هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بۆ؟

‌شوان داودی

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زۆرترین قسە لەسەر پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بینای دامودەزگا فەرمییەكانی دەوڵەت هاوشانی ئاڵای عێراق كراوە، دیارە پرسی كەركوك پرسێكی هەڵپەسێردراوی چارەسەرنەكراوە لە عێراق و بەردەوام هەوڵی دواخستنی دەدرێت.

دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و جارێكی تر بونیاتنانەوەی ئەم وڵاتە، مەرجی سەرەكی كورد لە بەشداریكردن لەو پرۆسەیە دواتر پرۆسەی نووسینەوەی دەستورو دەنگدان بە دەستور، چارەسەركردنی پرسی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی تری دەرەوەی هەرێمی كوردستان بووە لە یاسای قۆناغی گواستنەوە بە ماددەی (58)و دواتر جێگیركردنی لە دەستووری هەمیشەیی لە چوارچێوەی ماددەی (140)، بە مەرجی ئەوەی لەماوەی دوو ساڵدا بە سێ قۆناغ جێبەجێبكرێت.

حكومەتی عێراق بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست شكستیهێناو نەیتوانی نەك لەماوەی تەرخانكراو ، بەڵكو تا ئێستا كە دوازدە ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە جێبەجێی نەكردووە، لەگەڵ ئەوەی ماددەكەی جێبەجێنەكردووە كەركوك بەدەر لە پارێزگاكانی تری عێراق بە بیانووی پڕوپووچ و جیاواز لەسەرجەم مافە یاسایی و دەستووریەكان و لە سامانە سروشتییەكانی خۆیشی بێبەشبووە، تاقە پارێزگایە كەوتۆتە دەرەوەی سیستمی ئیداری عێراقەوە، چونكە تەنها لەو پارێزگایە بە یاساكانی سەردەمی پۆل بریمەر حاكمی ئەوسای مەدەنی ئەمریكا لە عێراق كاردەكرێت، پرسی كەركوك دەستێوەردانی زۆری تێداكراوە جگە لە ئەجێندا حیزبی و سیاسیەكانی ناوخۆی عێراق وڵاتانی دەوروبەریش رۆڵی خراپیان گێڕاوە لە یەكلانەكردنەوەی پرسی ئەو شارە، تەنانەت نەتەوە یەكگرتوەكانیش لە جیاتی چارەسەری دەستوری و كارئاسانی كردن بۆ جێبەجێكردنی دەستور، لە رێگەی دیمستۆراوە پرسەكەی هێندەی تر ئاڵۆزتر كردووە.

عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لە لایەن وڵاتە براوەكانی جەنگی یەكەمی جیهان لەسەر لاشەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و بە گوێرەی بەرژوەندییەكانی ئەو وڵاتانە دارێژراوەو بەپێی بەڵگەنامەكانی بەریتانیا دوای داگیركردنی عێراق لە ساڵی 1919 لە لایەن بەریتانیەكانەوە ئەنجومەنێك پێكهێنراوە بۆ كەركوك لە (12) ئەندام بەپێی رێژەی پێكهاتەكانی كە لە (6) كورد (3) توركمان (1)مەسیحی و (1) عەرەب و(1) جولەكە.

بەپێویستی دەزانم لێرەدا هەندێك ئامار سەبارەت بە كەركوك لە سەرەتای دروستكردنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئاماری ساڵی 1957 بخەمە بەردیدی خوێنەر، لە ساڵی 1925 تا ساڵی 1955 (20) پارێزگار بۆ كەركوك دانراوە كە هەر هەموویان لە نەتەوەی كورد بوونە، لەساڵی 1925 تا 1957 (15) هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە، كە یەكەمیان ساڵی 1925 بووە، كەركوك (4) نوێنەری هەبووە كە (3) لەو نوێنەرانە كورد بوونە، ئەوی تر توركمان بووە، لە ساڵانی 1928 و 1930 هەمان ئەنجامبووە، لە ساڵی 1933 (2) كورد (2) توركمان، ساڵی 1935 (3) كورد (1) توركمان و (1) جولەكە، لە ساڵی 1937 (4) كورد (1) توركمان (1) عەرەب، واتا عەرەبی كەركوك بۆ یەكەمجار ساڵی1937 یەك نوێنەری هەبووە لە پەرلەمانی عێراق.

لە كۆتایی ساڵی 1937 هەڵبژاردنێكی تر دەكرێت (3) كورد (2) توركمان (1) عەرەب، بۆ ساڵی 1939 (5) كورد (1) توركمان، ساڵی 1943 (3) كورد (1) توركمان، ساڵی 1946 (6) كورد (2) توركمان، ساڵی 1948 (5) كورد (2) توركمان (1) عەرەب، ساڵی 1953 (4) كورد (3) توركمان (1) عەرەب، ساڵی 1954 (4) كورد (4) توركمان ، ساڵی 1954 هەڵبژاردنی دووەم (4) كورد (4) توركمان دەبنە نوێنەری كەركوك لە پەرلەمانی عێراق.

ئەمە ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە هیچ كات توركمان زۆرینە نەبووە لە كەركوك، لە ساڵی 1958ـەوە تا ساڵی 2003 شاری كەركوك رووبەڕووی دڕندەترین و سامناكترین سیاسەتی تەعریب بۆتەوە لە لایەن هەموو حكومەتە یەك بەدوای یەكەكانی عێراقەوە، هەر لە دابڕاندنی چوار قەزای گەورەی وەك چەمچەماڵ و كلارو كفری و خورماتوو لێی و پەیوەستكردنیان بە سلێمانی و دیالەو سەڵاحەدینەوە كە بە مەرسوومی كۆماری و ئیمزای ئەحمەد حسەن بەكر ئەنجامدراون، دواتر راگواستنی هەزاران خێزان بۆ شارەكانی كوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق و گواستنەوەی هەزاران فەرمانبەری كورد لە كەركوكەوە بۆ ناوەراست و خوارووی عێراق و رووخاندن و كاولكردنی زیاتر لە (450) گوندی كوردی لە دەوروبەری كەركوك و دەستبەسەراگرتنی زەوی زاری كوردو توركمان بۆ حكومەت و دواتر بەخشینی لە رێگەی گرێبەستەوە بە عەرەبی هاوردە كە لە شارەكانی خواروو و ناوەراستەوە بە پێدانی ئیمتیازاتی پارەو زەوی و وەزیفە هێنرابوونە كەركوك بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی شارەكە لە كوردییەوە بۆ عەرەبی، دواتر ناولێنانی منداڵانی بە كوردی قەدەغەكردو بەشێكی زۆری لە تۆماری شارستانی كوردو توركمانی بۆ عەرەبی گۆڕی.

هەموو ئەو سیاسەتانە لەگەڵ رووخانی رژێمەكەی بەعسدا پووچبوونەوەو هەرچی دەركراوو دەربەدەرو راگواستراوەكانی كورد هەبوون بەلێشاو گەڕانەوە بۆ شارەكەیان، عەرەبە هاوردەكانیش ئەوانەی بە پارەو ئیمتیازاتەوە هێنرابوونە شارەكە بە هەمانشێوە بەپارە كۆچی پێچەوانەیان كردو شارەكەیان جێهێشت و خەڵكانێكی كەمیان نەبێ كە ماونەتەوە زۆربەیان گەڕانەوە شوێنەكانی خۆیان.

ئەم گەڕاندنەوەیەی كورد پێكهاتەكانی ترو تەنانەت لایەنە سیاسیەكانی عێراق و وڵاتانیشی تووشی شۆك كرد، لەو كاتەوە رۆژانە بیانوو دەهێننەوە بۆ بێبەشكردنی كەركوك لە مافە یاسایی و دەستووریەكان، گوایا كورد گۆڕینی دیموگرافی ئەنجامداوە، راستیەكەشی ئەوەیە كورد ئەو گۆڕانە دیموگرافییەی لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا ئەنجامدار بە ماوەیەكی كەم هەڵیوەشاندەوە، كە لە ساڵی 1955 تا ساڵی 2003 حكومەتەكانی عێراق (30) پارێزگاریان لە پێكهاتەی عەرەب لە مەدەنی و عەسكەری بۆ كەركوك دامەزراندووە.
بەردەوام پارووی دەمی منداڵی كورد و توركمانیان دەركردووەو كردوویانە بە دەمی عەرەبی هاوردەوەو بە ئێستاشەوە عەرەبی كەركوك ئامادەنین دەستبەرداری زەوی و زاری كوردو توركمان بن، لەو شارەدا تا ئێستا ئامادەنین بڕیارەكانی (مجلس قیادە الپورە) هەڵوەشێننەوە كە زەوی زاری لە كورد و توركمان وەرگرتووە بۆ عەرەبەكان لە پێناو بە عەرەبكردنی شارەكە.

لەگەڵ دەنگدان بە دەستووری عێراق ساڵی 2005 هەڵبژاردنێك بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كراوە كە لە (41) ئەندام پێكهاتووە (26)یان لە لیستی برایەتی كوردەكانەو (9) كەسیان توركمان و (6) عەرەب پێكهاتووە.

لە (3) هەڵبژاردندا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2005 (6) كورد و (4) عەرەب و (2) توركمان، لە ساڵی 2010 (6) كورد و (4) عەرەب و (2) توركمان و لە ساڵی 2014 (8) كورد (2) عەرەب (2) توركمان نوێنەرایەتی كەركوكیان كردووە.

دوای هاتنی داعش و داگیركردنی شاری موسڵ، سوپای عێراق شاری كەركوكی جێهێشت و بەشی عەرەبی پارێزگای كەركوك (ناوچەكانی حەویجەو عەباسی و رەشادو ریازو عەباسی) كەوتنە ژێر دەستی داعش و شاری كەركوك و داقوق و خورماتوش لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە پارێزراو هەموو پێكهاتەكان لە سایەی پێشمەرگەدا بە ئارامی لە كەركوكدا مانەوەو سەرباری ئەوەش كەركوك باوەشی بۆ زیاتر لە (650) هەزار ئاوارەی شارە عەرەبیەكانی موسڵ و دیالەو سەڵاحەدین و ئەنبار و حەویجەو دەوروبەری كردەوە، لە هەموو كایەكانی ژیان بوونە هاوبەشی شارەكەو (85) هەزار خوێندكاریان لە خوێندنكەكانی شارەكە دەوامیان دەكردو نزیكەی (25) هەزار خوێندكاری زانكۆكانی موسڵ و نەینەواو تكریت بە ماستۆكانیانەوە لە كەركوك درێژەیان بە پرۆسەی خوێندن دا، جگە لە هاوەبەشی كردنیان لە كارەباو ئاوو سووتەمەنی و خزمەتگوزاریەكانی تری شارەكە، سەرباری ئەمانە جارێكی تر هەوڵی ئەوەدەدرێت كەركوك بێبەشبكرێت تەنانەت لە مافی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكەی، لەكاتێكدا عێراق جارێكی تر بە گۆڕانكاری گەورەدا تێدەپەڕێ، بە تایبەت عێراقی دوای داعش بە عێراقی پێش داعش نابێت، بۆیە وەكو كەركوكیەكان بە گشتی و كوردی شارەكە بە تایبەتی بڕیاری ئەوەمان داوە كە نابێت دۆخی كەركوك بەو شێوازە چەقبەستووە بمێنێ و پێویستە چارەنووسی ئەو شارە یەكلاییبكرێتەوە.

بڕیاری پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا بەهەڵكردنی ئاڵای كوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگا فەرمیەكانی حكومەت هەنگاوێكە بەو ئاراستەیە، ئەم هەنگاوەش لەلایەن جەماوەری كەركوكەوە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە پێشوازی لێكراوەو ئەوانەی دژین ئەجێندای سیاسین نەك جەماوەری خودی شارەكە. جەماوەری عەرەبیش كێشەی ئاڵایان نییە چ ئاڵایەك بەسەر دامودەزگاكانەوەیە، بەڵكو كێشەیان ئەوەیە كەی لە ژیانی ئاوارەیی رزگاریان دەبێت و لە ژێر چادرگە تەلبەندكراوەكانەوە دەگەڕێنەوە سەر زێدو سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، جەماوەری توركمانیش ئەوەندە پێویستییان بە لابردنی ئەو زوڵمە هەیە كە لێیان كراوە و زەوی و زارەكانیان بۆ بگەڕێتەوەو ژیانیان پارێزراو بێت وەك چۆن پێشمەرگە لە داعش پاراستنی بەلایانەوە گرنگ نییە كێ شار بەڕێوەدەبات بەتایبەت لە بەرپرسەكانی خۆیان تووڕەن كە لە پێناو پۆستێكی بەغدا دەستبەرداری پۆستی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوون، هەر بۆیە بەرەی توركمانی لە دژی ئاڵای كوردستان داوای لە توركمان كرد بایكۆتی دەوام بكەن، توركمانەكان بایكۆتیان نەكرد .. دواتر داوای خۆ پیشاندانی كرد لە دژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، بەڵام شەقامی توركمانی هوشیار بە دەنگیانەوە نەچوون بە هەموویانەوە (300) كەسیان بۆ كۆنەكرایەوە!
بۆیە لێرەوە سڵاو بۆ جەماوەری توركمان و شەقامی توركمانی كەركوك كە سەلماندیان كەركوكیی رەسەنن و چیدی بە ئەجێندای دەرەكی فریو نادرێن و قوربانییەكانی پێشمەرگەیان لەبەرچاوگرت.

هەموو ئەو راستیانەی سەرەوە هۆكاری بڕیاردانە لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك، چونكە پرسی كەركوك پێویستی بە بەرەوپێشچوونە، نەك چەقبەستوویی و تەنها حەپەلووشكردنی نەوتەكەی!!!


PM:05:41:31/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 7854 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی