لە مەلیک مەلیکتر نابێ!

‌چيمەن ساڵح

دوا بەدوای رووداوەکانی فەرەنسا ،هەر جارێکیش کە رووداوێکی کوشتن وبڕین لە وڵاتێکی ئەوروپی روویدا بێ  کاتێک کە هاوسۆزییەکی بەرفراوان بەۆ قوربانییانی ئەو رووداوانە دەردەبڕرێ ،خەڵکێک دەکەونە  ناڕەزایی گوایە ،بۆچی لە و وڵاتانە جار بەجار شتێک روویادوە ،خەلکی ئەم هەموو نمایشی هاوسۆزییە دەکەن ، لە کاتێکدا لە وڵاتانی نەگبەتدا ،رۆژانە خەلکی دەکوژرێنو خوێنیان دەڕژێن بە گرنگ وەرناگیرێ .

وەڵامی ئەوە زۆر ئاسانە  پێویست بە خۆ شپرزە کردن ناکات، چونکە ئەوان خۆیان بەلایانەوە ئاسایی نییە خوێنیان بڕژێ .بەڵام لای ئێمە زۆر ئاساییە خەڵکی بکوژرێن و خوێنیان بڕژێ .هەر کەسێک لەو وڵاتانەی ئێمە بیەوێ کوشتار دروست بێ ،بە فیکەیەک دەتوانێ ئەم کارە بکات ،چونکە هەمیشە کەرەستەکانی شەڕدروستکردن بەردەستن .

ئاشتی هەمیشە سەختە و شڵۆقە ، مرۆڤ نرخی هەرزانە و لە زەینی کەسەکانە مرۆڤبوون نەبووەتە پێشینە و گرنگترین .ئیتر ئەم لۆژیکە چۆن لەگەڵ ئەو حاڵەتە یەک دەگرێتەوە ،داوا بکەی خەڵکی تۆیان زۆر لا گرنگ و گەورە بێ وەک کەسێکی رۆژئاوایی بۆت خەمبار  و نیگەران بن و پرسە ی جیهانیی دابێنێن ،ئەگەر و ئەگەر وا بێ دنیا دەبێ بیستو چوار کاتژمێر پرسەی بێ ،بۆ بیست وچوار کاتژمێرێک هەیە کە کەسێک  تێدا نەکوژرێ لە  وڵاتانی نەگبەت ،کە خەڵکەکانی خۆیان نەگبەتی خۆیان دروست کردووە .

هەندێکیش دەڵێن حکومەتەکانی رۆژئاوا دەستییان هەیە لەهەرچی روودەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی شەڕی دیکە .هەروەها دروستبوونی گروپە تیرۆیستییەکان .ئەگەر ئەمە راستییەکیشی تێدا بێ ،دیسان کەرەستەی ئەو کارەی ئەوان چییە ؟ هەر بەرهەمی بیر وعەقڵ و رەفتار ی ناوخۆیی نییە ، ئەی بۆ حکومەکا نی تر گوایە هەموو کارێکییان  بەندە بە هەواڵگریی و سیخوڕی و دزە کردن ،بۆچیی پێین نەکراوە دە کەسی ئەو وڵاتانەیان دەست کەوێ ،وڵاتی خۆیان بتەقێننەوە  وخوێن بڕژێنن ؟

نەک بەوشێوەیە بیرکردنەوە ،بەڵکو دەبێ زۆر رێزیش بگیرێ لە هزر و بیرکردنەوەی ئەوانەی کە سەرەڕای ،ئەوەی روودەدات هیچ کینەیەک لەسەر بنەمای رەنگ ورەگەز و ئاین دروست ناکەن وهەر دەرگایان بە کراوەیی دەمێنێ بۆ فریاکەوتن و میوانداریی کردن و مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکانی تر.

هەروەها هەمیشە سەرکردەکەنیان لە رووداوی وادا ،پەلە دەکەن لەوەی کە هیچ هەڵوێستی و پەیامێکی رەگەزپەرستی لە خەڵکەکە نەکەوێتەوە ...لێرەدا ئەوە مەبەست نییە بوترێ کەە ئەوان چەند باش و فریشە ئاسان ،بەڵکو مەبەست ئەوەیە ،کە ئێمە دەبێ خۆمان خۆمان گرنگ کەین و خوێن و گیانی مرۆڤی خۆمان بەلاوە گرنگ بێ . بەتایبەت عەرەبەکان کە هەر بەڕاستی بەشێکیان بوون بە نەوەی دڕندە .بەتایبەتی ئێمە لە کوردستان کە هەمیشە قوربانی دەستی دڕندەیی دەرووبەر بووین و خوێن و ماڵ وحاڵی ئێمەیان بۆ خۆیان حەڵاڵ کردووە ،لە کاتێکدا هیچ زیان و مەترسییەکمان بۆ ئەوان نەبووە، نابێ لێرەوەی مێژوو بوەستین ،دەبێ وەڵامدانەوەی توندمان بۆ ئەوان بە نرخ کردنی خوێن وگیانی مرۆڤ و بەرزڕاگرتنی ئاشتی وتەبایی و لێبوردەیی  ناوخۆیی بێ و کراسێک لە خەڵکی ژیرو بەوەفا بۆ مرۆڤایەتی دادڕين


AM:10:50:17/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 1861 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی