یەکێتی لەماوەی 30 رۆژی تردا چی دەکات؟

‌شوان داودی

دوای بریارەکەی حکومەت لە کەم کردنەوەی موچە و کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سەری و بەیاننامەکەی نیوەشەوەی بۆ پشتوانی بڕیارەکەی حکومەت و دواتر تویتەکەی شێخ لاهور هاوسەرۆکی یەکێتی لەو بارەیەوە کە دواهەڵوێستی یەکێتی لەسەر ئەو بابەتە گەڕانەوە بۆ کۆبونەوەی سەرکردایەتی، بەمەش هەموو ئومێدەکان بۆ ڕێگری کردن لەو بڕیارەی حکومەت کەوتە کۆبونەوەی 28ی حوزەیرانی سەرکردایەتی یەکێتی.

قەڵاچوالان بۆ یەکێتی واتا و دەلالەتی خۆی هەیە، کۆبونەوە چارەنوسسازەکەی سەرکردایەتی لە قەڵاچوالان ئەنجام درا، بەڵام بێ ئەوەی هیچ راگەینراوێکی لێوە دەربچێ، دوابەدوای کۆبونەوەکەش جووڵەیەکی زۆر و خێرای سیاسی و دیپلۆماتی یەکێتی دەستی پێکرد کە بۆتە جێی پرسیاری زۆر لە لایەن کۆمەڵانی خەڵک و چاودێران و پێکهاتە سیاسیەکانەوە ئایا یەکێتی بە تەمای چیە؟

کە کۆبونەوەکە ڕاگەینراوی نەبوو، مەرج نیە بەرهەمی نەبووبێ ،وهەر بڕیارێکی چارەنوسسازیش کە پەیوەست بوو بە ژیان و گوزرانی کۆمەڵانی خەڵکەوە بەرپرسیارتیەکی گەورەیە ، مەرج نیە بەیەک کۆبونەوە بڕیاری لێ بدرێت و لە میدیاوە جاری بۆ بدرێت، بریاری لەو جۆرە پێویستی بە بەرچاوروونی زیاتر وراوێژی زۆرتر هەیە بەتایبەت لە گەڵ لایەنە سیاسیەکانی تر.

دژایەتی کردن یان قەبوڵ نەکردنی هەر بڕیارێک کە رەهەندی سیاسی ئیداری و دارایی هەبێت تەنها بە گوتار ناکرێت و پێویستت بەوە هەیە پرۆژەی ئەلتەرناتیفت هەبێ و خەڵک و لایەنەکانی تریش قەناعەتیان بەو ئەلتەرناتیفە هەبێت و هاوبەش بن لەو بڕیارەدا بۆ ئەوەی تیایدا سەرکەوتوو بیت.

ئاشکرایە ئەزمونی هەرێم و دەسەڵاتەکەی لە کۆمەڵێ قەیرانی قوڵدایە ، قەیرانش دەستپێکە بۆ گۆڕانکاری چەند قەیرانەکان قوڵ بن گۆڕانکاری گەورە بەدوای خۆیاندا دێنن، یەکێتیش بڕیاری ئەوەی داوە کە کار بکات بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی دێنە کایەوە لە ئەنجامی ئەو قەیرانانە لە بەرژەوەندی پتەو کردنی قەوارەی سیاسی هەرێم لە شێوازێکی نوێی حوکمڕانی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بێت، بۆ ئەمەش بڕیاری ئەوەی داوە کە نەچێتە ژێر باری هەر بڕیارێک کە دەسکەوتی بۆ خەڵک تیا نەبێ، بۆ گەیشتن بە بریاری یەکلاکەرەوە و دەستەبەرکردنی پرۆژەی ئەلتەرناتیف، یەکێتی 30 ڕۆژ دەرفەتی بە خۆی داوە، بەو شێوەیە بریاری پێویست وەردەگیرێ ئەوجا ئەگەر پارتی هاتە ژێر بار ئەوە یەکێتیش ئامادەیە لە گەڵیدا بەرپرسیارێتی هەڵگرێ بە پێچەوانەوە هەموو ئەگەرەکان لە پێشدا کراوەن.


PM:06:06:30/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 4176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی