فۆبیای پارتی

‌ ئاسۆ حاجی


بەبێ ئەوەی پارتی ڕایبگەینێ یان خۆی پێهەڵکێشێ نەیارەکانی لە ناوەوەی کوردستان و دەرەوەش بە خاوەندارێتی کردن لە بیری نەتەوەیی و نشتیمانی و پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەیناسێنن، دوژمنان کە هێزە دەرەکیەکانن و رۆژانە لێدوان لە دژی کورد و لە ڕوبەڕوبوونەوەی کارنامەکانی پارتی دژایەتی هەموو شتێکی باش بۆ کوردستان وەک نشتیمان و بۆ کورد وەک نەتەوە دەکەن،لە ناوخۆش هێزە نەیارەکان لە ڕێگای درێژەدان بە شێواندنی مێژوو و رووداوەکان بە تەرجومەکردنەوەی هەموو ئەو شتانەی دوژمنان لە ڕیگای پارتیەوە بە گەلی کوردستانی دەڵێن، لێرەدا هەردوولا دوژمنان و نەیارانی پارتی لە خاڵێکدا یەک دەگرنەوە کە پێی دەگووترێت ' فۆبیای پارتی '.

ترسان لە پارتی مێژووێکی درێژی هەیە و تێگەیشتن لێی زەحمەت نیە بە تایبەتیش کە کەسایەتیەکی وەک بارزانی نەمر بۆ زیاتر لە پەنجا ساڵ سەرۆکایەتی کرد، جارێکیان لە رۆژنامەنووسی فەڕەنسی فڕانسوا لۆڤام پرسی کە دۆستی زۆربەی سیاسیەکانی کوردە و لە سەردەمانی شۆڕشی ئەیلول زۆر لە موقەدەم کافی و مام جەلال و مام هەژار نزیک بووە، جیاوازی پارتی و ئەوانەی دیکە چیە؟ تۆ دۆستی هەمووان بووی بەڵام بۆ بەردەوام لە پارتیی نزیکتری؟ گووتی جیاوازی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە وەک جیاوازی مەلا مستەفایە لەگەڵ سەرکردەکانی دیکە، گووتم چۆن ؟ 

گووتی:" زۆر بە سادەیی با پیت بڵێم، ئەوانەی دیکە مێژوو دروستی کردوون، بەڵام مەلا مستەفا مێژووی بۆ ئەو میللەتە دروست کردووە"، ئێستا کە دەبینم زۆرترین و توندترین دوژمنایەتی لەگەڵ پارتی دەکرێ لەلایەن دوژمنانی کوردستان و لە ناوخۆی کوردستانیش ڕکابەریەکان خەریکە نەیارەکانی پارتی لە دۆخی ململانێی سیاسی جارێکی دیکە بگوازنەوە دۆخی دوژمنایەتی کردن و پشت شکاندن، کە مەترسی ئەوەی دووەمیان لە ئەوەی یەکەمیان زۆرترە چوونکە مێژوو ئەوەی سەلماند کە نە پارتی و نە گەلی کوردستان بە شەڕی دوژمنان لاوازنابن، بەڵام خیانەت و خەنجەری غەدری براکان هەموو جارێک ئەگەر هیواکانیشیان نەکوشتبێ ئەوە گەنگاوەکانی گەیشتن بە ئامانجەکان سست کردۆتەوە وەک ئەوەی ئێستا دەیکەن لە بەرامبەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان کە بە ڕای من بۆ قۆناغێکی دیکە توانیان دوای بخەن و بەڵام بێگومان ناتوانن بیوەستێنن.


PM:04:42:14/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 9774 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی