ئەلتەرناتیفی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان

‌شوان داودی

ماوەیەکە گفتوگۆ لە نێوان بەرگری عێراق و پێشمەرگەی هەرێم هەیە بۆ پێکهێنانی چەند ناوەندێکی هەماهەنگی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنی و عەسکەریانەی کە لە غیابی پێشمەرگە لەو ناوچانە دروست بووە و لە لایەن داعشەوە سودی لێ وەردەگیرێ بۆ دەستوەشاندن لە هێزە عێراقیەکان و دروستکردنی نائارامی لەو ناوچانە ، ئەمەش مشتومڕی زۆری لێکەوتۆتەوە لای پێکهاتەکانی تر، بە هەموو شێوەیەک گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە رەت دەکەنەوە و پێیان وایە دەبێتە هۆی پشێوی زیاتر.

لە رووی ئابوورییەوە هێز و میلیشیا شیعەکان دوای بەغدا ئەم ناوچانەیان بە گشتی و کەرکوکیان بەتایبەتی کردۆتە هێڵی دووەمی ئابوری خۆیان وپشتنێنەیەکی بە هێزیان دروست کردوە و دەستیان لە کۆی چالاکیە ئابوورییەکانی شارەکە هەیە بەتایبەت لە بواری نەوتدا ، ئەمەش بۆ کۆمپانیای bp بۆتە مایەی دوودڵی لە گەڕانەوەیان بۆ کۆمپانیای نەوتی باکور کە بەتەمان بگەڕێنەوە بۆیە بەریتانیەکان بە گەرمی لەسەر خەتن ، بۆ ئەمریکەکانش مایەی قەبوڵکردن نیە و کار بۆ وشک کردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئەو هێزانە دەکەن و دوورخستنەوەی ئەو میلیشایانە لەم ناوچانە بەگشتی و لە کەرکوک بە تایبەتی بۆتە بڕیار لایان.

لەبواری سیاسیش بۆ پێشهاتە تازەکان چی ئەمریکیەکان و چی حکومەتی عێراق گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی لەوە زیاتر نابێ کورد لە کەرکوک پەراوێز بخرێت کە زۆرینەی شارەکەیە و بە هەر شێوازێک بێت دەبێت هاوسەنگی بگەڕێتەوەو پێگەی کورد پارێزراو بێت ، لەهەمان کاتدا هەم حکومەتی عێراق ناتوانێ بڕیاری گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەم ناوچانە بدات هەم ئەمریکیەکانش قەبوڵیان نیە پێشمەرگە بگەڕێتەوە لەبەر ئەوەی پێکهاتەکانی تر رازی نابن.

حکومەتی کازمی کە لە لایەن ئەمریکیەکانەوە پشتوانی دەکرێ و لە ڕێیی شەش راوێژکارەوە ڕێنمایی دەکرێت سورن لەسەر هێنانە کایەی گۆرانکاری گەورە لە عێراق و گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ دروستکرنی سەقامگیری سەربازی و ئابوری وسیاسی بۆ ئەم مەبەستە گۆڕانکاری لە جۆری هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراقدا دەکرێ ، بۆ ئەم ناوچانەش بیر لە ئەلتەرناتیفی پێشمەرگە دەکەنەوە بەشێوەیەک بتوانن هاوسەنگی نێوان هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە و شاری کەرکوکیش ڕابگرن.

بەم خێراییەش و لەم قەیرانی داراییەدا حکومەتی عێراق ناتوانێ هێزێکی نوێی هاوبەش لە نێوان پێکهاتەکانی شارەکە دروست بکات کە داوایەکی کۆن و تازەی پێکهاتەکانە لە کەرکوک، بۆیە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە بیر لە گواستنەوەی هەردوو لیواکەی سەرۆکایەتی کۆمار بکەنەوە کە لە سەردەمی مالکیدا دامەزراون سەربە وەزارەتی بەرگری عێراقن و ئاسایشی بەشێک لە ناوچەکانی بەغدایان پێ سپێردراوە بۆ ئەوەی مەلەفی ئەمنی کەرکوک بدرێتە دەست ئەو هێزانە کە پێکهاتەکەی تێکەڵەیە لە هەموو پێکهاتەکان و تاڕادەیەکی باش هاوسەنگی تێدایە و زۆربەیان خەڵکی ئەو ناوچانەن ، ئەمە لەم کاتەدا ڕەنگە باشترین بژاردە بێت ئەگەر لایەنێکی کوردی بە هۆکاری حزبی ئاستەنگ دروست نەکات یان سەرۆکایەتی کۆمار ڕێگا نەدات.


PM:02:32:10/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 1516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی