کاندید بوون ئەزمونێکی تازە و جیاواز

‌د. رێزان هەردی



دواجار من خۆم باوەڕم هەیە، گەر شتێکت تاقی نەکردبێتەوە و هەوڵت بۆ نەدابێت، چۆن چاوەڕوانیت ئەو ئامانجە بێتە دی؟

من گەشبینم بەوەی گەرگۆڕانکاریی پێویستی بە هەنگاوی یەکەمیش بێت، ئەوا دەبێت ئەو هەنگاوە بنێین.
ئێستاش  دڵنیام گەرهەرکەسێک لەهەر بوارێکدا هەنگاوی یەکەم بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری بنێت، ئەوا بەدڵنیایی کاری هاوکارەکانی دوای خۆی ئاسانتر دەکات و بەمجۆرە دەتوانیین بەرەو باشتربوون و چاکسازی لە زۆر لە بوارەکانی ژیانماندا هەنگاو بنێێن.
هەربۆیەش بڕیاڕمدا و ڕازی بووم بە کاندیدبوونم لەسەر لیستێک کە ئاراستەی دژەگەندەڵی و بەدیموکراسیبوونی کۆمەڵگای کردۆتە ئامانج.

*لە سەردەمانی بانگەشەدا خەڵکانی زۆر دڵسۆز و بەئەمەکم ناسی لە هەموو چین و توێژێژەکان.
لەکاتی بانگەشەدا لەناو بازارەکاندا، هەبوو بەزمانێکی سادە دەیگووت:
- دە،  دکتۆرەگیان ڕازیت چایەکمان لەگەڵدا بخۆیتەوە؟ ئادەی ٣، ٤ چا بێنە!.
دادەنیشتم لەناویاندا و هەرکەسە بە سادەیی باسی گرفت و خەمەکانی خۆی بۆ دەکردم.
ئەم خەڵکانە زۆربەیجار سەر بە حیزبی جیاواز و لایەنگری لیستی جیاواز بوون.
بۆم دەرکەووت لە ٠٩٥٪ خەڵکی ئێمە بەشێوەیەکی بەڕێز و ئارام و لەسەرخۆ گوێ دەگرێت و یان ڕەخنە دەگرێت و یان پێشنیارێکت پێشکەش دەکات.

ئەمە مایەی دڵخۆشییە بۆ من و سەیریمکرد، زۆرینەی هاووڵاتیان خەمخۆری ووڵاتن و مرۆڤی دڵسۆزن و حەز بە چاکسازی و ئارەزووی باشترکردنی گوزەرانیان دەکەن. ئاواتەخوازن گۆڕانکاری گەورە لە ڕێی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمەوە بکرێت.

بۆیە هەر لێرە سوپاسی یەک بەیەکی هەموو ئەوانە دەکەم کە متمانەی خۆیان پێبەخشیم و ئەوانەی تەنانەت متمانەشیان پێنەبەخشیم.
دواجار پیرۆزبایی لە هاوکارە سەرکەوتووەکانم دەکەم و هیوادارم کاری باش بکەن.
ڕەوانشاد نەوشیروان موستەفا ڕێبازێکی پڕلە ئەزمون و چڕ و پڕی بۆ بەجێهێشتووین کە وەک چرایەکی ڕێگەڕۆشنکەرە و سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ هەموومان و دەتوانیین سودی لێببینیین.
لە کۆتاییدا پەشیمان نیم لە خۆ کاندیدکردنم.

چونکە ژیان بە خۆشی و ناخۆشی وبە سەرکەووتن و ژێرکەووتنەوە دەبێتە ژیانێکی ڕاستەقینە.
هەربۆیەش وەک پزیشکێکی پسپۆڕ و وەک مامۆستایەکی زانکۆ هەروەک جاران بە دڵسۆزی لەسەر کارەکەی خۆم بەردەوام دەبم بۆ خزمەتی گەلەکەم.

سوپاس بۆ میللەتە بێکەس و بەدبەختەکەم.  ئێوە شیاوی باشترین سیستم و جوانترین ژیانن. من لەم پێناوەشدا بەدڵنیاییەوە هەربەردەوام دەبم.


AM:08:19:22/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 6690 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی