عەرەب چاومانن

‌هاوكار حسێن

کوڕە وەرنەوە ھۆش خۆتان بۆ خاتری خوا؛ ھەر بەڕاست خەمی ئـەوەتە کابرای عەرەب، موڵکی تۆ بکڕێت؟ تۆ لەوڵاتێکدا ئـەژیت ٪٦٠ی تەلبەندکراوە، دەوڵەتی عوسمانی و بەریتانیاو ئـەمریکاش ئـەم وڵاتەیان داگیرکرد، سەخافەتی لەوشێوەیان نەکردوە. پێم بڵێ کوێ لەسەر عەرەب و بیانی تاپۆئـەکرێت؟ بۆ خاک ماوە تەنانەت سوێندیشی پێبخۆیت تا بۆ تاپۆکردن مابێت؟ ئـێستا ئـەگەر یەکێ بیەوێت سوێند بەنیشتمان بخوات، ئـەبێت بڵێت: "قەسەم بەباخەکەی فڵان کەس، سوێندم بەدۆنمە تەلبەند کراوەکەی فڵان کەس".

یەکێک نەزانێت لەلاس ڤێگاس ئـەژیت، سوێندم بە مەزرەعەکەی محەمەد خەیلانی، ئـەو بڕیارەی پارێزگاری سلێمانی ھەتا پەنجا ساڵی تریش کاری پێبکرێت، عەرەب و بیانی پەنجا موڵک ناکڕن. جارێ لەو کەسە گەمژەتر نیە کە لەم مەسەلەیەدا باسی کەسانی بیانی دەکات، ئـاخر پێم ناڵێن کێ ئـەوەنە ئـەحمەقە، لەوسەری دنیاوە دێت ١٠ دەفتەر دۆلار بدات بەموڵکێک لەدوەمین گەندەڵترین وڵاتی جیھان؟ ئـاخر شارەکەی تۆ ھۆلیودی لێیە یان بۆلیود، ئـۆفیسی سەرەکی نەتەوە یەکگرتوەکانی لێیە یان بانکی نێودەوڵەتی، کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی لێیە یان دادگای لاھای، بورجی خەلیفەی لێیە یان ئـیڤڵ؟ کوڕە ئـێستاش گەڕەکەکانی دەوروبەری شارەکەی تۆ پڕە لەمانگاو مەڕو بزن. ھەر بۆ مەعلوماتتان، ٦ مانگ لەمەوبەر ھۆدەیەکت بەکرێ دەستنەئـەکەوت لەسلێمانی، ئـێستا بڕۆ نوسینگەکانی خانوو، چەکمەجەکانیان پڕە لەکلیلی خانوی چۆڵ و کەس بەقروشێ لێی ناپرسێت، ھەرچی عەرەبی خاوەن ئـیمکاناتە رۆیشتونەتەوە بۆ جێ و حاڵی خۆیان، ئـەوانەی لێرە ماون لەوانەن کە نان و ئـارامی دەستناکەوێت لەشوێنی خۆی. باشە کابرا پارەی نانی نەبێت، موڵک بەچی بکڕێت؟

ئـەسڵی بابەتەکە ئـەوەیە، کەس لێرە پارەی پێنەماوە، جا بۆ ئـەوەی پڕۆژەکانی خانوبەرەی کاک فڵان نەوەستێت، بیریان لەم رێگەیە کردوەتەوە، جا روی دەمم ئـەکەمە ئـەوانەی کە بێ ھیچ لێکدانەوەیەکی لۆژیکی خۆیان فڕێداوەتە مەوزوعەکەوە، کەس ھەیە وا قەنافزی سپی بوە، لەم وڵاتە خاوەنی بستێ زەوی نیە، ھەیە تاقمی ددانی کردوەتەوە، ھێشتا کرێچیە، کەچی دەمی لەھەموان گەرمترە. ئـاخر تۆیەک لەسەر ئـەم خاکە لەدایکبویت و کەچی کرێچیت و حسابی ئـاژەڵێکی کێویت بۆبکەن، پێم ناڵێیت موڵک بەتۆ چی؟ ھی کابرای عەرەب بێت یان ھی بەرپرسی دزو گەندەڵ، بۆ تۆی بەرەڵا چی فەرقی ھەیە؟ پێم سەیرە ھەندێک کەس بەقەی کەرەکەی عەبدوڵا پەشێو عاقڵیان نیە کە ئـەڵێت:
کە من کەر بم، بارەبەر بم
کورتان لە پشت، هەشبەسەر بم
فەرقی چییە؟ دەرد هەر دەردە!
کەری تۆ بم، یا هی جەردە


AM:11:28:16/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 3505 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی