نێچیرڤان بارزانی چی بۆ دەمیرتاش دەکا؟

‌ ئاسۆ حاجی


ئەگەر پرسە ئابووری و سیاسیەکان هەموو جارێ ناونیشانی هەرە دیاری سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی بێت بۆ تورکیا ئەوە ئەمجارەیان پرسێکی دیکەی گرنگ کە ڕەنگە نیو کارنامەکەی داگیرکردبێت دەبێتە ناونیشانی سەردانەکەی، ئەویش پرسی پرۆسەی ئاشتی و چۆنیەتی بۆژانەوەی پرسی چارەسەرییە کە بەر لەشەش ساڵ و بەهەوڵ و ماندووبوونی زۆری نێچیرڤان بارزانی لەنێوان دەوڵەتی تورکیاو پارتی کرێکارانی کوردستان دەستیپێکرد.

ئەوجارەیان کە لەوە دەچێ ئەمەریکاش قسەیەکی خێری لەو بابەتەوە کردبێ و بە تایبەتیش کە چاوەڕوان دەکرێ ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی وەک لە سەر زاری سەرۆکی هەڵبژێردراو تڕامپ داهاتووە لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کەئەو هەوڵی جدی دەدا حکومەتی تورکیاو کوردەکان لە سەر مێزێک کۆبکاتەوە، ئەو ئاماژانە چرای هیواکان گەشتر دەکەنەوە لەناو ئەو رەشبینیەی کە بەهۆی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکەکانی هەدەپەو سەرۆک شارەوانیەکان‌و سەرکردەکانی ئەو حزبە دروست بووە.

هەوڵدان بۆ ئازادکردنی ئەو سەرکردانە لەچوارچێوەی باسکردنی پرۆسەی ئاشتی دووپاتکردنەوەی سیاسەتی هەرێمی کوردستانە کە زیاتر لەجارێک لەسەر زاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی راگەیەندراوە کە تاکە رێگای چارەسەرکردنی کێشەکان هەرچەند گەورە و قوڵ بن رێگای ئاشتیە، بۆیە نێچیرڤان بارزانی بۆ سازاندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ دەستپیکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی دەبێ حکومەتی تورکیا هانبدا بۆ ئەوەی ئەو سەرکردانەی کە نوێنەرایەتی هێلی بزاڤی مەدەنیان دەکەن لە ناو گەلی کوردستان لە باکوور دەبێ بگەڕێنەوە مەیدان و رۆڵیان هەبێت لە دەستپیکردنەوەی پرۆسەکە.

تورکیا کە لەدوای هەڵبژاردنەکان کارو پلانەکەی قەندیلی تەواو کرد بە لاتەریککردنی باڵی بزاڤی مەدەنی کە سەرکردەکانی هەدەپەو ئەو پارتانەی دیکەی بوونی هەیە لەباکووری کوردستان نوێنەرایەتی دەکەن، بەوەش هەم پەکەکەو هەم تورکیا وەک ئەوەی کەپێکەوە پلانەکەیان دارشتبێ بۆ لەناوبردنی هەوڵی ئاشتی و هەڵگیساندنەوەی شەڕ لەباکوورو گەڕاندنەوەی دۆخی خەڵک‌و ئاواییەکان بۆ سی ساڵ بەر لە ئێستا کە باکووری کوردستان بریتی بوو لە سەربازگەیەکی گەورەی سوپای تورک و بە ژێر حوکمی سەربازی دەژیا.

ئەرک‌و کاری نێچیرڤان بارزانی ئەو جارەیان زۆر ئاسان نیە، بەڵام نەکردەس نیە بە تایبەتیش بە هەبوونی ئەمەریکا لەناو هاوکێشەکە، هەروەها پیویستی تورکیا بەجۆرێکی دیکەی لێک تێگەیشتن لە سەر ئاستی و هەرێمی و نێودەولەتی کە لەناو ئەو هەموو گرژیانەی دەربهێنێ و لە جیاتی بیر لە حەلەب و مەنبج و دوورتر بکاتەوە ئەوە تەماشایەکی دیاربەکرد بکات و رێگایەک بۆ دەربازکردنی ئاشتی بەو سارە بدۆزیتەوە.


AM:11:01:24/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 8352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی