وشە، دەوڵەت درووست دەکات .!

‌کامەران سوبحان


ئەوەی دەوڵەت درووست دەکات وشەیە نەک سەرکردە. دەوڵەتی بێ وشە، وەک گوڵی بێ بۆن وایە.دەوڵەت پایەکانی دەبێت لەناو واقیعدا بێ، نەک خەیاڵی بێ کردار، دەوڵەت کارکردن و پەروەردەی دەوێ، تاکەکانی وڵاتەکەیان وەک کەرەستە تایبەتییەکانی خۆیان خۆش بوێت، نەک بە نەفرەتی بکەن و بۆ دەرفەتێ بگەڕێن لێی هەڵبێن.!

ئەڵمانییەکان، شانازی بە بەرهەم و وشەکانی (گۆتە و شیلەر و تۆماس مان و هێرمان هێس)ەوە دەکەن. نەک بە(هیتلەر و جۆزیف گوبلز و كونراد ئەديناورو هانز لۆتەر)کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سەرۆکی وڵاتەکەیان بوون.!

ئینگلیزەکان شانازی بە(چارلس دیکنز و شکسپیر و جورج أورويل و کریستۆڤەر مارلۆ) دەکەن نەک بە سەرکردە و سەرۆکەکانیان. شکسپیر و هەر یەک لەو نووسەرانە لە جیهاندا لە هەمو سەرۆکەکانی بەریتانیا ناسراوترن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەیاندا.! کوردیش دەتوانێت بە وشە دەوڵەت درووست بکات، نەک بە خەون و خەیاڵدانی سیاسی و جۆش و خرۆشی سۆزداریی.!

لەسەر زەمینی واقیع وشە و بەرهەمەکانی (ئەحمەدی خانی و نالی و مەولانا خالید و باباتاهیری هەمەدانی و حاجی قادری کۆیی و مستەفا بەگی کوردی و ڕەحیمی قازی و چەندین نووسەری تر)گرنگتر و کاریگەرترن، بۆ درووستکردنی ناسنامەی دەوڵەت، نەک کۆمەڵێک سەرۆک و سەرکردە، کە مێژووی ژیانیان پڕە لە خەوش و کەموکوڕی و هەڵەی گەورەی سیاسی.!


PM:01:53:10/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 2579 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی