دوای ڕیفراندۆم چۆن دەبێ؟

‌ ئاسۆ حاجی

سبەی یەکەمین ڕۆژ دەبێ لە ماوەی سەت ساڵدا مرۆڤی کوردستانی وەک کەسایەتیەکی تەواو و لە ڕیزی تاکەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەبێ ئەوەی بترسێ خەڵک نەزانێ باسی چ دەکا و ناوی چ دەهێێ بڵێ:" من کوردستانیم و خەڵکی کۆماری فیدڕالی کوردستانم".

ڕاستە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تەنها هەنگاو و هۆکارێکە بۆ گەیشتن ب سەربەخۆیی بەڵام تەواو بوونی پڕۆسێسی باوەڕ بەخۆ بوونی مرۆڤی کوردستانیە کە بڕیاری دروستکردنی وڵاتێکی لە مێشک و باوەڕی خۆیداوە کە سەت ساڵە لە شیعر و ئەدەبیات زیاتر جێگەیان دەکرایەوە و لە گووتاری سیاسیدا ئەگەر باسیش کرابا ئەوە شەرمنانە و کۆنکرێتی نەبوو ئەو دەستەواژە عاتیفیانە بۆ واقیع بگۆردرێن.

ڕۆژی دوای سەربەخۆیی چۆن کوردستان و مرۆڤی کوردستانی جیاوازن لە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆی و دونیا بە هەمان شێوە مامەڵەکردنی جیهانیش لەگەڵ کوردستان جیاواز دەبێ،هەردوو لا لەو قەلەقیە دەروونیە دەربازیان دەبێ بە تایبەتیش دراوسێکانی کوردستان،تورکیا و ئێران و عێڕاق لەوە تێدەگەن کە بە دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کەعبە نەڕوخاوە و ماڵی پەڕەسێکەش تێک نەچووە، بۆیە هەموویان بە زمانێکی نەرمتر و بە تێگەیشتنێکی واقعیانەتری نوێ دەرگای گفتوگۆ بەسەر یەکدی دەکەنەوە و باشتر کار بۆ تێکەڵکردن و باشترکردنی بەرژەوەندیەکان دەکەن.

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەک نابێتە هۆکاری داخستنی دەروازە سنووریەکان ئەگەر ئێستا وەک پەرچەکردارێکی و بۆ ماوەیەکی کاتیش دایبخەن بەڵام دواتر دەروازەی زیاتر و فراوانتر دەکرێنەوە و ئابوری زیاتر دەگەشێتەوە.

ڕۆژی دوای ڕیفراندۆم و سەرکەوتنی ئیڕادەی کوردستانیان بەسەر هەموو هەڕەشە و ترساندنی وڵاتانی دراوسێ و زلهێزانی دونیا،ئەوە قۆناغی قبوڵکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم دەست پێدەکات و پاڵپشتیەکان بۆ سەربەخۆیی زیاد دەبن و لە چوارچێوە دبلۆماسیەکان دەردەچن و لە سەرزاری بەرپرسانی دەوڵەت دەردەچن تا دەگاتە ئەوەی وڵاتانی زلهێز و نەتەوە یەکگرتووەکان ببنە بەشێک لە پڕۆسەی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن دەربارەی سنوور و پرسی ئاو و چۆنیەتی پەیوەندیەکانیان وەک دوو دراوسێ.

قۆناغی دوای سەرکەوتنی ڕیفراندۆم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان زیاتر پێویستیان بە یەکتری دەبێ و گەلی کوردستانیش لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر پێویستی بە گووتارێکی یەکگرتووی سیاسی و یەکهەڵوێستی هەیە چونکە یەک دەنگی و یەکڕیزی هێزێکی زیاتر کارتی ئەنجامی ڕیفراندۆم دەدا کە لە گفتوگۆکان بە دەستی سەرکردایەتی سیاسی کوردستانەوەیە بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورستان.
Type a message...


PM:04:54:25/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 1935 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی