شەڕەکە لە بەغدا بوو، بۆ دەیهێننەوە هەولێر ؟

‌ ئاسۆ حاجی

هەندێک کەسی قیچکە تەنگ و عەقڵ قوندە دەرفەتیان لە قسەکانی یەلدرم وەرگرتووە و لەوێوە جارێکی دیکە هێرش دەکەنەوە سەر پێگە و کەسایەتی مەعنەوی هەرێمی کوردستان و لە شکۆیەکەی کەم دەکەنەوە تەنها لە بەر ئەوەی هەولێر رۆژانە دەستە خوشکی دیکەی بۆ زیاد دەبێ لە سەردانی کردنی گەورە بەرپرسانی دونیا.

لە جیاتی ئەوەی قسەکانی یەلدرم بکرێنە بەهانە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و داوای لێبکرێ رێگری لەو قسانە بکات، دەبوایە داواکە ئاراستەی پەکەکە بکرێ کە شەنگال چۆڵ بکات و نەبێتە هۆکاری ئەوەی تورکیا بە کەڵەگایی هێز بێنێ و رەنگە وەک هەندێک پێشبینی دەکەن چیای شەنگالیش داگیر بکات، دەبوایە پەکەکە کە ئاشکرا بوو هۆکاری جینۆسایدکردنی خەڵکی گووندی کۆچۆیە چی دیکە موعاناتی ئێزیدیان زۆرتر نەکات و رۆژانە گەنجەکانیان تیرۆر نەکەن و ڕیگە بدەن خەڵکەکە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆیان.

دەم هەراشەکانی زادەی میدیای کەسک ئەگەر ئەوەندە بە جورئەتن دەبوایە ئەو رەخنەیە لە حکومەتی بەغدا بگرن و لەوێوە پەڕلەمانتارە سوپەڕ عیڕاقیەکانیان وەدەنگ هاتبان لە بەرامبەر ئەو رێکەوتنە نۆ خاڵیەی لە نێوانی عێڕاق و تورکیا ئیمزا کرا کە بە ڕوونی و ئاشکرا ئەوەی تێدا هاتووە کە پەکەکە نەک تەنها شەنگال دەبێ قەندیلش چۆل بکا، واتا رێگا بە سوپا تورکیا دەدا نەک چیای شەنگال بەڵکو چیای قەندیلیش داگیر بکات، باشە ئێوە و پەڕلەمانتارەکانتان نەبوون دەتانگووت لە بەغدا شتەکان یەکلا دەکەینەوە و بەغدا مەرجەعیەتی ئێمەیە ! دە فەرموون بتوانن تەنها گازەندەیەک لە ئاغاکانتان بکەن لە بەغدا.

پاشان یەلدرم نە یەکەم کەسە و نە دوا کەس کە ئەو داوایە بکات کە پەکەکە لە شەنگال بکشێتەوە، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاش ئەو داوایەیان هەیە و ئەمەریکا رۆژانە  و بە ڕوون و ئاشکرا دەڵێ پەکەکە تیرۆرستە و ئەوانەی بە پەکەکەشەوە گرێدراون تیرۆرستن، فەرموون ئەوە کۆنسلخانەی ئەمریکا لە هەولێرە و ئەوە باڵیۆزیشیان لە بەغدایە سکاڵایەکی ناڕەزاییان بدەنێ و بڵێن ئێوە تیرۆرستن چوونکە بە پەکەکە دەڵێن تیرۆرست.

خۆ گیڤکردنەوە و فڕێدانی قسەی قەبە بە هەموو کەس دەکرێ بەڵام تێگەیشتن لە قسەکان و کارکردن بۆ چارەسەری کێشەکان لە رێگای عەقڵ ئەوە پیاوی خۆی دەوێ کە بێگومانی دەم هەراشەکان لەو تەرزە پیاوانە نین.

                                          


PM:01:07:09/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 14199 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی