سوپاس بۆ سەرۆکی هەرێم و راوێژکارەکەی

‌شوان داودی

ڕۆژی چوارشەممە 2019/11/6 وتارێکم لە ئەکاونتی خۆم لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و چەند گروپێکی واتسئاپ بە سەردێڕی (جەنابی سەرۆکی هەرێم ، پرسیارەکەم دەرفەتی تر هەڵناگرێ!) بڵاو کرەوە .

پرسیارێکم تیایدا ئاراستەی سەرۆکی هەرێم کردبوو سەبارەت بەوەی کە بەرێزیان وەک کەسی یەکەم لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا بەرپرسیارن بەرامبەر بە خاک و خەڵکی کوردانی دەروەی هەرێمی کوردستان لە ناوچە کێشە لە سەرەکان، یاخود بە تەنها بەرپرسیارن لە هەرێمی کوردستان؟ .

دیارە بەرێز دڵشاد شەهاب راوێژکاری سەرۆکی هەرێم ، وتارەکەی بەندەی لە گروپی( پەنجەرە) خوێندۆتەوە و بە بەڕێزیانی گەیاندووە .

ڕۆژی پێنج شەممە 2019/11/7  لە لایەن بەڕێز دڵشاد شەهاب ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمەوە بەتەلەفۆن  پەیوەندیم لە گەڵ کراو و پەیامی سەۆک و وەڵامی پرسیارەکەی کەلە وتاری ئاماژە پێ دراودا وراژندبووم پێ گەیاندم ، بەوەی کە خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خاک و خەڵکی ناوچە کێشە لەسەرەکان و مەبەستیان لەوەی کە ئاماژەیان پێ دابوو لە دیبەیتەکەی مێری کە تەنها بەرپرسیارن بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، مەبەستیان دەست وەرنەدانە لە پارچەکانی تری کوردستان لە باکور و رۆژئاواو ڕۆژهەڵات ، نەک ناوچە کیشە لەسەرەکان.

من سوپاسی بەڕێزیان و سوپاسی کاک دڵشاد دەکەم کە بە تەنگەوە بوون بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارەکە ، ئەمە خۆی لە خۆیدا ئاکارێکی بەرز و جوانە و هیوادارم ببێتە نەریت بۆ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارە گرنگانەی کە لە شەقامی کوردیدا ڕۆژانە دەوروژێنرێت سەبارەت بە پرسە چارەنوس سازەکانمان ، لەهەمان کاتدا پێم باشبوو لەم وتارەدا وەڵامەکەی بەڕێزیان وەک وەڵامی وتاری پێشوم بڵاو بکەمەوە بۆ ئەوەی خوێنەری بەڕێزی پێ ئاشنا بکەم چونکە پرسیارەکەی من تایبەت نەبوو بە خۆم ،پرسیارێکی گشتی بوو دبوایە وەڵامەکەی بەڕێزیان بۆ من نەبێ و گشتی بێت بۆیە بەپێوستم زانی لێرەدا ئەو وەڵامەی بەرێزیان بدەمە خۆێنەر.

ئەمەش بە دەرفەت دەزانم  لێرەوە ئەوە بە بەرێزیان رابگەینم کە کوردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان بریتی نین لەو بەرپرس و  کادرانەی حزبە کوردستانیەکان ئەوانەی کە دەنگیان دەگاتە سەروەو  بەردوەام بۆ خۆ بردنە پێش بەهار دێننە ئەژنۆ .

کوردانی ئەو ناوچانە پێشمەرگەی پاراستنی سنوری جوگرافیای باشوری کوردستانن و مانەویان لەو سنورانە سەرباری ئەو دۆخانەی بەسەریاندا هێنراوە
لوتکەی بەرگری شەرف مەندانەی نەتەوەییە ،
بەڵام بەداخەوە لەو پەڕی بێ ئومێدیدان بەرامبەر حزبە کوردستانیەکان و سەرکردایەتی سیاسی حزبەکان و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کە لەسەر نارەحەتی و نەهامەتیەکانی ئەوان تا ئەم چرکەساتە یاری بەرژەوەندی دەکەن ، خەڵک هۆشیارە نێوان دێڕەکان دەخۆێننەوە دەزانن چی دەگوزەرێت .

لە کۆتایدا هەر ئەوەندە دەڵێم سوپاستان دەکەم و خۆشحاڵبووم بەوەڵامەکەتان کە تا ئێستا خۆتان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خاک و خەڵکی ئەم ناوچانە، هیواخوازم لە ئاستی ئەو پەرپرسیارێتیە گەورەیەدا بن 


AM:10:13:08/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 3844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی