ئەرێ خەڵکی ئەم زەمانە بۆی وا لێهاتووە؟

‌د. رێزان هەردی

لەو دەمەوەی بۆ زیاتر لە ساڵێکە لە نەخۆشخانەی فریاکەووتنی سلێمانی دەست بەکار بووم، هەوڵم داوە و بەردەوامیش هەوڵ دەدەم تا کارو ئەرکەکانم بە دڵسۆزانە بە جێبهێنم، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگر بم لەوەی کە کارەساتە دلتەزێنەکان کارم تێبکەن. تا بتوانم لە سەرکارکردن بەردەوام بم و بە دەروونێکی تەندرووستەوە ئیشەکانم لەگەڵ هاوپیشەکانمدا بە ئەنجام بگەێنم و ژیانی تایبەتی خۆم بە شێوەیەکی ئاسایی بەسەر بەرم.

بەڵام ڕۆژان تێدەپەڕن و من زیاتر هەست بە نامۆیی لەم شارەدا و لەناو ئەم خەڵکە و ئەم نیشتمانەدا دەکەم.

-تۆبڵێی من خەڵکی ووڵات و ئەستێرەیەکیتر بم؟ بۆیە هیچ سەر لەم ژیانە دەرناکەم، چونکە من لە سەردەمانێکیتردا گەورەبووم و بەجۆرێکیتر پەرەوەردە کراوم.؟

-بڵێی من هەڵە و نامۆم بم و هەزم کردن و تێگەیشتنی ڕووداوەکانم بۆم سەخت بێت!

من نابێت خەڵکی ووڵاتێک بم کە دایک و باوک وتەنانەت نەنک و بابەگەوەرەش دەستیان دەچێتە جگەر گۆشەکەیان و بەبرسێتی دەیهێلننەوە و بەئازار و ئەشکەنجەوە، چاوەڕوانی مردنی دەکەن!

-من نابێت لەناو خەڵکێکەوە دەرچووبم کە پیاوەکەی بە خاکەناز و بە قەسدی کوشت جەستەی هاوسەر و دایکی ٥ منداڵی بریندار دەکات بۆ ئەوەی بەرەو لێواری مردنی ببات.

-من چۆن دەتوانم لەگەڵ باوکێکدا هاووڵاتی بم، کە لەگەڵ هاوسەرەکەی بێبەزەییانە پلان بۆ ئازار و کوشتنی منداڵەکانی دادەنێت؟

-چۆن دەتوانم هاونیشتمانی ئەو ئامۆزایانە بم کە لەسەر ژن و ژن خوازی پەلاماری چەک لەیەکتر دەدەن و بێترس و بێسڵ کردنەوە یەکتری بەر گووللە دەدەن؟.

-ئاخر کەی دەبێت من دراوسێێ خانمێک بم کە لەسەر، شەڕی منداڵەکەی لەگەڵ ئامۆزاکەیدا، بە چەقۆوە دەچێتە سەر ئامۆزا و برینداری دەکات؟ تەنانەت مەرگی لایەنەکەیتر نەک پەشیمانی و گریانی لا درووست ناکات، بەڵکو ڕق و کینەی زیاترلە دەروونیدا دەچێنێت؟!.

-ناتوانم خەڵکی دەڤەرێک بم کە هاوڕێ و دۆستەکانی لەسەر گفتووگۆیەکی توند و تیژ، یەکێکیان چەقۆیەک بەهەناوی ئەویتردا دەکات و هاوڕێی منداڵی غەرقی خوێن دەکات؟...

-من چۆن دەبێت ناسیاوی ئەو باوکە بم کە لەسەر خۆشەویستەیەکی پاک و بێگەرد، تەنەكه‌یەک نەوت بە کچەکەیدا دەکات و ئاگر بەردەداتە جەستەیی کچە ناسکەکەی؟...

-چۆن دەبێت خەڵکی ووڵاتێک بم کە منداڵ لەگەڵ هاوڕێ و هاوسێدا هەڵدەکوتێتە سەر باوک و دایکی و لەبەر چەندین هەزار دینار باوانی خۆی بەر چەقۆدەدات و دەیان کوژێت و خەڵتانی خوێنیان دەکات...

ئەمانە مشتێکن لە خەروار، لەو ڕووداو و کارەساتانەی ڕوو لە نەخۆشخانەی فریاکەووتنی سلێمانی دەکەن !

ئەی هاوار ، خەڵکی بۆوای لێهاتووە؟ چیتر ناتوانم هەمووی بە رووداوی ئاسایی و ڕێکكەوت بزانم. ئەمانە ئەو ڕووداوانەن کە دەبێت ئیستیان لەسەر بکرێت و لێکۆڵینەوە لەسەر بکرێت. چارەسەر دەبێت چى بێت؟

ئەی ئەودلسۆز ومرۆڤ دۆستانەی، کە ئارەزووی هاووڵاتی و هاوونیشتمانی تەندروووستييتان هەیە، بە ڕای ئێوە چارەسەری ئەم دەروونە نەخۆش و شێواوەی خەڵکانێکی ئاوا بەچی و چۆنی دەکرێت؟.


AM:09:19:29/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 3573 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی