چیدیكە ستەم لە پۆلیس مەكەن!

‌ئومێد بابان

شەڕی پۆلیسی هەرێم لەگەڵ تیرۆریستاندا، گەلێك كۆنە و لە دوای پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراق و پێش دەستبەكاربوونی كابینە شكستخواردووەكەی مالیكی، دەستی پێكرد، دروست ئەو وەختەی هیچ هێزێكی ئەمنیی هەرێمی كوردستان (جگە لە پۆلیس)، ئامادە نەبوون لە پێناو هێنانی مووچەی هاونیشتمانیاندا، زەڕڕەیەكیش گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ چەتە و مافیاكانی ئەوسا بكەن كە "بە هەر هۆكارێك بێت" پێشیان بە هێزە ئەمنییەكان دەگرت و دەستیان لێ نەدەپاراستن.

ئەو قسەیە، هەروا لەخۆڕا ناكەم و بەندەش كە شایەتی هێنانی مووچەی سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بووم، بە چاوی خۆم دیتم كە لەو رێگا دوورودرێژەدا پۆلیسی هەرێم چەندین شەهید و برینداری بەخشی كە دەرەجەدار و ئەفسەرانی پۆلیس گەواهی بۆ ورد و درشتی ئەو بابەتە دەدەن و بگرە وەزیری ناوخۆش ئاگاداری چۆنیەتیی هێنانی ئەو مووچەیە بوو كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی پۆلیس و بە هەماهەنگی لەگەڵ كاربەدەستانی بەغدا، بە تڕێلە و بارهەڵگری زەبەلاح دەهات و دواجار بەشێكی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكرا.

هەڵبەت، ئەمە واتای ئەوە نییە لە شەونخوونی و ماندووبوون و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییەكانی تر لە شەڕی دژ بە داعشدا كەم بكەینەوە، چونكە رۆڵیان دیارە و هەمیشە قەرزداریانین كە گیانفیدایانە كەڕامەت و شكۆی تاكی كورد دەپارێزن و ناهێڵن تیرۆریستان بچووكترین دەرفەتیشیان بۆ دزەكردنە ناو خاكی هەرێم و ڕەشبگیری و قەتڵوعامی هاونیشتمانیان هەبێت، بەڵام كە باس لە كەمكردنەوەی مووچەی پۆلیس و دواخستنی مووچەكانیان دەكرێت كە هەندێكیان شەش مانگی ڕەبەقە كرێی خانوویان نەداوە، ناچارین بێینە گۆ و داوای ڕوونكردنەوە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەس و دەزگا و ئەو لیژنەیەش بكەین كە بۆ چاكسازی و بە قەولی خۆیان (كەمكردنەوەی خەرجی و زێدەكردنی داهات) پێكهاتووە.

ئاخر جیاكردنەوەی پۆلیس لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بۆخۆی جێی پرسیارە و پەیوەندیدارانیش هیچ پێویستییەكیان بە شرۆڤە و لێكدانەوەی درێژدادڕانە نییە، چونكە هیچ پاساو هەڵناگرێت لە یەك كاتدا، نزیكەی نیوەی مووچەی كارمەندێك لە وەزارەتێكدا ببڕیت و نیوەی كارمەندانی ئەو وەزارەتەش مووچەی تەواو وەربگرن! جگە لەوە، دواخستنی مووچەكەیان هەر زۆر جێی تێڕامانە و قسەی زۆریش هەڵدەگرێت! 

بەندە كە سەرنجی زۆرم لەسەر (پاشەكەوتكردنی مووچە)ی فەرمانبەران بە گشتی هەیە، پێموایە زۆربەی هەرەزۆریان ستەمیان لێ دەكرێت و بە جۆرێك لە جۆرەكان باجی هەڵەی ئەو بەرپرسانە دەدەن كە لە كولەكەی تەڕیشدا هەستیان بە بەرپرسیارێتی نەكردووە.

ئێستایش كە قسە دێتە سەر جیاكردنەوەی "بەشێكی وەزارەتی ناوخۆ" لە هێزە ئەمنییەكانی وەك پۆلیسی ناوخۆ، پۆلیسی فریاكەوتن، پۆلیسی هاتوچۆ، فەرماندەیی هێزی ئامادە و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، حەقە بپرسین، ئەو جوداكارییە لە پای چی، كاتێك پۆلیسی هەرێمیش هاوشانی پێشمەرگە لە ئەركدایە و شەو و رۆژ و لەخۆبووردووانە ژیانی هاووڵاتیان، كۆی دەزگا و دامەزراوە میری و گشتییەكان، ئاسایشی نیشتمانی و كۆمەڵایەتیی خەڵك دەپارێزێت؟

وەڵامی ئەو پرسیارە لای سەرۆكایەتیی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان، لیژنەی چاكسازی و كۆی ئەو كەسانەشە كە ڕاسپێردراون چاكسازی بكەن و دارێك بخەنە سەر بەردێك، نەك بێباكانە سزای سەرجەم فەرمانبەرانی كرێنشین و تێكڕای ئەو كەسانە بدەن كە پێشوو و زۆریش پێشووتر فێری نانی خوساو كراون و چاولەدەستی مووچەن و بەس.
ئیدی كاتی ئەوە هاتووە چیدیكە ستەم لە پۆلیسی هەرێم نەكرێت، ستەمی پاشەكەوتكردنی ناعادیلانەی مووچە و دواخستی مووچەكانیشیان.

[email protected]


PM:03:33:28/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 2809 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی