کوردستان و ناتۆ

‌چيمەن ساڵح

پەیمانی ناتۆ ،یاخود پەیمانی باکوری ئەتڵەسی لە ساڵی ١٩٤٩ ،لە  لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لە واشنتۆن پەیماننامەی دامەزرانەکەی ئیمزا کرا . ناتۆ ئەرکی سەرەکی بریتییە لە پاراستنی ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە پەیمانەکەدا . هەروەها بە شێوەیەکی گشتی پارێزگاریی لە ئاسایشی جیهان دەکات ،وڵاتی مۆنتینیگرۆ دوا وڵآتە کە بانگهێشتی دانووستاندن کراوە بۆ ئەندامبوون لە پەیمانی ناتۆ .

بەر لە هاتنی داعشیش لە هەندێک بۆنەدا باس لە کردنەوەی نووسینگەی ناتۆ لە هەرێمی کوردستا ن کراوە و پەیوەندیی لەگەڵ ئەو پەیمانەدا هەبووە ، بەڵام لە دوای شەڕی داعشەوە ،زیاتر داوا لە ناتۆ دەکرێ کە نووسینگەی خۆی لە هەولێر بکاتەوە  ،پێویستە بە زووترین کات هەوڵ بدرێو ناتۆ رازی بکرێ کە ئەو بڕیارە بدات  ونووسینەگەی ناتۆ لە هەولێر بکرێتەوە . ناتۆ جگە لە ئەندامانی ژمارەیەک لە وڵاتان هەن کە هاوپەیمانی ستراتیژی پەیمانەکەنن و ئەندامیش نین تیایدا ، باشترین پێگە ئەوەیە کوردستان دەبێ بەڕەسمی وەک ئەو هاوپەیمانە ستراتیژییانەی  ناتۆ بناسێنرێ ،چونکە بواری تێدایە و کورددستان پێداویستی ئەوەی هەیە و گرنگترین ئەو پێداویستییانەش  هێزی پێشمەرگەیە ،کە نەک دەتوانن ببنە هۆی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچەیە بەڵکو لە هەموو لایەک کاراترن و شەڕی دژ بەداعشیش ئەوەی سەلماندووە و ئەوە بۆ ئایندەی کوردستان زۆر گرنگە .

چەندە سازییە ئەمنی و سیاسییەکانی نێودەوڵەتی بە قورساییەوە لە کوردستان بن ،بۆ ئاسایش و ئارامی و مانەوەی کوردستان گرنگە . لەم رۆژانەدا ،لە بۆنەیەکدا چاوم کەوت بە دکتۆر پیەر ڤان لوین باڵیۆزی پێشووی وڵاتی هۆڵەندا لە عێراق و هەروەها خاتوو ئەمەل کە هاوسەریەتی ، بۆیان باس کردم کە دوای ئەوەی دکتۆر پیتەر ئەرکی دیپلۆماتی لە عێراق تەواو بووە ،خاتوو ئەمەلی هاوسەری  کە لە باوکێکی مەغریبی  و دایکێکی فەرەنسییە ،دەستی بەکار کردووە لەگەڵ رێکخراوێکی ئەنتەرناشناڵ لە عێراق و بەو هۆیەوە لە عێراق دەمێننەوە ،دکتۆر پیتەر وتی ،کە ئەمە بۆ ئەو دەرفەتێکی باش بووە تا بڕیاربدات لەهەولێر بژی .وتی " من بۆ خۆم لەهەولێر شوێنێکی باشتر نادۆزمەوە بۆ ژیان ."  

دکتۆر پیتەر هەر بەهۆی ئەمەوە باسی ئەو رۆژو شەوەی کردلە مانگی ئابی ٢٠١٤  ،کە بەهۆی مەترسی داعشەوە لەسەر هەولێر، خەڵکی نیگەران بوون و وتی ،کە ئەوان لە لایەن وڵاتەکانیانەوە دڵنیا بوون کە هەولێر مەترسیی لەسەر نییە و پارێزراوە بۆیە هەوڵیان داوە هاوکاری حکومەتی هەرێم بکەن تا خەڵکە دڵنیا بێ ئەوەی ئاشکرا کرد ،کە لەگەڵ باڵیۆزانی ئەمریکا و فەرەنسا و خێزانەکانیان و چەندان دیپلۆماتی تری بیانییەوە لە لایەن پارێزگای هەولێرەوە ئۆتۆمۆبێلیان بۆ دابین کراو،بەشەقامەکانی شاری هەولێردا گەڕان و خەڵکیان دڵنیا دەکردەوە کە شاری هەولێر پارێزراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە و ئەوەی دەوترێ پروپاگەندەی تیرۆریستانە ،شارە بەجێ نەهێڵن .

ئەمەش راستی بارودۆخی هەولێر دەردەخات لە کاتوساتی ئەو مەترسییەکدا ، هەوروەها دەری دەخات کە بوونی نێردەی دیپلۆماسیی بیانی چەند گرنگە بۆ ئێستا و ئایندەی ئەو هەرێمە . پێویستە هەرێمی کوردستان  لەهەوڵی ئەوەدا بێ ،کە سازییە دیپلۆماسییە نێودەولەتییەکان و بەتایبەتی  رێکخراوێکی گرنگی ئاسایشی جیهانی وەک ناتۆ بە شێوەیەکی پتەو لەهەولێر بێ و هەر تەنیا لە چووارجێوەی داواکاریی و پەیامدا نەمێنێتەوە هەوڵی بۆ بدرێ.
تەنانەت کوردستان مافی خۆیەتی وەک یەکێک لە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی ناتۆ بناسێنرێ ،لەبەرامبەر ئەو رۆڵەی کە لەشەڕی داعش بینیوویەتی و ئەو قوربانیانەی کە پێشمەرگە داویەتی و پەڕینەوەی پێشمەرگەی کوردستان لە سونرەکانەوە بۆ شاری کۆبانی بۆ بەرگریکردن لەوشارە و سەرکردایەتیکردنی شەڕ هەموو ئەو ماف و پێناسانەی دەدەنێ.


AM:11:53:21/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 1246 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی