لەسەر قەنەفە شینەکە، خانمە دیبلۆماتێکی ئەکتەر!

‌کامەران سوبحان

لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، لە کارکردنم لە پەرلەمانی کوردستان، زۆر کەسایەتی و دیبلۆماتی ئەوروپیم بنیوە و لە کۆبوونەوەکاندا کۆنووسی پڕۆتۆکۆلەکانیانم نووسیوەتەوە. زۆر هەڵوێست و ڕوداویش بۆ من، مایەی لەسەر وەستان و لێوردبوونەوە بووە. هەندێ لەوانە لە ڕووی ئیتیکی پیشەوە، دەبێ تا مردن پارێزگاریی لێبکەم و بە نهێنی بیهێڵمەوە! هەندێکیانم نووسیووەتەوەو هەندێکیشیان ڕەنگە لە یادەوەریمدا کاڵ ببنەوە، دواتر ون بن!

یەکێک لەو فیگەر و کەسایەتییانەی لەم ماوەیەدا هەڵسوکەوت و وتە و ئینێرجییەکانی جیاواز بووە، خانمە دیبلۆماتێکی بەناوبانگی ئەڵمانیایە، کە ٥ جار لە نزیکەوە بینیومە لە کۆبوونەوەکانیدا بەشدار بووم. دوو لەو دانیشتنانە لە ئۆفیسەکەی خۆی بووە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا فیدڕاڵ لە بەرلین. کۆبونەوەیەکیش لە سلێمانی، یەکەم بینینیشی لە کۆبونەوەیەکی فەرمیدا بوو لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر. ئەم چوار کۆبوونەوەیە، هەرچواریان پڕۆتۆکۆلی و پەرلەمانی بوون و کۆنووسی وتە و گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاننووسیووەتەوە، کە چۆن پێکەوە لەسەر پرسی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و کاری پەرلەمانی، ڕاشکاوانە گفتوگۆ دەکەن!
جارێکیش بەدەر لە دانیشتن و کۆبوونەوەی فەرمی، لە کۆڕێکی ئەم خانمەدا لەسەر دەرچوونی کتێبە نوێکەی بەناوی (ئەڵمانیا چۆن بەڕێوە دەبرێت؟) کۆڕێک بوو لەناو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بەناوی(قەنەفە شینەکە) کە کۆڕ و بەرنامەیەکی دیالۆگی بوو، لە مانگی ١١ی ٢٠١٦ لە پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە فرانکفۆرت سازیکرد، یەکێک بووم لە ئامادەبوانی کۆڕەکەی، بەڵام ئەم جارە وەک (نووسەر) نەک کاری پڕۆتۆکۆلی و پەرلەمانی.
کاتێ بۆ یەکەمجار، زانیم خاتو(کلاودیا ڕۆز)ی تەمەن ٦١ ساڵ، بەدەر لەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵە، سەرەتاکانی ژیانی لاوێتی پیشەی ئەکتەری شانۆ بووە.! پاش گۆڕینی پیشەی ئەکتەریی بۆ کاری سیاسیی، ئەم خانمە روو خۆش و هەمیشە دەم بە پێکەنینە بوویە دیبلۆماتێکی کراوەو خاوەن زۆرترین پەیوەندیی سیاسی لە وڵاتەکەی و وڵاتانی جیهانی سێیەم!

کڵاودیا ڕوز، بەدەر لەوەی وەک زۆرێک لە خانمانی ئەڵمانیا خاوەن ڕوخساڕیکی سپی و سوورباوە، جەستەیەکی کەڵەگەتی گۆشتنیشی هەیە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە (پێکەنینەوە)دەڵێت "ڕەنگە زۆربوونی کێشم، هۆکارێک بووبێت لە گواستنەوەی پیشەکەم لە ئەکتەری شانۆوە بۆ کاری پەرلەمانی و دیبلۆماتی، هەمیشە ئەکتەرەکانی سەر تەختەی شانۆ، دەبێت خاوەن جەستەیەکی ڕێک و پارێزگاریی لە زیادنەبوونی کێشیان بکەن!"
کلاودیا رۆز، له پارتی سەوزەکانە، که پارتێکی چەپی ژینگە دۆستن، یەکێکە لە پارتە سەرەکییەکانی ئەڵمانیا. کۆتا ڕۆژەکانی مانگی ئازاری ئەمساڵ، بە نەرێتێکی دیبلۆماتی، چەند مەترێک لە دووریی ئۆفیسە سەرەکییەکەی خۆیەوە لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەڵمانیا فیدڕاڵ، هەردوو دەستی بە ئەندازەیەکی زۆر کردەوە بۆ پێشوازی کردن لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان. ئەم هەڵسوکەوت شێوازە پڕۆتۆکۆلییە، پێشتر زۆر بە کەمی لە دیبلۆماتە ئەوروپییەکانم بینیووە. بەتایبەتیش ئەڵمانییەکان.! پێش ئەوەی بچینە سەر کورسی گفتوگۆکان و تیمەکەی خۆیمان پێ بناسێ، لەبەردەم ڕۆژنامنەووساندا چەندین قسەی خۆش و ڕستەی پشتیوانی بۆ گەلی کورد و خۆڕاگرییەکانی سەرۆکی پەرلەمان دەربڕی.! لەیەکەم بینین و کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر، باسی پەیوەندی و دۆستایەتی خۆی کرد بۆ کێشە و گرفتە سیاسییەکانی گەلی کورد. لە هەمو دانیشتنە فەرمییەکانی تریشیدا، لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، هەمیشە ڕستەیەک دووبارە دەکاتەوەو دەڵێت: (ئەگەر دەتانەوێ دۆستایەتی و پشتیوانی دیبلۆماتی ئەڵمانیا بەدەست بێنن، دەبێت لە هەرێمەکەتان رێز لە بنەمای دیموکراتی بگرن و هۆکاری سەرکەوتنی دیموکراتی بن، نەک ببنە نمونەیەکی تری وڵاتە دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکەتان!)

بینینی (کڵاودیا ڕۆز) چ جلوبەرگە رەنگاو رەنگەکانی، چ جوڵەی دەست و تۆنی دەنگ و شێوازی سەیرکردنی بەرامبەر و پرسیارکردنی لە بەرامبەرەکەی، بۆ من مایەی لەسەر وەستان بوو. پاشتر کە زانیم ئەکتەری شانۆ بووەو لە سەر چەند سەکۆیەکی جیاوازی شانۆکانی وڵاتەکەی، ڕۆڵی بینییووە، دڵنیا بووم ئەو جوڵانەی ئێستای لە کاری دیبلۆماتیدا، کاریگەریی ئەو قۆناغەی ژیانییەتی کە لەشانۆ ئەکتەر بووە. هەندێ وێنەی ئۆفیسەکەشی، ئەو پۆرترێتانەیە کە ئاماژەیەکی تێدایە بۆ پیشەی نواندن و ئەکتەر!

زۆربەی ئەو وێنانەشی لە پەیجەکەی فەیسبوکی و چاوپێکەوتنەکانیدا بینیوومە، جلوبەرگێکی ڕەنگاو ڕەنگ و گوڵ گوڵی و ڕەنگی زەقی فسفۆڕی لەبەردایە، ڕەنگە ئەمە پێچەوانەی نەرێتی باوی خانمە دیبلۆماتکارەکانی تری ئەوروپا و ئەڵمانیا بێت، کە هەمیشە پۆشاکی فەرمی و ڕەنگە تایبەتەکان دەپۆشن! لە دانیشتنەکەی مانگی ڕابردوودا، کە لە تیمەکەی تەنیشتییەوە، زیمەر ماتیاس سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی ئەڵمانیا دانیشتبوو، کە پیاوێکی بە ئەزموون و پەرلەمانتارێکی حیزبی کریستیان مەسیحی دەسەڵاتدارە. بە ڕاشکاوانە ڕەخنەی لە سیاسەتەی وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان دەگرت لە مامەڵەکردن لەسەر پرسی دیموکراتی و ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر و مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکان. بەڵام ئەم ژنە سیاسەتمەدارە، خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و دەسەڵاتدارانی هەرێم لە گفتوگۆکانیدا لە یەکتر جودا دەکاتەوە. لەو دانیشتنەدا، ڕووەو جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، چەندین بیرەوەریی خۆی و مام جەلالی گێڕایەوە، ئاماژەی بەوە دەکرد، کە دەبێت لە خەباتی سیاسیدا، ئەوانیش وەک مام جەلال کۆڵنەدەر و پشوو درێژ بن!

لە گفتوگۆکانی نێوان (کڵاودیا ڕووز) و (یوسف محەمەد)یش، وەک دوو هاوڕێی دێرین و تەبا گفتوگۆ دەکەن. کاتێ سەرۆکی پەرلەمان لە دایک بووە، ئەم خانمە زانکۆی تەواو کردووە و لە سەرەتای جۆش وخرۆشی کاری سیاسیدا بووە. بەڵام ئێستا لە ئۆفیسەکەی خۆی،  لەم کۆبوونەوەیە، هەردوو دەستی لەسەر چەناگەی داناوەو بە تێڕامانێکی قوڵەوە، لە پشت چاویلکە بچکۆلەکەی چاوییەوە، لەو سەرۆکە گەنجە ڕادەمێنێ و گوێ بۆ وتەکانی گرتووە تا لە شیکردنەوە و خستنە رووی کێشە کەڵەکەبووەکانی پرۆسەی دیموکراتی و کاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تێ بگات!


PM:04:52:08/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 4466 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی