ئیمزای رۆزنەفت ئیمزای سەربەخۆیی

‌ ئاسۆ حاجی

رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رۆزنەفتی ڕوسی کە کۆمپانیای کڕملینە و راستەوخۆ بە ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی روسیا گرێدراوە بە تەرخانکردنی یەک ملیار دۆلار بۆ ڕاکێشانی بۆڕی گواستنەوەی گازی سروشتی لە کوردستانەوە بۆ بەندەرەکانی تورکیا و گەیاندنی بەبازاڕەکانی جیهان لە مانایێک زیاتری هەیە بە تایبەتی لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت کە تەنها چەند رۆژێکی ماوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

ڕوسیا کە پێشتریش لە سەرزاری وەزیری دەرەوەی هەڵوێستی دەربارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستان ڕاگەیاندووە و بە گوزارشتکردنی خواستی گەلی کوردستانیان داناوە و بەهیچ جۆرێکیش دژایەتی یان تێبینیان لە بەرامبەر ئەنجامدانی دەرنەبڕیوە،بەڵکو هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونە لە دەربازکردنی قەیرانی دارایی لە ڕێگای هاندانی کۆمپانیا روسیەکان بۆ وەبەرهێنان کردن لە کوردستاندا،لەوەش گرنگتر ڕۆلی ڕوسیا لە کۆتایی هێنان بە کێشەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیای دانا غازی ئیماڕاتی یەکلایی کەرەوە بوو بەشێوەیەک حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو دۆخە داراییە ناهەموارە دینارێکی لە گەنجینەکەی نەڕواتە دەرەوە.

روسیا کە یاریکەری هەرە سەرکی گەمە سیاسی و ئابوریەکانی دونیایە بە هەوەنتە بڕیار لە سەر پڕۆژەیەکی وا گەورە و ستراتیژی نادات کە جگە لە خۆی لە ڕێگای تورکیاوە ئەوروپا و جیهانیش بە کوردستانەوە گرێ دەدا،ئەوەش بۆ کردنەوەی کۆدێکی گرنگتر دەبات کە ڕاکێشانی بۆڕی گازی سروشتی لە تەک بۆڕی نەوت بە خاكی تورکیا تا بە بازاڕەکانی جیهان دەگات ڕێکەوتنێکی گەورەتر و هەمەلایەنتری لە پشتەوەیە کە تورکیا و وڵاتانی ئەوڕوپی بەشێکن لەو ڕێکەوتنە.

ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکە لەو رۆژەدا لە مانا ئابوریەکەی زیاتر مانایەکی سیاسی گەورەی لە پشتە کە ڕاگەیاندنی هەڵوێستی ڕوسیا و وڵاتانی دیکەیە لە بەرامبەر هەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان کە بەڕیفراندۆم و لە رۆژی 25 ئەیلول بە کرداری دەست پێدەکات لە هەمان کاتدا ڕەواندنەوەی ئەو دوو دڵیەیە کە ماکینەی میدیایی وڵاتانی دژ بە خواستی سەربەخۆیی کوردستان و میدیا ناوخۆیە وابەستەکان پێیانەوە دروستیان کردووە.

پێگەی بەهێزی کوردستان لە سەر نەخشەی وزەی جیهانی پێگە سیاسیەکەی بەهێزکردووە و قسەی بە ڕوونی لە دونیا و لە ناوەندەکانی بڕیار دەبیسترێ ئەوەش بۆ سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ دەگڕێتەوە کە بە دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت گەیشتە قۆناغی سەرکەوتن و ئەوەش هۆکار بوو کە حکومەتی بەغدا و بە هاندانی ئیقلیمی بۆ شکست پێهێنانی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ پەنایان بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان برد و کوردستانیان بۆ ماوەیێک توشی بارێکی ناهەموارکرد بەڵام ئێستا بەهۆی تۆکمەیی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ سیاسەتی بەغدا تێکشکێندرا و کوردستان وا بەرەو سەربەخۆیی دەڕوا و یادەوەریە ناخۆشەکانی قەیرانی دارایی لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێ.


AM:08:59:19/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 1902 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی