رێکەوتنامەی یەکێتی‌و گۆڕان‌و ئاوڕدانەوەیەک لەکەرتی تەندروستی

‌د. رێزان هەردی

دواجار رێکەوتنی چاوەڕوانکراوی یەکێتی‌و گۆڕان بەفەرمی ڕاگەیەندرا. بەشێکی گرنگی رێکەوتننامەکە جەختکردنەوەیە لەسەر چاکسازی لەدامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمدا.

من وەک پزیشکێک دەڕوانمە ئەم ڕێکەوتنامەیە چونکە بەلامەوە کەرتی تەندروستی یەکێکە لەکەرتە هەرە گرنگەکانی هەمو کۆمەڵگایەک‌و پەیوەندی راستەو خۆی بەژیانی هاوڵاتیەنەوە هەیە. هەر بۆ خۆی چاککردن‌و بەسیستماتیک کردنی ئەم کەرتە چەندین باس‌و لێکۆڵینەوە هەڵدەگرێت. لێرەدا منیش دەمەوێت ئیستێک لەسەر ئەم باسە بکەم.

پێشەکی هیوادارم کە لێکدانەوەی هەڵە بۆ بیر‌وبۆچونەکانم نەکرێت‌. من لەم زنجیرە نوسینەدا مەبەستم لەهیچ کەسێکی دیاریکراو نیە‌و ئەوەشی ئەم نوسراوە بەهەڵە دەخوێنێتەوە‌و دەیهێنێتە سەرخۆی ئەوە بەڕای من پەیوەندی بەخودی خۆیەوە هەیە.

لەم بارودۆخە قەیراناویەدا‌و لەم رێکەوتنامە ستراتیجیە‌و وەک هەندێ دەڵێن چارەنوسسازەدا، کەرتی تەندروستی لە کوێی ئەم هاوکێشانەدایە؟ ئایا چ پلان‌و پڕۆژەیەک هەیە بۆ چاکسازی لەم کەرتەدا؟ ئەو گۆڕانکارییانە چین کە پێویستە بکرێن؟ ئایا ئێمە لەکوێی سیستمی تەندروستی جیهان یاخود ناوچەکەداین؟ چیمان کردوە‌و پێویستمان بەچییە؟ ئایا کردنەوەی بنکە‌و نەخۆشخانەکان بەسن بۆ ئەوەی بڵێین کارمان زۆر کردوە؟ پزیشکەکان لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدان؟ پشکی ژنان وەک پزیشکێک، پەرەستارێکی زانکۆ، کارمەندێکی تەندروستی، ئەندازیارێک‌و هتد.. چیە لەم کەرتە گرنگەدا؟ کارمەندی تەندروستی چ پشکێکی لەگۆڕانکاریەکاندا بەردەکەوێت؟ لەکۆتاییدا دەبێت چی بکرێت؟

بەبیروبۆچونی من هەنگاوی یەکەم:
لەڕاستیدا لەم ساتەوەختەدا، یەکێک لەگەورەترین‌و بارگرانترین قەیرانەکان کە روی تێکردوین، قەیرانی دارایی‌و بێموچەییەو بۆ ئەم مەبەستە دەبێت چی لەموچەی کەرتی تەندروستی بکرێت؟ لەکاتێکدا کە بەشێکی زۆر لەپزیشکەکان لەسەرتاسەری کوردستان چەندین جار مانیان لەبێموچەیی‌و کەمکردنەوەی موچە گرت.

بەرلەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، لەخۆم دەپرسم کە ئایا تا ئەم کاتە بەپێی قانونی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، حەقدەستی کرێکارێک، مامۆستایەک، ئەندازیارێک، پەرەستارێک، پزیشکێک پەرلەمانتارێک، وەزیرێک، سەرۆکی پەرلەمان، حکومەت‌و هەرێم‌و هتد.. لەکاتژمێرێکدا چەندە‌و بەچەند مەزەندە کراوە؟ چین ئەو هاوکێشانە‌و هاوسەنگیانەی کە بۆ دیاری کردنی ئەم پارەیە دەستنیشان‌و دیاری کراون؟

من بۆ خۆم لەوە دڵنیا نیم‌و نازانم لەسەر چ بنه‌مایەک دانراوە، بەڵام لەبەرئەوەی وەک پزیشک نزیکەی ١٤ ساڵ لەنەخۆشخانەکانی ئەڵمانیادا کارم کردوە‌و زانیاری تەواوم لەسەر سیستیمی ئەڵمانی هەیە‌و دەتوانم بەدڵنیاییەوە لەسەری قسە بکەم، دەمەوێت لێرەدا نمونەی ئەو وڵاتە پێشکەوتوە بهێنمەوە‌ تەنیا بەمەبه‌ستی بەرچاوڕونی خوێنەران.

لەو وڵاتە کاتژمێری کارکردن لەمانگێکدا لەنێوان (١٦٠- ١٧٦) کاتژمێرە (تێبینی هەر کارکردنێک لەم کاتژمێرانە زیاتر بێت، ئەوا ئەوکەسە یان پارەی زیادە وەردەگرێت یان رۆژی پشودانی زیاتر دەبێت).

بەپێی قانونی حکومەتی هەرێم، هەر کارمەندێک (پزیشکێک) پێویستە ١٤٤ کاتژمێر لەمانگێکدا کاربکات. تائێستا هیچ یاسایەک بۆ ئەو کاتژمێرە زیادانەی کارکردن شک نابەم، خۆ ئەگەر هەشبێت، ئەوا بەدڵنیایەوە دەڵێم کە لەکەرتی تەندروستیدا کاری پێناکرێت!
بۆ نمونە موچەی پزیشکێکی پسپۆڕ لەئەڵمانیا لەساڵێکدا ٨٨٠٠٠ هەشتاو هەشت هەزار یورۆ‌و موچەی پزیشکێکی راوێژکار لەساڵێکدا، سەدو شانزە هەزار ١١٦٠٠٠ یورۆ‌و بەڕێوەبەری هۆبەی پەرەستاریی/ کارمەندی تەندرووستی٧٩٠٠٠ حەفتاو نۆ هەزار یورۆ لەساڵێکدا وەردەگرێت.

هەر لەو وڵاتەدا پەرلەمانتارێک ساڵانە ١٠٩٠٠٠ سەدونۆهەزار یورۆ وەردەگرێت.
واتە پەرلەمانتارێک لەپزیشکێکی راوێژکار کەمتر وەردەگرێت!
پزیشکی بەرپرسی بەشێک/ سەرۆک بەشێک ٢٧٩٠٠٠ دوسەدو هەفتاونۆ هەزار یورۆ لەساڵێکدا وەردەگرێت (لێرەدا مەبەستم لەو پزیشکە پسپۆڕەیە کە سەرۆک بەشە، بۆنمونە سەرۆک بەشی نەشتەرگەریە، هەناویە، مناڵ بونە‌و هتد..)‌ە.
موچەی وەزیرێک لەساڵێکدا نزیکەی ١٦٩٠٠٠ سەدوشەست ونۆ هەزار یورۆیە.

واتە موچەی سەرۆک بەشێک لەموچەی وەزیرێک زیاترە.
کەمترین حەقدەستی کرێکارێک (بێ ئەوەی شارەزایی یاخود بڕوانامەیەکی هەبێت) لەکاتژمێرێکدا ٨،٥-١٠ هەشت‌و نیو بۆ دە یورۆیە.
پزیشکێک بەپێی پلەکەی لە (خولاو بۆ پلەبڵندو بۆرد‌و پسپۆڕ‌و ڕاوێژکارو..) لەکاتژمێرێکدا لەنێوان (٢١- ٥٢) یورۆ وەردەگرێت.، سەرۆک بەشەکە (پزیشک سەرۆک بەشی نەشتەرگەری، هەناوی، ژنان‌و منداڵبون، منداڵان‌و هتد..) کاتژمێری نزیکەی ١٢٦ یورۆ وەردەگرێت!
ئایا لەکوردستان چۆن ئەم پلەبەندیە کراوەو چ بنەمایەکی زانستی‌و ستانداردی جیهانی هەیە؟

بەکورتی‌و بەکوردی یەکەم هەنگاو کە دەبێت بنرێت ئەوەیە، پیاچونەوە بەموچە‌و هەقدەستی پزیشک‌و کارمەندانی تەندروستیدا بکرێت‌و لەسەر بنامەیەکی دروستی جیهانی دابنرێت. ئەمەش تەنیا بەوە دەکرێت کە حەقدەستی هەمو تاکێکی کۆمەڵگا بەپێی ستانداردە جیهانیەکان دیاریکراو بێت، لەکرێکار‌و کارمەندی پرسگەوە، بۆ مامۆستا، ئەندازیار، پارێزەر، دادوەر، پزیشک… هتد، هەتا دەگاتە بەڕێوەبەر، ئەندامپەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیر، سەرۆک وەزیران‌و، لەکۆتاییدا سەرۆکی هەرێمیش.
ئەمانە دەبێت پلەبەندی بکرێن‌و هەرکەسەیان بەپێی بڕوانامە‌، پسپۆڕی، شارەزایی‌، تەمەن‌و پلەی خێزانی پلەبەندیان بۆ بکرێت. ئەگەر ئەم کارەش نەکرا، ئەوا پێویستە لەسەر حکومەت رونکردنەوەیەکی لۆجیکانەمان بداتێ‌و ئاگادارمان بکاتەوە کە بۆ دەبێت ئەو جیاوازییە گەورەیە لەنێوان موچەی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت‌و سەرۆکی پەرلەمان، پەرلەمانتارێک، وەزیرێک‌و پزیشکێکدا هەبێت؟

دانانی کەسانی شیاو (تەکنۆکرات) لەشوێنی شیاودا
بەداخەوە تائێستا بەهۆی ململانێی حزبیەوە، زۆربەی شوێنە هەستیارەکان (لەکەرتی تەندروستیدا) لەبەڕێوەبەری بنکەیەکی تەندروستیەوەو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان‌و بەڕێوەبەری هۆبەکانەوە بۆ بەڕێوەبەری گشتی‌و جێگرەکانی هەتا وەزیریش‌و جێگریی وەزیر ئەوەندەی زۆربەیان لەسەر بنەمای حزبی دانراون، کەمتر لەسەر بنەماو پلەبەندیەکی زانستی، شارەزایی‌و بەپێی بڕوانامە کانیان دانراون.

لەوڵاتە پێشکەوتوەکاندا، بەدەستهێنانی هەر پلەوپایەیەک لەسەر بنەمای زانستیەو ئەو جێگە بەتاڵە بەئاشکرا رادەگەیەنرێت‌و دەخرێتە پێشبڕکێوە/ منافەسەوە. دەرگا دەکرێتەوە بۆ هەمو کەسێک‌و شانسی پێشکەشکردن‌و بەشداری لەپێشبڕکێکەیدا پێدەدرێت.
ئەوجا بەپێی (سیڤیەکەی) ئەوانەی کە مەرجی وەرگرتنیان تێدایە دەخرێنە بەردەم لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە. ئەو کەسانەی لەو لیژنەدا بەشدارن کەسانی پسپۆڕو شارەزان لەبواری بەڕێوەبردن‌و مانجمێنت (کارفەرمایی) دا.

دوای ئەوەی لیژنەکە ئەو کەسانە هەڵدەسەنگێنن‌و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەن‌و دواجار بەیەکتر راوێژ دەکەن‌و بەپێی سیڤیەکەو وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کە لەلایەن لیژنەکەوە لەکەسانی داواکار کراون، بڕیار دەدرێت لەسەر وەرگرتنیان یان نا. نەک بەپێی پلەبەندی حزبی‌و ناسیاویی یەکێک لەبەرپرسە حزبیەکان.

جا لەبەرئەوە بەبیروڕای من کاتی ئەوە هاتوە کە هەر لەئەمڕۆ بەدواوە چەندین لیژنەی هەڵسەنگاندن دابمەزرێت بۆ بەدواچونەوەی ئەو کەسانەی کە پۆست‌و پلەیان هەیە. ئەوەش بەچونەوە بەسیڤیەکەیانداو رێگەدان بەخەڵکیتر کە لەمەودوا شانسی پێشکەش کردن‌و وەرگرتنی پۆست‌و پلەوپایەیان بەپێی شیاوییان بۆ ئەو پۆستانە هەبێت. واتە دانانی کەسانی تەکنۆکرات لەجێگە گرنگ‌و هەستیارو شوێنە بڕیاردەرکاندا. ئیتر بەسە دانانی کەسانی نەشیاو و نەگونجاو لەشوێنە هەستیارەکاندا، پێویستە ئاوڕێکی راستەقینە لەم بابەتە بدرێتەوە.

پشکی ژنان لەکەرتی تەندروستیدا
بەپێی ئامارە بەراییەکانی کە لەبەر دەستماندایە، ئێمەی ژنە پزیشکەکان نزیکەی لە ٣٣٪ پزیشکە پیاوەکانین. تا ئێستا دەتوانم بڵێم کەمتر لە٣٪ پۆستەکان بەدەست ژنانەوەیە. لەم ساتەوەختە بەدواوە پێویستە ژنان هەلی پێشەوەچون‌و سەرکەوتن‌و بەدەستگرتنی شوێنە هەستیارەکانیان پێبدرێت.

ئەوەش بەدانانی ژن لەو لیژنەی هەڵسەنگاندنانەدا، بەشێوەیەک کە ژنبون نەبێتە رێگر بۆ دانانیان لەجێگە هەستیارەکان.
لەئەڵمانیا، بەهۆی ئەوەی سیستمی تەندروستی سەر بەحکومەت/ کەرتی گشتی نیە، بەڵکو سەر بەکەرتی تایبەتە، چەندین جار چومەتە بەردەم ئەو جۆرە لیژنانەوە. لەهەمو لیژنەکاندا (ئەگەر پۆستێکی هەستیارو گرنگ بوایە، وەک بەڕێوەبەری یاخود جێگری بەڕێوەبەری) ئەوا، ژنێک لەوێ دەبو تا رێگربێت لەبەکارهێنانی نایەکسانی جنسی/ جەندەرو پیاوەکان نەبنە رێگر لەبەرەو پێشچونی ژنان.

جا لەبەر ئەم هۆکارە، کاتی ئەوە هاتوە کە بەپێی پێگەی خۆمان رێگەمان پێبدرێت‌و شانسی بەرەو پێشچون‌و وەرگرتنی پۆست‌و پلەمان پێبدرێت. لەم سیستمە تازەیە کە بڕیارە لەلایەن یەکێتی‌و گۆڕانەوە جێبەجێ بکرێت، دەبێت دۆزی ژن گرنگیەکی تایبەتی لەکەرتی تەندروستیدا پێبدرێت‌و چیتر شیاو نیە بەپاشکۆی پیاوان دابنرێن. پێویستە ژنان بەپێی کارامەیی، پسپۆڕی‌و شارەزایی‌و تواناکانیان هەڵبسەنگێنرێن‌و مافەکانیان بپارێزرێت.

سه‌رچاوه‌ : ئاوێنه‌


PM:02:04:21/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 2911 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی