کێشەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

‌مەریوان وریا قانیع

ئەم پەرەگرافە ڕوانینی منە بۆ دۆخی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ دا، واتە ٥ ساڵ بەر لە ئێستا کە ئەودەم ھێشتا تاڵەبانی وەک ئەمڕۆی لێنەھاتبو و لە بەغدا سەرۆک کۆماری عێراق بوو. بەشێکی زۆری ئەم ڕوانینانە تا ئەمڕۆش ڕاستن و ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژە دروستییان دەسەلمێنێت. ئەمەش لێکدانەوەکانی دۆخی یەکێتی ساڵی ٢٠١١:

”بەبۆچوونی من یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەدرێژایی مێژووی سیاسی خۆی ھەرگیز بەڕادەی ئەمڕۆی ھێزێکی نەخۆش و بێئیرادە و بێئاسۆیەکی ڕووناک نەبووە. ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا ئەم ھێزەی وێرانکرد، لەم ڕێکەوتنەدا یەکێتی بۆ بەسەرۆکبوونی تاڵەبانی لەبەغدا، خودی یەکێتی تەسلیم بە ئیرادەی سیاسی پارتی کرد. تاڵەبانیش چ تەمەنی و چ لەش و لاری و چ شێوازی خوێندەواریەکەی و چ تێگەیشتنی بۆ سیاسەت، یارمەتی ئەوەی نادەن بتوانێت سەرکردایەتی ھیچ ھێزێک لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئەمڕۆدا بکات. تاڵەبانی لە بەغدا زیاتر سەرۆکێکی تەشریفییە و پیاوی ناو موناسەبات و بەخێرھاتنکردنی میوانە دەرەکییەکانە. شوێنەکەی وەک سەرۆک، شوێنێکی ڕەمزییە و خاوەنی لانی ھەرەکەمی کاریگەری و قورسایی نییە لەسەر سیاسەت لە عێراقدا و لە کوردستانیشدا ئەوەی پارتی دەیەوێت و داوایلێدەکات ئەوە دەکات. لەڕاستیدا یەکێتی لە کوردستاندا کورتبۆتەوە بۆ ھەیکەلێکی سیاسی بچووک، بەڵام بە ھێزێکی سەربازی و ئابوری گەورەوە. لەم دۆخەدا ئەوەی ئەمڕۆ بڕیار لەسەر مەسەلە چارەنووسازەکانی کوردستان ئەدات پارتییە.

کێشەکە لەوەدایە تاڵەبانی لەناو یەکێتیدا ھەموو سەرداوەکانی لەدەستی خۆیدا کۆکردۆتەوە، بازنەیەک لە کەسانی ناکۆک و دژبەیەکی بەدەوری خۆیدا دروستکردوە، وایکردوە ھیچ کەس و لایەنێکیان بەبێ ئەو نەتوانن بەیەکەوە کاربکەن و بگونجێن. ئەوەی ئاگای لە پەیوەندییە ناوەکییەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی بێت دەزانێت چارەنووسی ئەم ھێزە دوای تاڵەبانی تاریکە. بەبۆچوونی من نەمانی تاڵەبانی یەکێتی تووشی قەیرانێکی بێوێنە دەکات، ئەم ھێزە بە ڕادەیەکی ترسناک و بەشێوەیەکی تەواو نەخۆش و ناتەندروست پابەستی کەسایەتیی تاڵەبانییە. تاڵەبانیش، وەک ووتم توانای ئیدارەدانی ململانێ سیاسییەکانی نەماوە. ئەوەی سەرکردایەتی یەکێتی پێویستە بیکات دوو شتە: یەکەم پاراستنی یەکێتییە لە تاڵەبانی، دووھەم پاراستنی تاڵەبانییە لە خۆی. ئەم پیاوە چۆن بۆتە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی لاوازبوونی یەکێتی، ئاواش کەوتۆتە وێرانکردنی کەسایەتی و مێژووی شەخسی خۆشی وەک سەرکردەیەکی سیاسی. بەدووری نازانم یەکێتی لەدوای تاڵەبانییەوە بەڕادەیەکی ترسناک بچووکببێتەوە، ببێتە ھێزێک لاوازتر و بچوکتر، بۆ نموونە، لە یەکگرتوو یان لە کۆمەڵەی ئیسلامی. ساڵانێکی درێژە یەکێتی ڕێ لەوەدەگرێت بەدیلێک بۆ تاڵەبانی دروستببێت، ڕەنگە تاڵەبانی خۆی ھۆکارێکی سەرەکیبێت لە ڕێگرتن لە دروستبوونی بەدیلێک بۆ ئەو. لەدۆخی نەبوونی بەدیلێکدا بۆ تاڵەبانی و لەدۆخی ئەو دابەشبوونە گەورە و قوڵەی ناو سەرکردایەتی یەکێتی خۆشیدا، بە دووری نازانم دوای تاڵەبانی بەشێک لە یەکێتی بچێتە ناو پارتییەوە، بەشێکی تری بچێتە ناو گۆڕانەوە، ھەندێکیان جیاببنەوە و حیزبی سیاسی نوێ دروستبکەن، بەشێکیشیان بەناوی یەکێتییەوە بمێننەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە چی لەو پارە و کۆمپنایا زۆرانە دێت کە یەکێتی خاوەنیانە؟ ئەمەیان پرسیارێکە من نازانم وەڵامی بدەمەوە.

ئەوەی من وەک چاودێرێک دەیبینم پارچەپەرچەبوونێکی لەو بابەتەی یەکێتییە، لێشتانی ناشارمەوە ھیوادارم ئەم چاوەڕوانییانەی من ڕاست نەبن. بەبۆچوونی من توانەوەی یەکێتی کارەساتێکی سیاسییە، نە لەبەرئەوەی یەکێتی ھێزێکی سیاسی پێشکەوتنخواز یان دیموکراس یان ھەرشتێکی پۆزەتیڤی تری لەو بابەتەیە، یەکێتی لەڕاستیدا ھیچ یەکێک لەمانە نییە. بەڵکو لەبەرئەوەی مانەوەی یەکێتی بە قورساییەکی سیاسی مام ناوەندییەوە وادەکات جارێکی تر ململانێی سیاسی سەرەکی لە کوردستاندا کورتببێتەوە بۆ ململانێ لەنێوان پارتی و تاقە ھێزێکی دیکە لەدەرەوەی پارتیدا. بۆ چالاکبوون و دینامیکەیتی ناوەکی کایەی سیاسی کوردی واباشە یەکێتی دوای تاڵەبانی وێران نەبێت، واباشە وەک ھێزی سێھەم یان چوارەم لە کوردستاندا بمێنێتەوە، ترسی من ئەوەیە یەکێتی دوای تاڵەبانی وەک زەحمەتکێشان یان حیزبی شیوعی کوردستانی لێبێت. 

نەخۆشییەکانی یەکێتی لەمڕۆدا فرەجەمسەرن، ڕەنگە لەھەموویان ترسناکتر ئەو پشتبەستنە ترسناکەی یەکێتی بێت بەو سەرکردە پیرەی لە بەغداوە تەماشای حیزبەکەی و کوردستان دەکات. تاڵەبانی لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەدنییەکی ئەوتۆی بە کوردستانەوە نەماوە، ئەو خەونی بەسەرۆکبوونی عێراقی خۆی دەژی و حیزبەکەشی ناکۆکی قورس و توندی ناو باڵەکانی و نەبوونی ئەلتەرناتیڤێک بۆ ئەو سەرکردە پیرە، دەژی. دوای ئەمە زاڵبوونی نوخبەیەکی ئەمنی و سەربازی نەخوێندەوار بەسەر ئەم حیزبەدا ئایندەی سیاسی ئەم ھێزە زیاتر دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک ھەڕەشەی گەورە و ڕاستەقینەوە. لەمەشبتارزێت تێکەڵبووبنی سیاسەت و پارە و سەرمایە بەشێوەیەکی ترسناک لەناو ئەم ھێزەدا وادەکات ھەم پەیوەندییە ناوەکییەکانی ئەم ھێزە لەناو خۆیدا و ھەم پەیوەندییەکانی بە ھێزە سیاسییەکانی تری کوردستان و ھەم پەیوەندییەکانی بە کۆمەڵگای کوردییەوە، تووشی قەیرانی کوشندەببن. ھەموو ئەم شتانە و بەتایبەتیش نەبوونی ھیچ سیاسەت و ھەوڵ و پلانێک بۆ قۆناغی دوای تاڵەبانی ئایندەی ئەم ھێزەی ھێجگار تاریک کردوە".


PM:02:59:02/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 9650 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی