لەبارەی کۆچی (ئەحمەد کایە) وە

‌پەیڕەو ئەنوەر


"ئێمە هەرگیز پێناگەین، بەتایبەتیش جەستەمان، منداڵێتیمان لەگەڵماندایە و هەرگیز لە ژیانماندا ڕەش نابینەوە."
ڕۆلان بارت
 
١٧ی ١١ ساڵڕۆژی کۆچ و مردنی (ئەحمەد کایە)بوو. بونەوەرێک ١٧ ساڵ بەر لەئێستا لە تەنیایی دەمرێت بەڵام مردنێکی ئاسایی نامرێت! چەند شێوە مردنێک هەن لەدایکبوونەوە و تازەبوونەوەن. جەستەی فیزیکی مرۆڤەکە دەمرێت و جەستەیەکی تری سیمبۆڵی لەدایک دەبێتەوە. ئامادەگی مرۆڤەکە بە شوێن دەپچڕێت و ئامادەگییەکی تری ناشوێن لەدایک دەبێتەوە.
کۆچی ئەحمەد کایە لەدایکبوونەوەی شوناسێکی تازەی کوردبوون و مۆدێڵێکی تازەی مانیفێستۆبوونی کوردایەتییە! (کوردبوونێک) سنوورەکانی جوگرافیای کوردی و دونیای کوردی بەتەواوی دەبڕێت، هەموو هێڵ و ڕەگەزەکانی کوردبوونێکی کلاسیکی و تڕادیسیۆنانە تێکدەشکێنێت.
 
بەمردنی (کایە) کۆمەڵێک شت لەدایک دەبێت، کایە دەمرێت، [کایە] یەکی تر بە کۆمەڵێک وێنە و ڕەگەزی تر و سەرخانی نەتەوەییەوە لەدایکدەبێتەوە. جەستەی کایە دەمرێت! تارماییەکەی ئامادەگییەکی هەمیشەیی دەبێت.
ئەمجۆرە مردن و کۆچەی (کایە) بەرهەمی فاشیزمی تورکی و پان-تورکیزمە. ئەمجۆرە فاشیزم و بیرکردنەوەیە کاتێک جەستەیەک دەکوژێت، سەدانی تری لێ کۆپی دەبێت، هەموو سنوورەکان دەبڕێت، لەهەموو جوگرافیاکان ئامادەگییەکی ئۆنتۆلۆژییانەی زیاتر و گەورەتری دەبێت.
ئەحمەد کایە لە ڕووبەرێکی فەڕەنسی دەژیا و لە جوگرافیایەکی فەڕەنسیش کۆچی دوایی کرد، بەڵام لەهەموو جوگرافیایەکی کوردی و لەهەموو پانتایی و ڕووبەرێکی تورکی دەبینرێت و دەبیسترێت و قسەدەکات و دەژیت. [فاشیزم] کارخانەی کۆپیکردن و بەرهەمهێنانی دژەکەیەتی و تا دژەک دەکوژێت سەدانی تر لەناوەوەی خۆی دروستدەکاتەوە و بەرهەمدێنێتەوە و بڵاوی دەکاتەوە!

ئەحمەد کایە و دونیای تورکی
دونیای تورکی لێرەدا بە مانای ئەو پاڕادایمە دێت کە هەموو کێڵگەکان لە سیاسەت و ئابووریی و هونەر و فەرهەنگەوە دەگرێتەوە تا دەگاتە مەسەلەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و جوگرافیای تورکی و گۆرانی و میوزیکی تورکی و ئەو فاشیزمەی کە پایە بێزەلەتەکانی تورکبوونی لەسەربونیادنراوە.

دونیای تورکی بەڕژدی کار لەسەر هێڵێکی دوور و درێژی بونیادێکی داخراو دەکات و وەک بونیادێکی باڵادەست و تاک ڕەهەند و تەنیا و دڵ ڕەق کە ناتوانێت هیچ بونیادێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی تری جیاواز لەخۆی قبوڵ بکات و جێگەی بۆ بکاتەوە و ناتوانێت هیچ لینکێکی گفتوگۆ و تۆڵیرانسی فەرهەنگی و وجوودییانەی لەگەڵدا بکات.

ئەوەتا کاتێک ئەحمەد کایە لە بۆنەیەکی هونەری و لەهۆڵێکی هونەریدا لەبەردەم چەند هاوڕێ و هونەرمەندێکی تورکدا کاتێک بە کوردی قسەدەکات و گۆرانی دەڵێت و دەڵێت من کوردم تەواوی ئامادەبووە تورکەکانی ناو هۆڵەکە بەرەنگاری دەبنەوە و هەوڵی دەرکردن و سڕینەوەی دەدەن لەناو ئەو بونیادە تورکییەدا و هەموو جوانییەکانی هونەر دەکوژن بەهۆی فەرهەنگی تۆتالیتارییانەی تورکیزم و ئەو کێڵگە گەورەیەی تورکیزم کە ئامادەنییە هیچ کەلتورێکی جیاواز و هیچ هونەرێکی جیاواز و تەنانەت پارچە میوزیک و گۆرانییەکی کوردیش دانپیابنێت و لەگەڵیدا بژیت.

ئەحمەد کایە دەمرێت و ڕێگەنادرێت تەرمەکەی لە تورکیادا بنێژرێت و لەفەڕەنسادا دەنێژرێت. ئەم جۆرە فاشیزمە بریتییە لە کوشتنی دوانەی (مرۆڤ و پەیوەندییەکانی بە زێد و هێلانە ڕەسەنەکەیەوە). ڕێگریکردن لە پەیوەندیکردنی مرۆڤ بە خاکەکەیەوە لەدوای مردنی تیرۆرکردنی کۆی هەموو ئەو حیکایەتە درۆزنانەیە کە فاشیزم بەناوی جوانی و مرۆڤبوون و یەکترقبوڵکردن و سەرکەوتن و ژیان لەگەڵ ئەوانی تردا لەسەریدا دەژی و تەمەنی خۆی پێدرێژدەکاتەوە.

ناشتنی کایە لە تاراوگە و دوور لە ماڵە گەورەکەی خۆی ڕۆحی ئەو هونەرمەندەی نێو دونیای کوردی زیاتر زیندووکردەوە و تەمەنە سیمبۆڵییەکەی زۆر زیاتر درێژکردەوە. دوورخستنەوە و زیادکردنی پانتاییەکانی نێوان مرۆڤ و نیشتیمان نزیککردنەوەیەکی ڕەها و سیمبۆڵیی نێوان ئەم دوانەیە و مۆدێڵێکی جوانتر و پتەوتر و زیندووتری لە پەیوەندیکردن و ژیان لەگەڵ نیشتیماندا دادەڕێژێتەوە.


AM:10:47:19/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 3828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی