ئەرێ کامە عێڕاق؟

‌ ئاسۆ حاجی

ئەو عێڕاقەی ئێران دروستی دەکاتەوە یان ئەوەی سعودیا دەیەوێ،ئەو عێڕاقەی عەبادی بە بەڵێن و ڕێنمایی ئەمریکا دەیەوێ بیگەڕێنێتەوە باوەشە عەرەبیەکەی یان ئەو عێڕاقەی نوری مالیکی کە بە زەبری هێز و بە پاڵپشتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بیکاتە وڵاتی زۆرینەی سیاسی و کۆتایی بەو دەستوورە بهێندرێ کە بە قسەی ئەو لە ژێر سێبەری داگیرکەر نووسراوە،ئەزموونی زیاتر لە هەشتا ساڵی حوکمی مەزهەبێک بەسەر عێڕاق دووبارە بکاتەوە.

ئەو عێڕاقەی لە بەغداوە و بەناوی سەرۆک وەزیران و حکومەت بڕیارەکانی دەردەکات بەڵام کاریان پێناکات،یان ئەو عێڕاقەی لە پایتەختی راستەقینەکەی نەجەف لە ژێر فەرمانی مەرجەعیەتی شیعە و بە ڕێنمایی نوێنەری تایبەتی عەلی خامەنەئی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەدەچێ و فتوا دەردەکا و بڕیار دەدا و دەبێ جێبەجێش بکرێن،بۆ نمونە بە دوو سعات پەڕلەمان و حکومەت و هەموو حیزبەکانیان ناچار کرد فتوایەکی مەزهەبی بۆ دروستکردنی حەشدی شەعبی بکەنە یاسا و بڕیاری لەسەر بدەن.

عێڕاقێک دەربارەی ڕیفراندۆمی کوردستان ناتونێ بستێک لە زمانی هەڕەشە و ڕەتکردنەوە دووربکەوێتەوە ئەو زمانەی کە بەرهەمی عەقلیەتی شۆڤینی عەرەبیە و ئاراستەکەی بۆ شەقامی عەرەبی و میدیایە،هەر ئەو عێراق بوو تەنها بۆ شکست پێهێنانی شۆڕشی کوردستان شەتولعەرەبی دایە ئێران ئەمڕۆش بۆ ڕێگری کردن لە سەربەخۆیی کوردستان عێڕاقی هەڕاجکردووە و چاوەڕوانی موشتەریێکە تا بیداتێ و ڕەنگە تەنها ئێران کڕیار بێ.

ئەو عێراقەی شیعە بەناوی تۆڵەکردنەوەی خوێنی حوسین دەیانەوێ سەروەری بۆ بگێڕنەوە بە کوشتنی سونە و وێرانکردنی شارەکانیان و ئاوارەکردنی ژن و منداڵیان یان ئەو عێڕاقەی سونە هێشتا تێیدا خەون بە رۆژگاری سەدام دەبینن و جارێک لە رۆحی قاعیدە و جارێکی دیکە لە جەستەی داعش دەیژیێنەوە و تا بتوانن شیعە بکوژن و ژنەکانیان بە کەنیزە ببەن و تەنانەت دەست لە گۆڕی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیبی خەلیفەی موسڵمانان و ئامۆزای پێغەمبەر نەپارێزن.

عێڕاقی قەیس خزعەل کە پێش عەبادی بڕیاری ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم دەدا یان عێڕاقی ئەبوعیزڕائیل و حیزب اللە کە هەڕەشەی دووبارەکردنەوەی تاوانەکانی داعش لە کورد دەکەنەوە نەک لە بەر ئەوەی داوای سەربەخۆیی دەکەین بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی چیتر بە کوردستان ناڵێین شیمال عیڕاق،یان عێڕاقەکەی کە جوانترین بیرەوەریان لەگەڵ کوردستانیان لە سەت ساڵی رابردوودا ئەنفال و هەلەبجە و تەعریب و تەهجیر بووە لە دواین دەرفەتیشیاندا هەموو ئەوانەیان لە جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی دووبارە کردەوە.

بۆیە تێناگەم خەڵکی کوردستان لەگەڵ کامە عێڕاق بمێنێتەوە و دانوستان بکا و جارێکی دیکە هەوڵ بۆ لەیەکتێگەیشتن بدەن! ئەو داوایەی بەشێک لە وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەلی کوردستانی دەکەن پێویستە پێچەوانە بکرێتەوە و لە عێڕاقی بکەن تا ئەگەر بۆ جارێکیش بێ لە عەقلیەتی خۆزاڵکردن و شۆڤینی دووربکەونەوە تا لە کورد و خەڵکی کوردستان تێبگەن.

عێڕاقێک کە دەوڵەتە بەبێ گەڕانەوە بۆ رای گەل بەبێ ڕیفراندۆم و دەنگدانی پەڕلەمان سەرکردەکانی بڕیاریان داوە بیکەنە هەرێمێک لە ئێران یان کوردستانێک کە هەرێمێکی فیدڕاڵە و دەیەوێ بۆ گەل بگەڕێتەوە تا بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن،بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کامەیان شایەنی ڕێزگرتن و پاڵپشتی کردنە ؟


PM:02:38:22/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 2030 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی