چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بكەین؟!

‌مەریوان نەقشبەندی


ساڵانە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان چاودێری ڕەوشی ئەمنی و مافەكانی مرۆڤ بەگشتی و ڕەوشی ئازادی ئاینی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دەكەن و ڕاپۆرتی خۆیان بڵاودەكەنەوە و لەم راپۆرتانەدا ئاماژە بەلایەنی سلبی و ئیجابی دەكرێت و لەلایەك ئاماژە بە باشبوونی رەوشی پێكەوەژیان و ئازادی ئاینی و هەنگاوە ئیجابیەكانی حكومەتی هەرێم لەم بوارەدا كراوە هەندێ جاریش ئاماژە بەپێشێلكاری مافی مرۆڤ و مافی كەمینە ئاینیەكان و داگیركردنی موڵك و ماڵیان كراوە،

 بەڵام سەیر لەوەدایە میدیاكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ناتەندروست مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتانە دەكەن، بەجۆرێك بەشێك لەمیدیاكان بەدوای خاڵ و بڕگە سلبیەكانی راپۆرتەكە دەگەڕێن و دەیكەنە مانشێت و هەواڵی سەرەكیان و هەرێمی كوردستان وەك وێرانە و دۆزەخ بۆ كەمینە ئاینی و مەزهەبیەكان پیشان دەدەن.

 لایەنی حكومیش هەروەك نەزانێت كە دانیشتوانی هەرێم بەشێكن لەكۆمەڵگە پڕ لەكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستبەجێ بەرپەرچی هەموو خاڵە سلبی و رەخنەییەكانی ناو راپۆرتەكە دەداتەوە و لەجیاتی ئەوەی بەهێمنی و زمانێكی پیشەیی و دبلۆماسی هەنگاوی پراكتیكی بۆ ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتیانە بسەلمێنێت كە ڕەخنەكان بەهەند وەردەگرن و كار لەسەر باشكردنی بڕگە سلبیەكان دەكەن دەچن وەڵامی ئەو راپۆرت و رێكخراوانە دەدەنەوە و جگە لەرەتكردنەوەی زانیاریەكان هەندێ جاریش تەخوینی ئەو كەس و رێكخراوانە دەكەن كە زانیاریەكان كۆدەكەنەوە و راپۆرتەكان ئامادە دەكەن. پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و میدیاكانی كوردستان بەگشتی بزانن كە نوسینی راپۆرت و رەخنەگرتن لەپێشێلكاری حكومەتی هەرێم و دامودەزگا و وەزارەت و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان مانای تۆمەتباركردن و سڕینەوەی ناوبانگ و كارەكانی حكومەتی هەرێم و دامەزراوەكان و هێزە چەكدارەكانی نیە،

 ئینجا دەبێ بزانین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو رێكخراو و شوێنانەی كەچاودێری رەوشی هەرێمی كوردستان دەكەن زۆرباش دەزانن هەرێمی كوردستان لەچ بارودۆخێكی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیدا گوزەر دەكات و دەشزانن كە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان و دوژمنێكی مرۆڤایەتی وەك داعش لەهەردو لایەنی سەربازی و فیكریەوە چەند ئاڵۆزە و پێشبینی هەندێك لەپێشێلكاری دەكەن هەروەك چۆن لە هەموو جەنگ و ململانێ ئاینی و مەزهەبی و سیاسی و سەربازیەكان پێشێلكاری كراوە و دەكرێت.

 بەڵام گرنگ ئەوەیە كە بەدوای چارەسەر بگەڕێین و بە هۆشیاركردنەوەی هێزە چەكدارەكان و كردنەوەی وۆركشۆپ و كۆبوونەوە و سیمینار بۆ ئەو لایەنانەی هەرێمی كوردستان كەبەپێشێلكاری تۆمەتبار كراون یاخود رەخنەیان لێگیراوە و بڕیار و یاسای گونجاو بەبەشداری و ئاگاداری رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ئازادیە ئاینەكان. هەروەها پێویستە لەهەموو هەنگاوەكانی چارەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت وەك وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و وەزارەتی داد و ئەنجومەنی دادوەری و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ و لیژنەی فەتوا بەشداربن.

دەكرێ پسپۆڕانی بواری مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ئاینی و دادوەر و میدیاكار و خەڵكی پەیوەندیدار لەم خولە هۆشیاریانە و لەبریار و دانانی یاساكانی پەیوەندیدار بۆ بنبڕكردنی پێشێلكاریەكان بەشداربن و وانەبڵێنەوە.

 ئەوكات دەبینین ناوبانگی كوردستان چەند زیاتر جوان دەبێت و گۆڕانكاری گەورە بەسەر ناوەڕۆكی ئەو ڕاپۆرتانەدا دێت هەروەك چۆن ئێمە لەماوەی چەند ساڵێكی كەمدا توانیمان لایەنەپەیوەندیدارەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا قەناعەت پێبكەین كە رەوشی ئاینی و ئازادیە ئاینیەكان لە هەرێمی كوردستان جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراق و ئەم هەڵسەنگاندنەش لەراپۆرتە ساڵانەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا تایبەت بەرەوشی ئاینی جێگیركرا و ئێستا بەشێوەیەكی جیا هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئاینی هەرێم و عێراق دەكرێت.

* بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم.


AM:09:54:23/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 2678 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی