کاتێک مامۆستا دەگری

‌هاوكار حسێن

سەرەنجام درامای بایکۆتی مامۆستایان، بەگریانی رێکخەرەکانی، پەردەی لەسەر دادرایەوە. ئەم کۆتاییە تراژیدییە، لەیەک کاتدا هەڵگری دوو پەیامی شادیهێن و خەمهێنەر بوو. شادیهێن بوو بۆ ئەوانەی بەرپرسیارن لەوەی دۆخێکی وا دروستبکەن، مامۆستا بۆ مافی ڕەوای خۆی بگری. خەمهێنەر بوو بۆ ئەوانەی، سێ مانگە ئومێدیان لەسەر سەرکەوتنی ئیرادەی دەنگی ناڕازیی هڵچنیبوو.

دەزانم گریانی بەشێک لەو مامۆستایانە، بەزەیی هاتنەوەو بێهیوا بونە لەو هەموو دڵڕەشییەی کە دەسەڵات دەرحەق بەخەڵکی ئەم هەرێمە دەینوێنێت. بەڵام نەدەبوو بەهیچ شێوەیەک ئەو مامۆستایانە لەبەردەم رای گشتیدا بگرین. چونکە گریان، دواین کاردانەوەی مرۆڤە لەبەردەم ئەو واقیعە تاڵەی توشی دەبێت، گریان هەڵکردنی عەلەمی سپیە لەبەردەم ئارێشەدا. راستە ئەو گریانە چەند دڵۆپێک فرمێسک بوو، بەڵام دوو چاڵی قوڵی بۆ رووداوەکانی ئایندە هەڵکەند، کە پڕکردنەوەیان چەندین ساڵی دەوێت:

یەکەم: چاڵێک بۆ هەموو ئەوانەی ئومێدێکیان بەخەباتی مەدەنی مابوو لەم جەنگەڵەدا، چونکە گریانەکەی مامۆستایان، دوا بزماری لەتاپوتی ئەو شێوازەی خەبات دا.

دووەم: چاڵێک بۆ ئەو نەوەیەی کە ئێستا لەژێر دەستی مامۆستادا پەروەردە دەکرێت. مامۆستا بۆچی دەگری؟ ئەمە پرسیارێکە، لەسبەینێوە هەتا چەندین ساڵی دیکە، لەزیهنەتی ئەو خوێندکارانەدا دەمێنێتەوە کە ئەو دیمەنە دەبینن. هیچ پرسیارێکی بەکالۆری هێندەی ئەمە لای خوێندکار ئاڵۆز نیە. یەعنی چی تا دوێنێ مامۆستا وێنەی مەعبودێکی بۆخۆی لەزیهنی خوێندکارەکانیدا کێشاوە، کەچی ئەمڕۆ لەسەرجادە دەگری؟ مەعبود چۆن دەبێت بگریت؟


AM:11:31:16/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 3488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی