆڤینی ترە کە بە حیسابی ڕێزگرتن لە مام جەلال و یەکێتی نیشتیمانی گەورەترین بێڕێزی بە حەفتا ساڵی خەبات و تێکۆشانی مام جەلال و چل و دوو ساڵی خەباتی یەکێتی دەکەن.

پێدچێ ئەکڕادانی مالیکی ئەوەیان لەبیر چووبێ کە ئەو ئاڵایە لە ڕژێمی بەعس و قائیدەکەی سەدام بە میرات ماوەتەوە،ئەو ئاڵایەی هێمایە بۆ هەموو کودەتاکان هەر لە سەردەمی حەرس قەومیەوە هەتا بەوڕۆ دەگات.

ئەوانە کە بە حیساب نوێنەری خەڵکی کوردستانن ئەوەیان لەبیر چووە کە گۆڕینی ئەو ئاڵایە کە پێشتر سێ ئەستێرەشی پێوە بوو مەرجی سەرەکی ڕێکەوتنی هێزە سیاسیەکانی عێڕاق بووە کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانیان دەکرد، هۆکارەکە و داوکاری گۆڕینەکەشی ئەوە بوو  کە لە ژێر ئەو ئاڵایە تاوانەکانی کوشتن و ڕاگواستن و تەعریبکردن و ئەنفال و کیمیابارانکردن ئەنجامدراوە.

تێدەگەم عەرەب لەبیرەخۆیان بردۆتەوە بەڵام کوردبی و نوێنەری گەلەکەت بی چۆن ئەوەت بیر دەچێتەوە کە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005 هەرێمی کوردستان هەڵکردنی ئاڵا سێ ئەستێریەکەی بەعسی ڕەتکردەوە لەسەر باڵەخانە حکومیەکانی کوردستان تا ئەو کاتەی دەگۆڕدرێت بە شێوەیێک کە گوزارشت لە هەموو پێکهاتەکانی عێڕاق و سیستەمی فیدڕالی بکات.

ئەوەشیان لەبیر کرد کە پەڕلەمانی عێڕاق سەدان پێشنیار و بیرۆکەیان بۆ دروستکردنی ئاڵایێکی نوێ ڕەتکردەوە کە لەلایەن هونەرمەندان و خەڵک پێیان گەیشتبوو دوای ئەوەی بە ڕەسمی ئەو داوایەی لەخەڵک کرا و پێشبڕکێیەکی ڕەسمی بۆ ئەو مەبەستە ڕاگەیەندرا،بەڵام چونکە پەڕلەمان و حکومەت و حیزب و شەخسیەتی و عەقلی عەرەبی تەنها درێژکراوەی هەمان عەقلیەتی بەعس و شۆڤینیەتە تەنها سێ ئەستێرەکەیان لادا و ئەو( اللە اکبر )ی شەهیدی موجاهید سەدام حوسێن بە دەست و خوێنی خۆی لەسەری نووسی بوو تەنها ڕێنووسەکەیان کردە خەتی کوفی کە لەسەری ڕێکەوتن بۆ ماوەی دوو ساڵ بەو شێوەیە بمێنێتەوە و دواتر بگۆڕدرێت،دەبوایە ئەو ئەکڕادانە ئەو پرسیارە بکەن بۆ تا ئێستا نەگۆڕدراوە؟

ئەوە ئاڵای بەعسە،ئەوە ئاڵای سەدامە کە ئاڵا تاڵەبانی بۆی دەگریێ و پێی وایە مام جەلال بچوک کراوەتەوە چونکە بەو ئاڵایە دانەپۆشراوە کەسەرۆکی فەرماندە سەدام حسین بە خوێنی خۆی اللە اکبری لەسەر نووسیوە، ئەوە ئەو ئاڵایەیە کە ڕەمزی تەعریب و تەرحیل و تەهجیری کەرکوکیەکان بوو کە ئێستا پەڕلەمانتاری ئەوشارە شوان داودی بە غەدرێکی غەڵەتێی گەورەی دادەنێ کە شکۆی مام جەلالیان پێ دانەپۆشتووە تا وەبیر کەرکوکیەکان بێتەوە ئەوان هێشتا عێڕاقین،ئەوە ئەو ئاڵایەیە کە سروە و هۆشیار و کاوە و ئەکڕادەکانی دیکە بە هێمای سەروەری و شانازی و مەزنی خۆیانی دادەنێن وەک عێڕاقیەکی دڵسۆزی دژ بە کوردە جوداخواز و موخەریبەکان کە مام جەلال حەفتا ساڵ بوو ئەو دوو سیفەتەیان دابووە پاڵی تا ئەو ڕادەیەی خاوەنی ئەو ئاڵایە شەهید سەدام حسین عەفوی بۆ هەموو موخەڕیبەکان دەرکرد تەنها مام جەلال نەبێ !

چ خۆفرۆشی و نیشتیمان فرۆشیێکە نوێنەری خوێنی شەهیدان بی و ئەوە گووتار و هەڵسوکەوتت بێ بەرامبەر بە گەلو وڵاتەکەت،دوای سەت ساڵ لە خەبات وتێکۆشان و قوربانی دان تا ناسنامەی کوردستان و کورد بوون بزر نەبێ بچیە بەرەی ئەوانەی دژی دەستووری عێڕاق بوەستنەوە و دەستەواژەی دانپێدانراوی ناودەستور (هەرێمی کوردستان)بکرێتەوە شیمالی عێڕاق و (ئاڵای هەرێمی کوردستان)کە بە یاسای پەڕلەمانی کوردستان ڕێگەی پێدراوە و دەستووری عێڕاقیش دانی پێداناوە بە کەمتر لە ئاڵای داگیرکەران تەماشای بکەی و بە ئاڵای ئینفسالیەکانی دابنێی!
بچی لەگەڵ ئەو کەسانەی کاریان بۆتە دەرکردنی بڕیاری سزادانی میللەتەکەی دەنگ هەڵبڕی لە دژی پێشخستنی زمانی کوردی لە زمانی عەرەبی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەپێش سەرۆکی پەڕلەمانی مەزهەبی عێڕاق،لەوە ڕیسوایتر دەبێ شتێک مابێ؟

گۆڕان ئەوە دەستمان لێی شوشتوە چونکە ناتوانێ دژی ئەو گەنجە خوێن گەرمە عێڕاقیانەی بوەستێتەوە ئەگەرنا چی خراپە بە ڕێکخەر و خانەکەشی دەکەن وەک چۆن پێیان کرد لە بەر ئەوەی دەنگی بە بەڵێ دابوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان،بەڵام یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نازانم چی لەدەست دەچێ ئەگەر ئاڵا و شوان و هاو شعورەکانیان بە کەسانی دیکە بگۆڕێت،جگە لە پاککردنەوەی لاشەی خۆی لە هەندێک گەنە و مشەخۆر و خاین هەروەها سپی کردنەوەی ڕووی خۆیان لە بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی کوردستان کە لێدوان و هەڵوێستە خۆفرۆشیەکانی ئەوانە ئازاری پێ گەیاندوون،لە هەمووشیان زیاتر ئاسودە بوونی ڕەوانی پاکی مام جەلالە لە ئارامگەکەی.

*بە سوپاسەوە سودم لە نووسینێکی کاک فەوزی فڕەنسۆ هریری وەرگرتووە.


AM:11:55:08/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 2185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی