‌عیراقیكی لاواز و كوردستانێكی لێكترازاو
PM:01:50:29/10/2018
خه‌ڵه‌ف غه‌فور

پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت یان لێی چاوەڕواندەكرێت بەوەی كە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی یەكێك دەبێت لە باشترین حكومەتەكانی دوای روخانی رژێمەكەی سەدام حسێن، باوەڕم وایە لاوازترین حكومەت دەبێت، لە پەراوێزی ئەوەشدا زیاتر دەرفەتی بەهێزبوونەوەی میلیشیاكان و بەهێزبوونەوەی كاركتەرە شیعییەكان دەڕەخسێت، بەتایبەت لەئێستادا كەوا حەشدی شەعبی لەوپەڕی بەهێزیدایە و باس لەوەشدەكرێت حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆكی حەشدی شەعبی پێدەدرێت.

كێشەكانی كابینەكەی عەبدولمەهدی، بەربەستەكانی بەردەمی، هەروەك چاوەڕوانییەكانیش لێی زۆرن، بینیمان موقتەدا سەدر پێش راگەیاندنی كابینەكەی عەبدولمەهدی وتی كە ماوەیەكی دیاریكراویان داناوە بۆ ئەوەی حكومەت كەیسی گەندەڵی بەتەواوی بباتە پێشەوە و گەندەڵكاران بداتە داداگا، هەروەك كوردیش چاوەڕوانیی زۆری لێی هەیە و چاوی لە باشتركردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەكان و لابردنی سزای ئابووری و دانەوەی قەرەزەكانی و جێبەجێكردنی مادەی 140ە كە ئەستەمە كەمترینی ئەو داواكارییانە ئاسان چارەسەر بكرێن.
كێشەكانی بەردەم عادل عەبدولمەهدی لە چوار رووەوەیە:

یەكەم: لە كۆمەڵگایەكی حزبیدا، كارەكتەری سیاسی تەكنۆكرات یان بێ پاڵپشتیی سیاسی بەهێز ناتوانێت پرۆژەكەی بكاتە كردار، حزب و كەسێتی سیاسی سا ئیتر میانڕەوبن یان توندوتیژ و دیكتاتۆر كێشە لە قسە و بەرنامە سیاسییە نووسراوەكەیاندا نییە، بەڵكو كێشەی سەرەكی جێبەجێكردنێتی كە ئەوەش لایەنی كەمی پێویستی بەهێزێكی تۆكمە هەیە پشتیوانی بكات. عەبدولمەهدی سیاسییەكی بێ پشت و پەنایە، تەنیا شتێك لەوانی دیكە جیای بكاتەوە ئەوەیە روئیایەكی تایبەتی ئەرێنی بۆ پرۆسەی حوكمڕانی هەیە، دژی گەندەڵی بووە و پێشتریش هەوڵی باشی ناسەركەوتووی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا و هەرێم هەبووە.

دووەم: پرسی بێلایەنی و لایەنداری لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە یەكێكی دیكە دەبێت لەو گرفتانەی عەبدولمەهدی بەریەككەوتنی لەگەڵ دەبێت، حزبەكانی عیراق بەتایبەت شیعەكان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا تێوەگلاوی چەندین كەیسی گەندەڵین، لەگەڵ ئەوەشدا گرێدراوی سیاسەتی هەرێمایەتین، لە كەیسێكی وادا سەرۆك وەزیران دەست ئاوەڵا نابێت بۆ لێپرسینەوە، بەڵكو مەحكوم دەبێت بەلێپرسینەوەیەكی سەرەتایی كە ئەوەش دڵمەندی شەقام نییە ئەمە هاوكاتیشە لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی گوتار كۆی لایەنە سیاسییەكانی عیراق پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران راگەیاندووە.

سێیەم: پەیوەندی عیراق لەگەڵ ئەمەریكا و ئێران كێشەیە، سەرۆك وەزیران ناتوانێت بێلایەن بێت، ئەمەریكا فشاری گەورە دەكات لە رۆژی 5/11ەوە، ئێرانیش لەنێو عیراقدا خاوەن میلیشیایە و زەوی عیراقی بەدەستەوەیە، یەكێك لە گرفتەكانی كەسێتی عادل عەبدولمەهدی ئەوەبووە لەماوەی رابردوودا كە زوو لە بەرپرسیارێتی دەكشێتەوە، كشانەوەی لە پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار و وەزیری نەوت باشترین نموونەن كە بەرگەی فشارەكانی نەگرت.

حكومەتەكەی عەبدولمەهدی ناتوانێت بێلایەنی خۆی بپارێزێت، پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی باڵانس راگریش گرفتەكان قوڵتر دەكاتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی عیراق خاوەن ئابوورییەكی لاوازە و بەرگەی هیچ جۆرە شڵەژانێك ناگرێت.

چوارەم: چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا یەكێكی دیكە دەبێت لە كۆسپەكانی بەردەم عەبدولمەهدی، ئەمە یەكانگیرە لەگەڵ ئەوەشدا كە كوردستان بۆ خۆی خاوەن یەك هێزی نوێنەرایەتی نییە لە بەغدا و گوتاری كوردی گوتارێكی لێكترازاوە.

ئەو لێكترازانە چۆن كاریگەری لەسەر قوڵتركردنەوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت بەهەمان شێوەیش كاریگەریی بۆ سەر شێوازی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر- بەغدا دەبێت و دیسان هۆكارێكی نەرێنییە بۆ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی.

ئه‌م بابه‌ته 186 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.