لەبارەی رووداوەکەی (موسڵ) ەوە

‌پەیڕەو ئەنوەر

دیارە بەشێکی گەورەی کارەساتەکەی موسڵ وەک رووداو پەیوەندی بە مەسەلەی "حکومڕانی باش" ەوە هەیە. دیارە هەموو رووداوێکی سیاسی دوو رەگەز، دوو بنەمای هەیە (ئاکچواڵ و ڤێرجواڵ) هەروەک دۆڵۆز وێنای دەکات. ئاکچواڵ هەستی پیش رووداونی رووداوەکەیە! سوننەکان موسڵ بە پایتەختی خۆیان دادەنێن لە عیراق! بەرلەوەی کارەسات، رووداو یان هیچ مەرگێکی بەکۆمەڵ رووبدات؛ سوننەکان و موسڵاوییەکان خۆیان وەک ئەکتەری ژمارە دوو، ئەکتەری تێکشکێنراو، ئەکتەری پەراوێزخراو و دوورخراوە دەبینن! ئەم دۆخە بریتییە لە تۆتالیتاریزمی هێزێکی دینی-مەزهەبی بەسەر گڕووپێکی مەزهەبی ترەوە! هەروەک چۆن بەر لە دونیای وێستفاڵیا ئەم دۆخ و چرکەساتە لە ئەوڕوپا ئامادەیی هەبووە.

وەرگەڕانی بەلەمێک لەناو جۆرێک لە پانتایی گشتی! دوورگەیەکی گەشتیاری و چێژوەرگرتن وەک بەشێک لە سیستمی پانتایی گشتی لە موسڵ، لە ناوچەیەکی دوای ململانێ و دوای جەنگ و بارووت لەپاڵ هەموو رەهەندەکانی، دیوە نەزانراوەکانی پەیوەندییەکی قوڵی بە چەمک و پڕۆسەی حکومڕانی باش و هاوڵاتییەوە هەیە. دیارە خەڵک لە عیراق بەگشتی بەتایبەت لە موسڵ بەدوای سەرچاوەکانی بەختەوەربوون و جێژوەرگرتن و حەسانەوە و ئارامبوونەوە دەگەڕێن بەڵام عیراق هێشتا زۆر لەوە لاوازترە بتوانێت بچێتە نێو پڕۆسەی حکومڕانی باش و بەشکردنەوەی سەرچاوەکانی بەختەوەربوون بەسەر ئەندامان و هاوڵاتیانیدا.

ئەم دۆخە بەشێکی تری پەیوەندی بە دوانەی کەرتی تایبەت-گشتییەوە هەیە ئەوەی پێی دەوترێت 3Ps Public-Private Partnership ئەم چەمکەی کە دەیەوێت ئەوەمان بۆ روونبکاتەوە کە چۆن کەرتی تایبەت و گشتی لەگەڵ یەکتردا لەپەیوەندیدادەبن. دیارە ئەم دیدە دیدێکی لیبڕاڵانەیە بۆ رێکخستنی ژێرخانی گشتی لەلایەن ئەکتەر/دەزگای تایبەتەوە! پڕۆسەکە زیاتر بەزمانی لیىڕاڵیزم قسەدەکات و دەیەوێت ژیان و خزمەتگوزارییەکان رێکبخاتەوە بەڵام ئەمە بۆ عیراق کارەسات و تڕاژیدیایە! لە عیراق کەرتی تایبەت بەدوای قازانجی بێ ئەندازە و یەک بە سەدە! گوێ بە بەها و رێساکان نادات! تەنها بەدوای قازانج و کوشتنی بەکاربەرە! پڕۆسەی بەتایبەتکردن لەعیراق پڕۆسەکەیە مەرگێکی درێژخایەن و گەورە بەرهەمدەهێنێت.


AM:11:19:23/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 2784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی