من لەخەونێکی خۆش ڕاچڵەکیووم

‌د. رێزان هەردی


بەناوشە قامەکاندا دەسوڕێمەوە وچاودەگێڕم، تا خودا حەزکات خەڵکی ڕژاوونەتە ناو کووچە وکۆڵانی شارەکەم وکەس بەکەس نیە. لەهەموو لایەکەوە، لێشاووی خەڵکە. منی بێئاگا تێکەڵ بە ئاپووڕای جەماوەر دەبم ولەناوویانداو وون و سەرگەردانم.

هەریەکە ئاڵایەکی کوردستانی هەڵگرتووە و پڕ بەقوڕگی هاوار دەکات. کۆمەڵێک دەهۆڵ و زوورنایان پێیە و سەرچۆپیان گرتووە. دەستەیەک گەنجیش بە ناو جەماوەرە خرۆشاوەکەدا  وبە ئاڵایەکەوە هووتاف دەکێشن. خانمێکی تەمەن ناوەندی ڕەشپۆش لە پێشی مەسیرەکەوە دەڕوات و هاوار دەکات:
-مژدەبێت خووشک و برا
-دەوڵەتی کوردی ڕاگەێنرا

هەموو پڕ بەقوڕگی خۆیان لە دواییەوە دووبارەی دەکەنەوە. ئەوجا تێدەگەم کە ئەم خرۆشاندنە چییە. بە سەرگەردانی چاو دەگێڕم و فرمێسکی خۆشی چاوەکانم لێڵ دەکەن. لەپڕ یەکێک ڕامدەچلەکێنێت : 
-دایە گیان ئاگات لە خۆت بێت، دەکەوویتە بن دەست وپێ.

ڕادەچڵەکم و چاووەکانم هێشتا تەڕی فرمێسکەکانن. دەڕوانم لە ژووری نووستنەکەمدام و کەس لەماڵ نیە. بەپەلە لەنا وجێ هەڵدەستم ولە باڵکۆنی ئاپارتمانە بچووکەکەمانەوە دەڕوانمە خوارێ. گوێم شل دەکەم، بەڵام شار کپ و مات و بێدەنگە، هەروەک خۆڵی پێداکرابێت.

دڵم ئۆقرە ناگرێت. بلوز و پانتۆلێک لەبەردەکەم و ڕادەکمە سەر شەقامەکان.
خۆ لە هەموو سووچێکی شارەکەم خەڵک بە لێشاوو وەستاوە. بەڵام لە جیاتی ئاڵای کوردستان لێرە و لەوێ ئاڵایەکی ڕەشیان بەدەستیەوەیە وئاڵا ڕەشەکە بەدەم کزەبایی ئەم پاییزیی ماتمەوە دەشەکێتەوە.

خۆم دەکەم بەناویاندا و لە پەنایەکدا داپیرەیەک سەرنجم ڕادەکێشێت، پریاسکەیەی پێیە وئاڵایەکی خوێناویی کوردستانی تێوە ئاڵاندووە بەسەریدا دەلاوێنێتەوە. دەچمە بەردەمی و دەستە چرچ ولۆچەکەی، کە هەر چرچێکی شوینپەنجەی ماندوو بوونێکی زۆری پێوە دیارە، دەگرمە ناوو دەستم و دەپرسم: 
- دایە گیا ن ئەوە چیە؟
سەیرم دەکات و بەپەلە باوەش بەئاڵا خوێناوویەکەدا دەکات دەڵێت: 
- نایدەم بەکەس. ئەوە دوێنی کوڕەزاکەم پێش شەهید بوونی لە کەرکوک ئاڵاندبوی لە خۆیەوە. ئەوە هەڵێدەگرم. 

ئەو جا بەدەنگێکی بەرز دەیداتە پڕمەی گریان. فرمێسکەکانی هۆن هۆن دێنە خوار.
 سەربەرزدەکەمەوە، مامەپیرەیەک وەستاوە و سەیرمان دەکات. گۆچانەکەی دادەنێت و لە تەنیشتمان لەبەردەرکی سەرا دادەنیشێت و هەر چرچێکی دەمووچاووی ئاماژەی هەزاران خەم وچەرمەسەرییە ئەم ژیانە پڕ ئازارەیە.
بێئەوەی من بپرسم، تێم دەڕوانێت و گۆچانەکەی بەرزدەکاتەوە ودەڵێت: 
-گۆچانەکەم شکا کچم. ئەم گۆجانە بۆ من و خێزنە بچوکەکەم زۆر گرنگە.  لەو ساتەوەی لە هەشتاکاندا تاقە کوڕەکەم لەسێدارەدرا و سێ، چوار هەتییوی بۆمن و دایکە پیرەکەی بەجێهێشت، ئەم گۆچانە عەسای دەستمە وبەخێوکەری ماڵ و هەتییوەکانمە.

 تا پیرێژن مابوو، لیفەکەی بۆ دەچنیم و منیشم لۆژ لۆژ بەناو کوچە وبازارەکانی سلێمانیدا دەوسوڕامەوە و بەم گؤچانەوە لیفکەکانم دەفرۆشت و ماڵ و منداڵم بەسەربەرزی بەخێو دەکر. 

ئاخێکی قووڵ هەڵدەکێشێت و بەردەوام دەبێت:
- بەڵام پیرێژن بەرگەیی مەرگی تاقە کوڕەکەمانی نەگرت. ئەوا چەندین ساڵە، هەر بۆخۆم لیفکەکانیش دەچنم و دەشیفرۆشم.

سەیرێکی ئاسمان دەکات و چاوەشینەکانی ڕوونترن لە شینایی ئاسمان و لەپڕ چاو دەخاتە ناو چاوم  و دەڵێت: 
-ئەمڕۆ گۆچانەکەم شکا، پشتم شکا.

داپیرە ش دەست بەلاوانەوە دەکات:
-کەرکوکم ڕۆ
-خانەقین و جەلەولام ڕۆ
-کەلار وکفریم ڕۆ
-گشت شارەکانی کوردستانم ڕۆ
-دەوڵەت ی کوردی و کوردستانم ڕۆ
-هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ، برا ڕۆ
-کوڕی گەنج وجوانم ڕۆ

بە گریان بەجێێان دەهێڵم وئاواتەخوازم ئەمە دێوەزمەیەک بێت، خەونێکی ناخۆش بێت. 
ئەی ئەوەی من بینیم چی بوو؟ ئەوە ئەم جەماوەرەوە سەرلێشێواوە بۆچی لێرەن؟ 
لەناکاو گەنجێک پێم دەڵێت:
- دایە گیا ن ئاگات لە خۆت بێت. دەبیت بەژێر دەست و پێی خەڵکەوە. 

ووردە ووردە خۆم  لە جەماوەرە خرۆشاوەکە دووردەخەمەوە و تێدەگەم ئەوەی کە من دیتم تەنیا خەونی من نەبوو. ئەوە خەونی داپیرە و مامە پیرە و هەمووان بوو. 

من لەخەونێکی خۆش ڕاچڵکەکیووم.


AM:10:38:18/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 7002 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی