ئه‌ڵێی‌ نانه‌كه‌مان سوێره‌

‌مەریوان نەقشبەندی

كاتێ ڕژێمی بەعس لەعیراق حوكمڕان بوو "نوری مالكی و زۆربەی سەركردە سیاسیەكانی شیعەی عیراق هەڵاتبون و هاتبونە كوردستان خەڵكی كوردستانیش لەگەڵ پێشمەرگە نانێكی خۆیان لەگەڵ بەشدەكردن و یەك چەكدار و سەركردەی شیعە لەكوردستان لەگوڵێك كاڵتریان پێنەوترا"كەچی كاتێك سەدام روخا و ئەم میوانە شیعانەی ئێمە بونە حوكمڕانی عیراق"نەك هەر وەفای میوانداریەكەیان لەبیرنەبوو بەڵكو كەوتنە دژایەتی كورد و موچە و بەشەبوجەی كوردستانیان لەمیزانیەی عیراق بڕی و ئێستاش حەشدی شیعی خورماتو و سەعدیە و چەندین شوێنی كوردستانی داگیركردوە و ئامادەنیە لێی بچێتەدەرەوە".

عەرەبە سوننەكانی عیراقیش دوای ئەوەی هەتا پێیان كرا دژایەتی كورد و كوردستانیان كرد و ماوەیەك هاوسۆزی قاعیدە و دواتریش بەشێكی زۆریان بونە داڵدەدەری تیرۆرستانی داعش و سیاسیەكانیان لەناو پەرلەمان و حكومەتی عیراقدا گەورەترین دژایەتی مافەكانی كوردیان كرد"بەڵام كاتێك لێیان قەوما و شیعەی عیراق تەنگی پێهەڵچنین لەئەنبار و سەرحەدین و فەلوجە و دیالە و بەغدا و شوێنەكانی تر"كوردستان وەك پیشەی هەمیشەیی باوەشی سۆز و لێبوردنی بۆ كردنەوە و زیاتر لە ملیۆنێكیان ئاوارەبون و هاتنە كوردستان حكومەت و خەڵكی كوردستان دەیانپارێزێت و لەم بارگرانیەدا میوانداریان دەكات و تا ئەو رادەیەی رێگای موڵكدارێتیان لەكوردستان بۆ فەراهەم كراوە بەتایبەتیش لەشاری سلێمانی.

"لەدوا بێوەفایی ئەم عەرەبە سوننانەی عیراق لێدوانی رافیع ئەلرفاعی كەسایەتی سوننە و بەناو موفتی سوننەكانی عیراق لەمیانەی بەشداریكردنی لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا لەشاری هەولێرەوە بەبێ گوێدانە هەستی كەسوكاری زیاتر لە 1400شەهید و زیاتر لە 8000برینداری پێشمەرگە كەلەشەڕی تیرۆرستانی داعش شەهید بوون"چاوقایمانە بەرگری لەتیرۆرستانی داعش دەكات و بەنوری چاوی خۆی وەسفیان دەكات وەك قارەمان دەیانناسێنێت"لەراستیدا من نازانم چۆن وەڵامی ئەم عەرەبە سوننەیە بدەمەوە چونكە ئەوە چەندین جارە هەڵوێستی لەم شێوەیە دەردەبڕێت و حكومەتی هەرێمیش لێی بێدەنگە"ئاخر من دڵنیام ئەگەر ئەو قسانەی رافع رفاعی لەهەولێرەوە كردی ئەگەر هەر مەلایەك هەر رۆشنبیرێك هەر سیاسیەك هەر منداڵێكی كورد بیكردایە ئێستا ڕەوانەی ناو موسڵیان كردبوو یان بۆ هەتا هەتایە لەسوچی زینداندا دەبوو.


PM:05:47:22/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 2656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی