هەولێر موڵكی بەغدایە؟

‌ئومێد بابان

"17%ی بودجە جێگیر كرا، لەمەودوا بەغدا موستەحەقاتی هەرێم دەدات، مووچەی پێشمەرگە، بەغدا دابینی دەكات، یاسای فڵان و فیسار لە دەستووردا جێی كرایەوە و هتد". ئەمانە، بنێشتەخۆشەی سەر زاری ئەندامە كوردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن لە بەغدا، كە گوایە وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان لەوێن.

كێ زانیویەتی لە 2014وە بەغدا بودجەی بۆ هەرێم ناردبێت؟ موستەحەقاتی هەرێم بەپێی هاوبەشی لە دەسەڵاتدا، كوا نێردراوە؟ كەی بەغدا مووچەی پێشمەرگەی ناردووە؟ چ یاسایەك كە لە بەرژەوەندیی كوردستانیاندا بووبێت و لە بودجەدا جێگیر كرابێت، ئینجا تۆزقاڵێكیش كاری پێ كرابێت؟

نوێنەرانی كورد لە بەغدا، بێ گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی و شەقامی كوردی، چی بێتە سەر زمانیان دەیڵێن و دەینووسن و بگرە هەندێك كات بەشێكیان قسەش دەبزڕكێنن!

بەغدایەك كە لە 2014وە پشتی تێ كردوویت، چ خوا قبووڵ دەكات لەبەر هەندێك بەرژەوەندیی حزبی پەنای بۆ بەریتەوە، جارێكیش نا، چەند جارێك؟

چەند سەیرە، پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا، جگە لە بەرژەوەندییە ماددییە تایبەتەكانیان، كە هیچیان بۆ كوردستانیان نەكردووە، هەمدیس بە پاساوی جودا، خەڵكی كوردستان فریو بدەن؟

ئەرێ كەس لەو هاوكێشەیە تێدەگات، تەنانەت چەك و تفاقی پێویستی پێشمەرگەش بۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش، كە پشكی خۆنی، لەلایەن بەغداوە نێردرابن؟

بەغدا كە خۆی گیرۆدەی له شەڕی شیعە و شیعە، شەڕی سوننە و شیعە و بە پێچەوانەشەوە تێوە گلاوە، لە دۆخێكی هێندە مەترسیداردایە كە بەهۆیەوە هەم دووچاری قەیرانی دارایی بووە و هەم تەنگژەی سیاسیی ناوخۆش.

چ خوا هەڵدەگرێ دیسان كورد هیوا لەسەر حكوومەتە شكستخواردووەكەی هەڵبچنێت و متمانە بە دەزگا و دامەزراوە لێكهەڵوەشاوەكانی بكات؟

لەسەر ئەو بنەمایەی كە حكوومەتەكەی عەبادی ڕۆژ دوای رۆژ لە نوشستی یەكجارەكی نزیك دەبێتەوە، دەبێ بڵێین، پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغدا چی دەچێنن و چیش دەدروونەوە؟

ئەسڵەن ئیشیان لەو بەغدایە چییە كە لە كۆی پرسەكاندا كورد دەخاتە سفری پاش فاریزە و هیچ حیسابێكی بۆ ناكات؟

ئەندامە كوردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بگرە وەزیرەكانیش، دەبوو لە 2014وە بوخچەكانیان لە بەغدا بپێچنەوە و هەرگیز جارێكی دیكە نەگەڕێنەوە ئەو مەملەكەتەی تەنانەت خۆیشی، خۆی قبووڵ نییە، چ بگا بە نەتەوە و ئایینزا و پێكهاتەی جودای دیكە.

دواجار حەقە بپرسین، كاتێك هیچ خێروبێرێكت لە بەغدا دەست ناكەوێت، هاشوهووشی ئیعلام بەس نییە ئیتر؟، چونكە نە بەغدا موڵكی هەولێرە و نە هەولێریش موڵكی بەغدایە! 

[email protected]
07504302755 
  


PM:05:12:12/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 2599 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی