پارە-مانتار

‌هاوكار حسێن

هەتا ئێستاش بون بەپزیشک لەکۆنەستی ئێمەدا ئەولەویەتی خوێندنە، دافعەکەش پەیوەندی بەزانستخوازییەوە نیە، بەڵکو لەبەرئەوەی کاتی خۆی کاک فڵانی موزەمید یان دکتۆر فڵان کە لە لاکۆڵانێکدا دوکانێکی کردوەتەوە، دەوروبەر زانیویانە چ داهاتێکی بێشوماری دەستدەکەوێت. ئیدی بون بەدکتۆر لە ئامانجەوە بوە بە وەسیلەی پارە پەیداکردن. ئێستا ئەم کەسابەتە لەبرەو کەوتوە، شتێکی دی سەریهەڵداوە: پارە-مانتاریی.

ئێستا هەمو جۆگەیەک لەکوردستان دەچێتەوە ناو ئەستێلکی پەرلەمانەوە، دافعی گەورەش بۆ بون بە پەرلەمانتاری دیسانەوە فەقەت پول و پارەیە. کابرا لەوڵاتانی ئەوروپا دکتۆرای خوێندوە، کەچی پسپۆڕییەکەی خۆی لا سوکترە لەکاری پەرلەمانتاریی و سەردەکات بەکۆشی دەیان بەرپرسدا بۆئەوەی بیکەن بەپەرلەمانتار. 

کابرا خۆی بەرۆژنامەنوسی نێودەوڵەتی دەزانی و رۆژ تا ئێوارە بەدەوری کۆشکی سپیدا مامەخولەی بوو، کەچی دەرکەوت ئەمەی کردبوە وەسیلە بۆئەوەی بێت بەپەرلەمانتار. دانەیەکی دی لەژێر جبە و مەندیلی مەلایەتیدا، ماڵ و مینبەری خودای بەکارهێنا هەتا ئەو کاتەی دەمی لە لەوەڕی پەرلەمانتاریی گیربوو، ئێستا نەقیزەشی لێدە نقەی لێوە نایەت. یان کابرا مامۆستای زانکۆیە، کەچی دامەزراوەی زانکۆی لا بچوکترە لەپەرلەمان و شەڕە لەقەیەتی بۆئەوەی ئەویش بچێتە ئاخوڕەکەی پەرلەمانەوە. 
گومانم نیە، بڕیارێک دەرکەن موچەی پەرلەمانتاریی بکەن بە ملیۆنێک دینار، هەر بەیانی لەسەدا هەشتای ئەوانەی ئێستا بە بۆینباخی پانەوە خۆیان کاندید کردوە، دەکشێنەوە. مرۆڤ شەرم دەکات کاتێک دەبینێت پارە چۆن کەرامەتی ئینسانی ئێمەی هاڕیوە. کاتێک هۆڵی پەرلەمان لەشوێنی یاسا دانان و کۆتوبەندکردنی حکومەتەوە دەبێتە شوێنی دەوڵەمەندکردنی ئەندامەکانی، واباشترە ئەندامەکانیشی ناوبنرێن پارە-مانتار.


PM:12:22:21/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 4135 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی