دیموکراسیەت و ژیانی ڕۆژانە

‌مەریوان وریا قانیع

بەدرێژایی مێژوو دیموکراسیەت زۆر دوژمنی ھەبووە، لە ئەرستۆکرات و پادشا و جەنەڕاڵەکانی سوپاوە بیگرە، بۆ ئەو نووسەر و ڕۆشنبیر و خوێندەوارانەی گاڵتەیان بە کۆمەڵگا دێت و خەڵک وەک حەشامەتێک لە گەمژە و نەزان و بێمێشک مامەڵەدەکەن.  ھەموو ئەوانەش کە بەناوی ڕۆحانیەت و بەناوی ئامانج و مەبەستی مەزن و پیرۆزەوە گاڵتەیان بە ژیانی ڕۆژانە و بە ئامادەگیی مرۆڤ لەناو سیاقە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگییەکانی ئەو ژیانە، دێت. دیموکراسیەت ھەم دوژمنی خوێندەوار و ھەم دوژمنی نەخوێندەواری ھەیە. بەڵام یەکێک لە خاڵە ھەرە پۆزەتیڤ و  بەھێزەکانی سیستمی دیموکراسی لەوەدایە کە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکەس و گروپ و کۆمەڵگا زۆر بە جدی وەردەگرێت.

ئەو سیستمە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە کە  کێشە و ململانێ و چاوەڕوانیی و ئەگەرە باش و بەدەکانی ناو ئەو ژیانە وەک مەسەلەی سەرەکیی و بنەڕەتیی مامەڵەدەکات و لەسەر دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی ھاوبەش بۆ ئەو گشتە ئاڵۆزە کاردەکات. دیموکراسیەت سیستمێک نییە بەدوای وەڵامدانەوەی ”پرسیارە ئەبەدیی" و”قووڵ" و  ”گەورەکان"ی مرۆڤەوە بێت، یان ھەڵگریی ”خەیاڵێکی میتافیزیکیی" ئەبستراکت بێت و بەدوای ”کردەی گەورە" و ”ڕوودوی پاڵەوانانە" و ”ژێرەوژوورکردنەوە" گەورەکانی کۆمەڵگا و مێژووەوە بێت. بکەرەکانیشی ڕۆحانییەکان و نوخبە فیکریی و ئەدەبییەکان نییە، بەڵکو خەڵکی سادە و مرۆڤە ئاساییەکانی ناو کۆمەڵگان. بۆیە ھەموو ئەوانەی بە زمانی ”ئەبەدیەت" و ”دیوە قووڵە"کانی ژیان و ”بەھا نەمرەکان"ەوە  ئەدوێن و قسەدەکەن، ئەوانەی خەریکی وێناکردنی کەون و مرۆڤن بە ڕۆحێکی ئەبستراکت و نارسیستیانەوە، ئەوانەی ڕقێکی گەورەیان لە خەڵکی ئاسایی ناو ژیانی ڕۆژانەیە و بەدبینییەکی گەورەیان بەرامبەر بە ململانێ ڕۆتنیی و ڕۆژانەییەکانی نێوان تاکەکەس و گروپەکان ھەیە، ئەوانە زۆرجار دیموکراسیەت بە گەمژەیی سیاسیی و مێژوویی دەزانن. دیموکراسیەت نووقسانی گەورە و جدیی ھەیە، بەڵام نووقسانییەک کە ھەر لەناو ژیانی ڕۆژانە خۆیدا چارەسەردەکرێت، نەک لە ناو گەڕان بەدوای ئەبەدیەت و ڕۆحانیەتدا.

دوژمنی ژمارە یەکی دیموکراسیەت  ئەوانەن لەباتی بیرکردنەوە لە بوونی ”ماڵێک لەناو واقیع"دا بیر لە دروستکردنی ”ماڵێکی میتافیزیکیی و ڕۆحانی" لە ڕووبەرێکی ئەبستراکت و بان مێژوویدا دەکەنەوە،  لە شوێنێکدا لە دەرەوەی واقیع و لەودیوی ململانێکانی ناو ژیانی ڕۆژانەدا. ئەم ھێزە نادیموکراسانە  پێیان وایە ئەرکی فیکر و بیرکردنەوە دەکەوێتە دەرەوەی بیرکردنەوە لەو کێشە و  مەسەلانەوە کە ژیانی ڕۆژانە دروستیاندەکات. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو ئەم فۆرمە لە بیرکردنەوە و بەرخورد وەک تەعەداکردنە سەر ماڵە ڕۆحانیی و میتافیزکیی و ئەبستراکتەکانی ناو ”وجود" و وەک تەعەداکردنە سەر مانا ”قوول" و ”نەمر"ەکانی مرۆڤبوون، تەماشادەکەن. ئەمانە پێیان وایە ھەمیشە سەتحێکی تر ھەیە کە باڵاتر و مەزنترە لەوەی کە لەناو مێژوودا لە فۆرمی واقیع و ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەیە، ئەو ”سەتحە مەزنە" ھەرچییەک بێت سەتحی ژیانی ڕۆژانە  و واقیعی بەرجەستەی ژیانی تاکەکەس و گروپەکان نییە.


PM:05:44:06/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 1411 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی