زۆرلە پەرلەمانتاران بۆ میدیا کاردەکەن نەک بۆ یاسا

‌چيمەن ساڵح

مافی هەر هاووڵاتییەکە کە سەرەڕای دەستەبەرکردنی رۆشنبیرییەکی یاسایی  هەبێ لەسەر ماف و ئەرکەکانی و بەرچاوو ڕوونی .تریش کە لەو وڵاتەدا دەردەچێ و ژیانی هاووڵاتیی رێک دەخات ،لە و کۆمەڵگایانەدا کە کۆمەڵگا گەیشتووەتە ئاستێکی هوشیاریی وا کە خۆی بەرگریی لە خۆیی و مافەکانی بکات ،کارو چالاکی زۆر ئەنجام دەدرێ بۆ ئەوەی هاوڵاتیی لەو ڕووەوە سودمەند بێ و دەستی بە زانیاریی گشتی و یاسایی بگات .

لە نێو ململانێی سیاسی و بێ بەرپرسیارێتیدا ئەو دەزگاو و کەسانەی کە وا پێویستە ئەو ئەرکە ئەنجام بدەن خەریکە ئەو مافە لە هاوڵاتیی بسەننەوە و یاخود بە لاڕێیدا ببەن و بۆ بەرژەوەندییەکی تایبەتی و کاتی چەواشەی بکەن و بەڕێگای هەڵەیدا ببەن .

 بۆ نمونە نابێ من و دوو کەسی تر لە ژوورێک دانیشتبین ،راستەوخۆ لەگەڵ دەرەوە دا، یەکێک بڵێ دیواری ژوورەکە سپییە ، یەکێک شین ،یەکێک سەوز  و بەم شێوەیە ،یان هەمان کاتتدا یەکێک بڵێ کارەبا هەیە  ویەکێک بڵێ نییە ...  و یەکێک بڵێ  چوار کەسی لێییە و یەکێک پێنج ، ئەگەر حاڵەتێکی وا لەسەر ژوورێکی ئاسایی رووبدا ،ئایا لە زەینی کەسێکی دەرەوەدا ئەو کەسانەی تیایدان چۆن دەبینرێن ، ئەمە ئێستا لە خوێندنەوەی هەواڵەکانی رووبەری میدیاکان بەهۆی لێدوانەکانی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانەوە شێوەی ناو پەرلەمان دەبەخشێ. یەکێک دەڵێ کار دەڕوا یەکێک دەڵێ ناڕوات ، ئەو دەڵێ شینە ئەو دەڵێ سورە .

هەرئەوەشە  بۆ ماوەی دوورو درێژ کۆبووەتەوە و متمانەی خەڵکی بە وتەی پەرلەمانتار و بەرپرس نەهێشتووە و میدیاکانیش لە ئەنجامی تیشک خستنە سەر مانشێتی سەرنج ڕاکێش و کۆکردنەوەی ژمارەی بینەر ،ویستییان بۆ گەیاندنی زانیاری بە جەماوەر کە ئەرکی یەکەم و سەرەکی میدیایە کەم بووە و نەماوە .
رۆشنبیریی یاسایی ،کە کەسێک دەبێتە پەرلەمانتار پێویستە لە ئاستێکی باشدا بێ و بۆ میدیاکان زۆر زۆر گرنگە ئەمە لەسەر بچینەیەکی راست و رەوان بگەیننە خەڵک ،نەک لە باتی شیکردنەوەی رێکارە یاساییەکان یەکەم ئامانج گەیاندنی نیشانەی کێشەو گرفتی سیاسیی و ململانێی توند بێ .

یاسا دەکرێ شیکردنەوەی جیا جیای هەبێ ،بۆ نمونە لەوانەیە دەسەڵات و مەودای دەسەڵات و یاسا هەبن چەندان بیروڕا هەبێ لەسەر شیکردنەوەیان ،دەبینین زۆربەی جار پەرلەمانتاران لە باتی ئەوەیی وا لە بینەر یان خوێنەر بگەیەنن مەبەستیان گەیاندنی شیکردنەوەی یاساییە ،زیاتر شەڕو گرژی لێ دەدەبڕن ،کە دەگاتە دەستی میدیاکانیش خراپتر و توندتری دەکەن ،لەو ناوەدا ،وەرگری بابەتەکە کەخەڵکە دەبێتە زەرەرمەندی یەکەم لە وڵاتدا گرژییەکان زیاتر دەبن .

هەندێک جاریش رێکاری یاسایی هەیە زۆر دیارە ،بۆ نمونە  هەر لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان مادەی ٤١هاتووە کە سەرۆکی پەرلەمان لە رێگەی سەرۆک وەزیرانەوە وەزیرەکان  بانگهشت دەکات،سەرۆک وەزیرانیش بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەت بۆی هەیە دەسەڵاتی خۆی بەکار بهێنێ. واتە لە حاڵەتی وەزیردا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران قسەی دەبێ  و سەرۆکی پەرلەمان بانگهێشتی بۆ دەکات،جگە لەمە رێگای تر نییە بۆ بانگهێشتکردنی وەزیر ،بۆ پلەکانی خوارتریش سکرتێری پەرلەمان ئەو کارە دەکات ،ئەگەر هەر کێشەیەکی گەورە لەوەدا رووبدا ئەوان کە دەسەڵاتدارن سەرۆکی حکومەتە ،سەرۆکی پەرلەمانە  یان هەر وتەبێژێکی راسپێردراو باس لەو کێشەیە دەکەن و راستیییەکەی دەردەکەوێ.کە هیچی وا لەو بەینەدا نەبێ  و رووینەدابێ ،ئیتر لە پێناوی چیدایە کە پەرلەمانتاران  بە بێ هیچ بنەمایەک چەندان شێوە شەڕی میدیایی بەرپا دەکەن و میدیاکانیش بەتێهەڵکێش لەگەڵ سەرچاوەی نادیار توندتری دەکەن . 

 پەرلەمانتارێک دەڵێ ،سەرۆکی حکومەت رێگا نادات وەزیرەکان بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن ،بەبێ ئەوەی خۆی ئامادەبووبێ لە دانیشتنێک کە قسەیەکی وای تێدا کرابێ یان راستەوخۆ قسەی لەگەڵدا کرابێ . یەکێک بەناوی وەزیری داراییە دەڵێ ،سوێندی خواردووە ئامادەنەبێ.باشە وەزیری دارایی ئەگەر ئامادە نەبێ ،خۆ لەرێگەی رۆژنامەنووسێکەوە وەڵامی سەرۆکی حکومەت و ئینجا سەرۆکی پەرلەمان ناداتەوە ،لەرێگەی پەرلەمانتارێکیشەوە وەڵام ناداتەوە ئەوەش رێگە و رێکاری خۆی هەیە. 

پەرلەمانتاران پێویستە شەڕی مێشک و ئارامی هاووڵاتییان  راگرن و هێندە بە دوای کەلێن و لێدوانی سوری واوە نەبن کە ئامانجی گرژی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چەواشەکاریی بێ ،بەدوای ئەوە هەموو تەنگژە و کێشەیەوە بن کە هاووڵاتی هەیەتی و فشار دروست بکەن بۆ چارەسەری کێشەکان و وێنەی ئەو دەزگایە  بە جوانی بگوێزنەوە سەرەڕای ئەوەی دەنگو رەنگی جیاوازیشیان هەبێ. جگە لە هەندێک پرسی سەروەریی کە لە سەرەتای دامەزراندنی هەرێمەوە گفتوگۆیان لەسەر کراوە ئێستاش وا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ .هەموو کارەکانی پەرلەمان و حکومەت و فەرمانگە و دامودەزگاکان رێکاری یاسایی ودەسەڵاتی خۆیان هەیە و لێدوان  لەسەریان بەگەڕانەوە بۆ ئەو رێکارانە هیچ  گرفتێک دروست ناکات.بەڵام ئەوەی ئێستا هەندێک لە پەرلەمانتاران دەیکەن تەنیا فوکردنە بە باڵۆنی هەندێک گرفت و دروستکردنی هەندێکی ترە. 

لەلایەکی ترەوە هەر لەگەڵ دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنەوە لە کوردستان و پاشان ئۆپۆزسیۆنیش بووە بەشێک لە دەسەڵات هیچ گۆڕانکارییەک لەدوای ئەوەوە بەدی نەکرا،شتێکی بەدوای خۆیدا راکێشا کە چوونی وەزیر بۆ پەرلەمان تەنیا بۆ لێپرسینەوە بێ ،چوونەکەی ئاسایی نەبێ ،ئەمەش کاریگەرییەکی یەکجار نەرێنی هەیە ،لەسەر کاری پەرلەمان و حکومەت و کەرتی گشتی بە تێکڕا ،چونکە بەپێی یاسا و بڕگەی سێیەمی مادەی ٤١ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانیش ناو بەناو لە دانیشتنی پەرلەمان کارێی پەسەند کراوە وبۆ پێکەوە کارکردنی زیاترە نەک تەنیا شێوەی دادگایی کردنی وەزیر ببەخشێ ، راکێشانی ئەمە بەو ئاقارەدا تەواو مانای ئەوە دەبەخشێ ،کە کارکردنە بۆ میدیا نەک بۆ بەرژەوەندی گشتی .




PM:12:17:20/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 1355 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی