‌قەندیلەكەی دیكە!
PM:03:34:28/12/2016
ئومێد بابان

بەوپێیەی بار و زرووفی پارچەكانی كوردستان لە ڕووی دیپلۆماسی و لەسەر ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە جیاوازە، حەقە ڕەچاوی دۆخی هەر پارچەیەك لە چوار پارچە لەتكراوەكەی كوردستانی گەورە بكرێت.

باشوور، باكوور، ڕۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان، بە بارێكی هەستیاردا تێدەپەڕن و هەر پارچەیەكیش جۆرێك لە سیاسەتی گەرەكە كە زیان بە پارچەكانی دیكە نەگەیەنێت و بگرە هاوكاریش بێت تا پارچەیەك لە دۆزێكی ڕەوای نیشتمانییەوە بۆ دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی پەل بهاوێژێت.

لەسەر بنەمای نەتەوەییبوون و بۆ كاڵكردنەوەی هەیمەنەی ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، پێویستە فۆڕمی سیاسەت و جیهانبینیی سەركردە سیاسی و ڕێبەرەكانی كورد لە هەر چوار پارچەدا گۆڕانكاری بەسەردا بێت و هەرچی زووە پێكەوە ڕێگاچارەیەك بۆ ناكۆكییە لاوەكییەكان و ئاریشەكان بە گشتی بدۆزنەوە و لەوێوە نەخشەڕێگایەكی نوێ بۆ چۆنیەتی و چەندێتیی مامەڵە لەگەڵ دەرودراوسێ و بگرە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دابڕێژن.

چونكە، بە یەكهەڵوێستی، پێكەوەیی و یەكبڕیاری، تۆپەكە دەكەوێتە گۆڕەپانی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و دواجار دەشێ هەموو ئەو دەوڵەتانە ملكەچی خواستە ڕەوا و مافە شەرعییەكانی نەتەوەی كوردی ژێردەستە بكرێن.
بەڵام، بە دووبەرەكی و ناتەبایی، بوغزاندنی یەكتر و بە نەیار زانینی یەكدی، هیچ پارچەیەكی كوردستانی مەزن قازانج ناكات جگە لە زیان.

ئێستا كە بۆ باشووری كوردستان زەمینەی سەربەخۆیی لە هەموو ڕووەكانەوە ڕەخساوە، حەقە هەموو پارچەكانی دیكە هاوكار بن و تەنانەت سازش لەسەر زۆرێك لەو پرسانەش بكەن كە جێی ناكۆكی و قسەلەسەركردنن و دەكرێ ئەو بابەتە بۆ پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی یەكێك لە پارچەكان هەڵبگیرێت.

لەبەر ئەوەی، پێویست وا دەخوازێ، دۆزی ڕەوای نەتەوەیەك نەكرێتە قوربانیی ململانێیەكی لاوەكی و ساكار كە دەكرێ دواكەڕەت هەمووان لەسەری كۆك بن و بەیەكەوە پرسە نەتەوەییە چارەنووسسازەكان شرۆڤە و چارە بكەن.

لە ئێستاشدا كە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بەشێك لە باشووری كوردستانی ڕزگار كردووە و كردوویەتە پاساو بۆ یەكلاكردنەوەی حیسابی خۆی لەگەڵ توركیا، دەبێ بڵێین، زیانمەندی سەرەكی لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا، كوردە و بەس.

ئاخر، هێشتا بەشێكی سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئازاد نەكراون و لە تیرۆریستان پاك نەكراونەتەوە، بۆ دەبێ شنگال بكرێتە بیانوو بۆ مانەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە خاكێكدا كە بە مانەوەی "پەكەكە" دنیابینیی هاوپەیمانان دژی تیرۆریستانی داعش، بە جۆرێك بگۆڕێت كە بە زیان بەسەر نەتەوەی كورددا بشكێتەوە؟.        

پارتی كرێكارانی كوردستان، لە قەندیل رێی پێ دراوە بەوپەڕی تواناوە چالاكییە سەربازی و سیاسییەكانی درێژە پێ بدات و، لەوێ بەدواوە، بنیاتنانی قەندیلێكی دیكە لە شنگال، زیانی مەزن لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیی كورد دەدات و هەرگیز مێژووش بەسەر هیچ كەس و حزب و لایەنێكدا باز نادات.
 


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.