سەلەفیەت و یەکسانکردنی دین بە جەھل

‌مەریوان وریا قانیع

”لەدونیای دوای راپەڕیندا، کە لەروە دینییەکەوە دونیای دروستکردنی هەزاران مزگەوت‌ و بەهێزبونی توانای رێکخستن ‌و مۆبیلەکردنی دین بەگشتیی‌ و ئیسلامی سیاسییە بەتایبەتیی، توانای کۆنترۆڵکردنی ئاینییانەی ژیانی تایبەت‌ و ژیانی گشتیی سەدان جار لە دونیای ئێمەدا گەورە بووە، بە بەراورد بە دەیەکانی بەر لە دونیای ڕاپەڕین. ئەمڕۆ کۆنترۆڵکردنی ئاینییانەی ژیانی گشتیی‌ و بەشێکی گرنگی ژیانی تایبەتیش کۆنترۆڵکردنێکی دینییە، سەلەفیەتی دینیی یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانی ناو ئەم سیستمە نوێیەی کۆنترۆڵکردن لەدونیای ئێمەدا."

”یەکێک لە دەرکەوتە سەرەکییانی ژیانی شار، شارەکانی ناو دونیای مۆدێرن، شارە گەورەکان، بریتییە لە فرەدینیی‌ و فرەدینداریی. لە گوند و شارۆچکە بچوکەکاندا جۆرێک لە هاوشێوەیی‌ و لێکچونی فەرهەنگیی ‌و دینیی هەیە، کە لە شارەکاندا یان بزر دەبێت یان دەچێتە پاڵ شێوازی تری دینداریی جیاواز. ئەمڕۆ لە هەمو شارەکانی کوردستاندا زیاد لە دینێک دەبینرێت، زیاد لە شێوازێک لە دینداریی ئامادەیە و زیاد لە جۆرێک لە جۆرکانی نادین‌ و بێدینییش ئامادەیە. گەشەی ئیسلامی سیاسیی خۆیشی لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ سەرچاوەی کۆمەڵێک دابەشبون ‌و لێکترازانی سیاسییە کە خۆیان لەپاڵ شێوازی جیاوازدا لە دیندارییدا نمایشدەکەن.

ئەگەر بە هەڵەدا نەچوبم ئەمڕۆکە لە کوردستاندا بە ڕەسمی لانیکەم چوار پارتی سیاسیی ئیسلامیی هەیە و لەناو هەر پارتێکیشدا زیاد لە باڵ ‌و ئاراستە و خولیایەک هەیە، کە هەم روانینیان بۆ دین ‌و دینداریی جیاوازە و هەم تێگەیشتنیان بۆ رۆڵی دین لە ژیانی سیاسیی ‌و کۆمەڵایەتیدا و هەم تەفسیرکردنیان بۆ ”جەوهەر”ی دین خۆیشی، جیاوازە. یەکێک لە مەترسییەکانی سەلەفیەت لە کوردستاندا ئەوەیە کە بتوانێت ئەو جیاوازییە دینییانەی سەرەوە لە ناوببات ‌و روانینی سەلەفییانە بۆ دین‌ و دینداریی بەگشتیی بکات. بە مانایەکی دیکە یەکێک لە مەترسییە گەورەکان ئەوەیە کە سەلەفیەتی دینیی فرەڕەنگییەکانی ناو کایەی دین خۆی، بەدینی سیاسیشەوە، لەناوببات ‌و خۆی ببێت بە تاکە ئەلتەرناتڤی هەمویان ‌و سەرجەمی کایەی دین بەڕەنگی خۆی ڕەنگڕێژ بکات.

شارەزایانی بواری ئیسلامی سیاسیی باس لەوەدەکەن لە ساڵانی هەفتاوە سعودیە خەریکی”بەوەهابیکردن”ی ئیسلامە لەهەمو دونیادا، بێگومان لە ڕێگای بەکارهێنانی پیترۆ دۆلارەوە. هەروەها ھێما بۆ ئەوەدەکەن کە بەدرێژایی مێژوی ئیسلام فرەڕەنگیی دینیی بەڕادەی ئەمڕۆ لەلایەن وەهابیزمی سعودییەوە لەژێر هەڕەشە و فشاردا نەبوە. ئەمەش بۆ کۆمەڵگای کوردستانی مەترسیی ئەوە دروستدەکات کە ئەم ئاستە گلۆباڵییەی بەوەهابیزمکردنی ئیسلام لە ناوخۆی کوردستان خۆیدا رەنگدانەوەی بەهێزی هەبێت. بەتایبەتی بەوەی کە پەیوەندیی نێوان سعودیە و ناوچەکە لە پەرەسەندێکی گەورە و بەرفراواندایە و توانای بەوەهابیکردن ‌و بەسەلەفیکردنی دین توانایەکی ھێجگار گەورەیە. تێکەڵبونی ئەم ئاستە گلۆباڵییە بەئاستە ناوچەیی ‌و ناوخۆییەکان، وادەکات کێشەی سەلەفیەتی دینیی لە کوردستاندا، جیاوازبێت لە کێشەی ئیسلامی سیاسیی بەگشتیی. سەلەفیەتی دینیی تەنها دینێکی داخراو و دژەیەکسانیی ‌و دژەئافرەت‌ و دژەکرانەوە گەشە پێنادات، بەڵکو مەترسیی بەسەلەفیکردنی شێوازەکانی تری دینداریشی لێدەکەوێتەوە کە دەشێت لە دینداریی سەلەفییانە کراوەتر و ئینسانیتر و پێشکەوتوتر بن.

سەلەفیەتی دینیی، تەنانەت بڕێکی زۆر لە میکانیزمە دینییە سونەتییەکان بۆ تازەکردنەوەی دین‌ و دینداریی وێراندەکات، لەپێش هەموانیشەوە موغامەرەی ئیجتیهاد و لێکدانەوەی نوێ بۆ تێکست ‌و کەلەپورە دینییە سەرەکییەکان. لەباتی ئەمانە گەڕانەوە بۆ ژمارەیەکی کەم لە سەلەفی بەناو ساڵح ‌و شێوازی روانین ‌و لێکدانەوەی ئەوان بۆ دین ‌و شێوازی پیادەکردنی دینداریی، دەکات بەتاقە مۆدێلێکی راستەقینەی تێگەیشتن لە دین و دەرەوەی ئەو تاقە مۆدێلە وەک لادان لەدین‌ و بیدعە و کوفر مامەڵەدەکات. 

سەلەفیەت لەم ئاستەدا بەگژاچونەوەیەکی بەرفراوانی فیکریی عەقڵانییە لە هەمو دەرکەوتەکان‌ و لە هەمو بوارەکانیدا، بەدەرکەوتەکانی ئەم عەقڵانیەتە لەناو فیکری دینیی خۆشیدا. وەک ئۆلیڤەر ڕوا دەڵێت ئەم شێوازە لەدینداریی "دینە بەبێ فەرهەنگ”، دین بلا ثقافة، دینێکە پڕ جەھل کە هێزە سەلەفییەکان وەک "دینداری پاکژ” وێنا و نمایشیدەکەن."


PM:07:52:30/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 7031 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی