‌لوبنان کێیە!
AM:11:30:11/08/2020
پەیڕەو ئەنوەر


پێشتر لوبنان وا ناسرابوو کە سویسڕای خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە! دواتر ئەم ناسنامەیە دەگۆڕێت بۆ <زبڵدان> کاتێک بەیروت ناتوانێت زبڵ و خاشاکی پاک بکاتەوە. زبڵ بەتەنها ساتەوەختێکی ژینگەیی نییە، ئەم تێرمە لەناو سیاسەت و حکومڕانی مانای کۆتایی هاتن، ئاوابوونی کۆمەڵگەی سیاسییە. بەیروت گڕدەگرێت، دەتەقێتەوە و وێران دەبێت. ماکڕۆن خێرا خۆی دەکات بە بەیروتدا، ئەمە کڕۆکی رووداوەکەیە نەک خودی تەقینەوەکە. 

هەموو قەیران و رووداوێک هەست، دەزگا و دیدی تازە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. لوبنانیەکان لەرێگەی ئەم رووداو/تەقینەوەیە دەیانەوێت پەیوەندی بە سەردەم، کۆیادەوەری کۆلۆنیال بکەنەوە. زیاتر لە ٤٠٠٠٠ واژوو کۆدەکەنەوە! باوەش بە ماکڕۆندا دەکەن، وەک ئەو چڕکەساتەی کە مەهدی دەگەڕێتەوە! داوادەکەن دونیای فەڕەنسی بگەڕێتەوە، فەڕەنسا وەک هێز، سیستم و بەڕێوەبردن لەپاڵیان بێت و ببێت بەسێبەریان. دیارە ئەم رووداوە <ئیدوارد سەعید> مان بیردێنێتەوە کاتێک لەزاری مارکسەوە پێمان رادەگەیەنێت کە "خۆرهەڵاتییەکان ناتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن بەڵکو دەبێت نوێنەرایەتی بکرێن" لوبنانییەکان و ئەوانی تریش دەبێت نوینەرایەتی بکرێن! بەکورتی ئەم رووداوە بەکۆمەڵێک زمانی جیاواز گفتوگۆ دەکات:

یەکەم: لوبنان مردووە! پڕە لە هێزی پڕۆکسی دژ بەیەک! لوبنان هێزە ناوەکییەکەی خۆی نایجوڵێنێت، بەڕێوەی نابات، ئەوانی تر پاڵ بە لوبنان و دەزگاکانی دەنێن. بنەمای حکومڕانی لێرەوە دەمرێت. دەسەڵات دەمرێت. هێزێک دەبێت بە هەژموونگەرا، ئەوانی تر دەبن بە دژە هەژموونگەرا Counter-Hegemony

دووەم: هاوڵاتی لەگەڵ دەستەبژێری سیاسیدا دوور لەیەک و ناکۆکن. چەمکی هاوڵاتی پڕکێشە و ئاڵۆزە، خەیاڵی هاوڵاتی دەسەڵاتی لوبنانی بەرهەم ناهێنێت. دەسەڵات لە شوێن و چاوگەیەکی تر بەرهەمدێت، دواتر هەناردەی سنوورەی ناوەوەی لوبنان وەک دەوڵەت، لوبنانییەکان وەک تاک دەکرێت. لێرەوە چرکەساتی نامۆبوونی خوارەوە لەگەڵ سەرەوەدا لەدایک دەبێت. 

سێیەم: فەڕەنسا خەیاڵی گەڕانەوەی قوڵ و درێژە. گەڕانەوە بۆ خۆرهەڵات لەڕێگەی لوبنانەوە. گۆڕانی رۆڵی سیمبولیانەی بۆ سەرباز و حکومڕانی. لەکەلتور و هێزی نەرمەوە بۆ رەق. دیارە لوبنان و فەڕەنسا وەک دوانەی <کۆیلە و ئاغا> خاوەن کۆیادەوەری، رابردوو و بەیەکەوەبوونن. هەردوولا زۆر بەیەکەوە ژیاون! لێکدابڕاون، ئێستا لە چرکەساتێکدان دڵیان بۆ یەکتر لێدەدا. فەڕەنسا دەیەوێت هەڵسێتەوە، زیندووبێتەوە. لوبنان و رووداوەکانی ناوی کۆمەکی زیاتر دەکەن بۆ گەڕانەوەی بۆ دونیا. 

تەقینەوە لە لوبنان لەوە فراوانترە بەتایبەت کاتێک ئێران لەڕێگەی حزبوڵاوە لە قوڵایی بونیادی حکومرانی وڵاتەکەدایە، لەئاو و دەریاوە نزیکە! خاوەن پارە و بەندەرە. بەڕووی دونیادا کراوەیە، خاوەن جیۆپۆلەتیکی زاڵە. لەداهاتوو لوبنان باشتر دەردەکەوێت، زیاتر دەناسرێت ...


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.