دەرفەتە و درەنگ نییە

‌چيمەن ساڵح


لەسەرەتای هەموو باسێکی  چاکسازی و تەنگژە، خەڵکی کوردستانە کە جێی رێز و ستایشە ،بەو پەڕی خۆڕاگرییەوە بەرگەی هەموو تەنگژەکانی گرت ، بەردەوامە و بێ ئومێد نەبووە . ئینجا هەمیشە بۆ چاککردن و راستکردنەوەی هەرشتێک کات و دەرفەتە ، لەو دامو دەزگایانەی کە پەیوەندییان بە  ژیانی گشتییەوە  هەیە چاکسازیی بکرێ  ،بۆچی درەنگە ،بەڵکو دەتوانرێ بوترێ وادەیە و درەنگ  درەنگ نییە.

سەرەڕای ئەوەی کە بە دەیان کەموکورتی لە کاروباری  حکومەتدا هەیە ،گەلێک لەسەکتەرەکان بەباشی بەڕێوە نابرێن ، کەسانی دڵسۆز کە کاریان پێ سپێردرابێ  کەمن ، ئەگەر کەسی دڵسۆز مەبەستم لە پلە کانی خوارەوە یە و ئەوانەی کە کار بەڕێوە دەبەن کەم نەبێ ،بووە بزمار و برغو ی فەرمانگەیەک کڕیوویەتی بایی (٥٠٠ دۆلار ) بێ ، بووە دەرنافیس بە ١٠٠ دۆلار بێ !!!،، ، بە هەزاران شتی وا ئەوە تەنیا بۆ ئەوەم بوو ، تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەواوی سەکتەرەکان کەمو کورتی زۆریان هەیە ، پارەی زۆر بە خۆڕایی دەڕوا . کارەبا وەک حوت پارەی داهاتی هەرێمی کوردستان دەخوات و کەچی هەر باشیش نابێ ،بەسەدان شتی تر . سەرەڕای هەموو ئەوانە هەرێمی کوردستان لەسەردەمەکانی خۆیدا ژیاوە و لەسەرەتای ساڵانی نەوەتەکان کەوتبووە بەر دوو گەمارۆی ئابوری.  لەگەڵ تۆزێک چاکبوونەوەی دۆخەکەی و بەرنامەی ٩٨٦ ، بارودۆخی  ئابوری خەڵکی کوردستان لە هی بەشەکانی عێراق زۆر باشتر بوو  ، لە بەغدا و موسڵ لە بازاڕەکان  بە کوردیان دەوت (کوێتی) ،بەشی هەرەزۆریی کڕیارە کوردەکانیش خەڵکی ئاسایی بوون ،کە لەکوردستانەوە دەچوون ، لە دوای ٢٠٠٣ەوە دیسان شەپۆلێکی تری خۆشگوزەرانی رووی لە کوردستان کرد و ناوخۆ دراوسێ و دوور سودی لێوەرگرت، پەیوەندییەکانی دنیاش و بەتایبەتی هێزە گرنگەکان ەگەڵ هەرێمی ، لەسەردەمی حوکمڕانیی کوردیدا هەمیشە باش بووە.

لەسەردەمی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی  نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و چەندان گرفتی تریش ،گرفت بۆ کوردستان دروست بووە ، بەڵام لە هەموو ئەو سەردەمە کورت کورتانەدا بەپێی ساڵ و مێژوو ،لە کوردستان هیچ شتێک نەوەستاوە و بە بارودۆخ و سەردەمی کاتەکە  چ بە باش چ بەخراپ کاریگەر بووە ،بەڵام زۆربەی کاتەکە باش بووە  ، پێویستە لەم کاتەدا باشترین چاکسازیی لە کەموکورتییەکانی خۆیدا  ولە دامودەزگاکاندا ،بکات و خۆی پەرە پێبدات  وسەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان هەمەڕەنگ بکرێن و تەنیا لە چوارچێوەی چاوەڕێی  پارەی نەوتدا نەمێننەوە .

نەک درەنگ نییە بەڵکو باشترین دەرفەتە ، کە خەڵک بخرێتەوە سەر کار و لە ماسیخۆرەوە ببێتە ماسیگر ،پیشەکان پەرەیان پێ بدرێ و کەرتی تایبەت لە پرۆژەی بچوک و گەورە و مامناوەندی ،بە دیدێکی جیاوازترەوە و بە پێی یاسا و سودی جیاواز پەرەی پێ بدرێ .ئەوەتا ئیمارات دوای ئەوەی کە چەند ساڵە نەوت هەناردە دەکات ،لە کاتی ئێستادا و لەم قۆناغەدا کە تەنگژەی دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا هەیە ،بڕیاری دا هیچی دیکە نەوت هەناردە نەکات ،دەشێ پێشتریش پێویستی نەبووبێ هەناردەی بکات بەڵاام لە ئێستادا ئەم بڕیارەی دا ،بۆیە تەنگژەکان سەردەمی هێنانە ئارای بڕیارە گرنگەکان و جێبەجێکردنیانە .  
 
هەروەک مرۆڤێکە کە زۆر جار شوێنێکی دێشی کە هەندێک مەترسی لێی هەیە ، بەهۆی ئەوەوە چەندان کەموکورتی تەندروستی خۆی چاک دەکاتەوە ، بۆیە نەک درەنگ نییە بۆ چاکسازی بەڵکو باشترین دەرفەتە  ، کە شێوازی  بەڕێوەبردنی زۆربەی سەکتەرەکان چ لە بەڕێوەبردن ،چ لە رووی یاساوە چ لە رووی سودوەرگرتن لەسەرچاوەی مرۆیی لەهەموو ئاستەکاندا بگۆرێ و چاکسازیی تێدا بکرێ . چارەسەری بنبڕ بۆ گرفتە بەردەوامە کان دابنرێ ، کێشەو گرفت هەر دەبێ بەڵام با کێشەکانمان بگۆرێن و ئەوەی هەیە چارەسەر بکرێ و بیر لە داهاتوو  بکرێتەوە.
 
زۆر گرنگە کە خەڵک بکرێتە تەوەری یەکەمی چاکسازییەکان و دەستبکرێ بە راهێنانی بە شێوە ژیانێکی لە لایەکەوە خۆشگوزەران بەهۆی سود وەرگرتن لەسەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان و چاککردنی ئەو کەرتانەی کە تایبەتە بەژیانی ،لە لایەکی ترەوە پڕ بەرهەم لە لایەن خۆیەوە بە هاندانی بۆ گرنگیدان بە پیشە و کار و سود وەرگرتن لە دەرفەتەکان و ئەمەش هەمووی پێویستە بە یاسا رێک بخرێ.

هەرێمی کورستان ،بە سودوەرگرتن لەمەترسی ئەم تەنگژانە پێویستە بەرنامەی داهاتووی هەمەڕەنگ کردنی سەرچاوەکانی داهات بێ و توانا و سەرچاوەی زۆریش هەیە بۆ ئەمە.
   
گرنگە ،کە تەنگژەکان و سەرچاوەکانیان دیاری بکرێ .لە خاڵە لاوازەکان بکۆڵرێتەوە و هێزی مرۆڤ بە هەند وەربگیرێ زیاتر لە هەموو شتێک ،لە پەنجەرەی کەسی شیا و بۆ شوێنی شیا و،پشت بەوانە ببەسترێ کە خاوەن لۆژیک  و دەستپێشخەریی گۆڕانکارین.

لە ماوەی زوو زوودا ،کارە تەواو کراو و تەواو نەکراوەکان تۆمار بکرێن.
ئەگەر دەزگایەک  ،کەرتێک لەسەر چاکسازییەکەی بەڵگەی نەدا بەدەستەوە ، یەکسەر بە تیمێکی فریاگوزاریی بسپێردرێ.

دەبێ هەمیشە پلان بۆ داهاتوو هەبێ ، داهاتوو سبەینێ و سەدەیەکی دیش دەگرێتەوە  ،کەسی شیاو دەتوانێ  لەهەر بازنەیەکی چاکسازیدا بمانگەیەنێتە ئامانج ،بۆیە هەمیشە لەبەرچاو بێ پشت بەکەسی شیاو ببەسترێ.

من خۆم زیاتر لە خۆشگوزەرانی  خەڵک و  سەرکەوتنی کوردستان لەم باسەدا شتی گرنگترم نییە ،بۆیە پشتیوانی چاکسازیی دەکەم  و بە دەرفەت  وگرنگی دەزانم ، هیوای ئەوەم هەیە کە کوردستان سەردەکەوێ .


AM:11:29:18/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 1756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی