بارزانی باجی چی دەدات؟

‌ ئاسۆ حاجی


كاردانەوەكانی سەردانەكەی ئۆلاند چاوەڕوان كراو بوون بە تایبەیش كە نارەحەتیەكی زۆری لە سەر ئاستی ئیقلیمی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەوەش بە تەواوی لە سەردانەكەی نوری مالیكی بۆ ئێران ڕەنگی دایەوە كە بە هۆ و بێ هۆ هێرشی دەكردە سەر هەرێمی كوردستان و سەرۆكەكەی و هەمان هەڵوێست و نارەحەتی و هەناسە تەنگیش بەو قەڵەمانەوە دیار بوون كە لە میدیای سلێمانیەوە هاواریان لێ هەستا و لە دەنگی ئارپێچیەكانی چەمچەماڵ خۆیان بەتاڵ كردەوە.

ئەو قەڵەمانەی بەر لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هێرشیان كردە سەر سەرۆكی فەڕەنسا و بە ڕۆڵەیەكی بیژی (زۆلی) شۆڕشی فەڕەنسایان لەقەڵەمدا لەوە دەچێ سمێڵەبابڕیەكەیان مەودای بینینی و هێز و بوونیان لە قاف و بادانی سمێڵەكانیان كورت كردبنەوە، ئەوانەی سەردانەكەیان لە بە حزبیكردنی دبلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان و تەنانەت خۆفرۆشتنی ئۆلاند وەك دەیان كەسایەتی سیاسی دنیا بە پارتی پێناسە كرد ڕەنگە ئەوان تەنیا ئەو گووتارانەیان بۆ ڕەوانەكرابێ كە لە بەشێكی میدیای عەرەبی و زۆرینەی میدیای ئێرانی بڵاوكرانەوە و ئەوان تەنها ڕۆح و ئامانجەكەیان بۆ زمانی كوردی وەڕگێڕابێ، بەڵام بەرهەمهێنەرانی بیرۆكەی گوتارەكان و هەڵبژاردنی دەستەواژەكان دەزانن كوێیان دێشێ و ئێستا لەوە تێگەیشتن كە چەند لە ناوخۆی هەرێم و لە ڕێگای بەغدا كێشە بۆ هەرێم دروست بكەن و هەوڵبدەن كە دامەزراوە و كەسایەتی مەعنەوی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبار یەك هەڵوەشێنن ئەوە پاڵپشتی نێودەوڵەتی زیاد دەبێ و پێگەی هەرێمیش بەهێزتر دەبێ چونكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەزانێ هەوڵی تێكدان و جارێكی دیكە بندەست كردنەوەی گەلی هەرێمی كوردستان لە كوێوە دێ.
 چونكە بەرهەم و بەر ئەنجامەكەی لە یەمەن و بەحرێن و عێڕاق و سوریا و لوبنان دەبینن.

‎بۆ ئەوانەش كە بەوە هەوڵی بێ بایەخكردنی سەردانەكەی ئۆلاندیان دا كە تەنها سێ مانگی لە سەرۆكایەتی ماوە، دەبێ بزانن بەر لە ئۆلاند ساركۆزی لە كۆشكی ئەلیزێ پیشوازی لە بارزانی كرد و لە پەڕلەمانی فەڕەنسا جینۆسایدی گەلی كورد بە ڕەسمی ناسێندراوە و هاریكاریە سەربازی و سیاسیەكان لەوێوە دەنگیان لەسەر دراوە و كاندیدەكانی سەرۆكایەتیش بە هەردوو بەرەی چەپ و ڕاست دوو دۆستی نزیكی كورد و بارزانین و ئەگەر لە ئۆلاند نزیكتر نەبن بێگومان وەك ئەو دەبن.

‎دوور لە فەڕەنسا، بەڵام هەر لە ئەوروپا سەردانیكردنی سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا بڕوا ناكەم بتواندرێ لەو تێڕوانینە تەنگە كوورت بكرێتەوە بە تایبەتیش كە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كە هێشتا لەگەڵ سەرۆكەكەی پێیان نەناوەتە ناو كۆشكی سپی زیاتر لە جارێك پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە و هەندێك زانیاری ئەوەش دەڵێن كە تڕامپ خۆشی زیاتر لە چل دەقیقە لەگەڵ بارزانی ئاخافتووە .

 ‎بارزانی كە ئێستا باجی بەباشی جێبەجێكردنی ئەركی ئاسایی خۆی دەدات وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە سوێندی بۆ خواردووە دڵنیام ویژدانی ئاسودەیە.


PM:03:54:04/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 7324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی