فەرەنسا و سەرەتایەکی تازە؟

‌مەریوان وریا قانیع


سەرەتا
لە سەرەتای مانگی یازدەوە شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزاییدەربڕین سەرتاسەری فەرەنسای گرتەوە، بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی ئەو وڵاتەدا و لەپێش ھەمووانیشەو لە پاریسی پایتەختدا. سەرەتا ناڕەزایەتییەکە ناڕەزایی کۆمەڵێک شۆفێر بوو کە دژ بە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین چوونە سەر شەقامەکان، بەڵام لە ھەفتەکانی دواتردا گەشەیکردوە بۆ بزوتنەوەیەکی گەورەی ناڕەزاییدەربڕین کە لە فۆرمێکی بچوکتر و جیاوازتردا وڵاتانێکی وەک بەلجیکا و ھۆڵەنداشی گرتۆتەوە. ناڕازییەکان ھێلەکێکی زەردیان لەبەردایە و ھەر بەناوی ئەم ھێلەکەشەوە و وەک ”ناڕەزایی ھێلەکە زەردەکان" چوونە ناو مێژووی ئەو وڵاتەوە. ئەم نووسینە ھەوڵدانێکی سەرەتاییە بۆ تێگەیشتن لەم بزوتنەوە تازەیە و لەھەندێک لە کێشەکان و ئاسۆکانی گەشەکردنی.

سەرەتا با لەو خاڵەوە دەستپبکەم کە کولتوری ناڕەزاییدەربڕین لە ئەوروپادا، زۆربەی جار، کولتوری ناڕەزاییدەربڕین و خۆپیشاندانی ھێمن و ناتوندوتیژە، بەڵام یەکێک لە ئاکارەکانی ئەم بزوتنەوە تازەیە ئامادەگیی تووڕەبووێکی کۆمەڵایەتیی گەورە و بەرفراوانە کە پەنابردن بۆ توندوتیژیی وەک یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی بزوتنەوەکە دەدەخات، لانیکەم لەناو فەرەنسا خۆیدا. لەناو شاری پاریس خۆیدا، خۆپیشاندارەکان، لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و دەستەویەخەدابوون لەگەڵ پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکاندا و بە بەرچاوی کامێراکانەوە بڕێکی زۆر لە توندوتیژیی پیادەکرا و وێنەکانی بە دونیادا بڵاوبووەوە. 

بێگومان سەرەڕای پەنابردن بۆ بەکارھێنانی توندوتیژیی و تاڵانکاریی و شڕەخۆریی، سەرەڕای شکاندن و سوتاندن و لێدان و پەلاماردان و گرتن، ناکرێت ئەم بزوتنەوە بەرفراوانەی ناڕەزاییدەربڕین بۆ ئەم ڕەھەندە تایبەتە کورتبکرێتەوە. ئەوەی ڕووئەدات سەرەتاکانی تەقینەوەی کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی گەورەیە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دۆخی سیاسیی و ئابوریی ئەم سێ دەیەی دوایی مێژووی ئەوروپاوە ھەیە. واتە پەیوەندیی بە دروستبوونی ئەو ژینگە سیاسیی و ئابورییەوە ھەیە کە لەسەرەتای ساڵانی ھەشتاوە لەژێرناوی ناوی ”نیولیبرالیزم"دا لە بەشی ھەرەۆری ئەوروپادا سەروەردەبێت. بەڵام ئەم نیولیبرالیزمە چ مانایەکی ھەیە و ھێڵە سەرەکییەکانی کامانەن؟

نیولیبرالیزم و ڕووتکردنەوەی ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی"
نیولیبرالیزم بە مانا ھەرە سادە و ھەرە ڕاستەوخۆکەی ھێما بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیژە ئابورییانە دەکات، کە لە ڕێگایانەوە دەوڵەت بە قازانجی کۆمپانیا و ھێزە ئابورییە گەورە و زەبەلاحەکان کاردەکان و قورسایی خەرجیی و داھاتەکانی خۆی دەخاتە سەر چینی ناوەڕاست و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. ئەمەش زۆر ڕەھەندی تایبەتی ھەیە کە یەکێک لە ڕەھەندە سەرەکییەکانی بریتییە لە گۆڕینی سیاسەتی دانانی باج و کۆکردنەوەی داھاتی دەوڵەت خۆی. لەم سیاسەتە تازەیەدا دەوڵەت ئەو ڕۆڵی چاودێرییکردن و سنووردانان و ڕێگرتنە سەرەتاییانە وازلێدەھێنێت کە بەھۆیانەوە ئازادیی ئیشکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەی کۆمپانیا گەورە و فرەنەتەوەییەکان و کەڵەکەکردنی سەرمایە لای نوخبە ھەرە دەوڵەمەندەکەی سەرەوەی کۆمەڵگا، سنوورداردەکات. لە شوێنێکی وەک ئەمریکادا لە ساڵانی سی و چل و پەنجادا ڕێژەی باج لەسەر ئەو کۆمپانیا و نوخبە دەوڵەمەندە لەسەروی ٩٠% بووە، لە ھەفتاکاندا دادەبەزێت بۆ ٨٠% و لە ئێستادا زیاتر دابەزیوە بۆ ٣٨%. لەپاڵیدا دەیەھا میکانیزمی نوێ ھاتۆتەکایەوە کە بەھۆیانەوە ئەم کۆمپانیایانە دەتوانن خۆیان لە باجبەخشین بدزنەوە. لەبەرامبەر ئەمەدا دەوڵەت قورسایی باج کۆکرندەوە دەگوازێتەوە بۆسەر شانی چینەکانی خوارەی کۆمەڵگا. بەکورتیی، نیولیبرالیزم، بە مانا ھەرە سادەکەی، مانای سیاسەتی دزییکردن لە ھەژاران و بەخشینی ئەو دزییە بە دەوڵەمەندانی وڵاتەکە. مرۆڤ پێویست ناکات مارکسیی بێت بۆئەوەی نیولیبرالیزم بەو مانایە ببینێت و پێناسبکات. ئەم ستراتیژیەتی دزیکردنەش فرەجۆرە، بەڵام ھەرە ئاشکراکانیان بریتیە لە بەرزکردنەوەی نرخی شت و مەک و بەرزکردنەوەی باج لەسەر چینەکانی خوارەوە، لەکاتێکدا داھاتی ئەم چینانە یان ئەوەتا وەکخۆی ماوەتەوە یاخود دابەزیوە. سەرجەمی ئەم سیاسەتانەش لە قازانجی کۆمپانیا فرەنەتەوەیی و بانکەکان و دەوڵەمەندانی وڵاتەکەدا. ئەم دۆخی دزیکردنەیە ڕاڤەی ئەو دروشەمە دەکات کە ھەندێک لە خۆپیشاندەرانی پاریس بەرزیان کردۆتەوە: ”پارەکانمان بدەنەوە". 

لەژێر سایەی ئەم سێ دەیە لە سیاسەتی نیولیبرالیدا ئەوەی لە ئەوروپادا پێیدەڵێن ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی"، welfare state، بەتەواوی لاوازکراوە و زۆربەی ئەو کەرتانەی کە جاران ئەم دەوڵەتە خاونداریی دەکردن و بەڕێوەیدەبردن، لە ئێستادا بەتایبەتیی کراون و خراونەتە بەردەمی لۆژیکی ”بازاڕیی ئازاد"ەوە، واتە بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی بە خەسخەسەکردندا تێپەڕیون. لەوانەش، بۆ نموونە، بەشێکی بەرچاوی سیستمی خوێندن و سیستمی تەندروستیی و ھاتوچۆ و پارەی خانەنشینیی و سیستمی بانک و زۆر شتی تر. ئەمەش مانای لابردنی ئەو کۆمەکەی کە دەوڵەت لەم کەرتانەدا بە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای دەکرد. بە کورتیەکەی ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی"، کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە خەمی ھێزە لاواز و پەراوێزیی و ھەژارەکانی ناو کۆمەڵگادا بوو، لە سی ساڵی ڕابردوودا بە تەواوی بچووک و لاوازکراوە ھۆڵەندییەکان دەڵێن ئەم دەوڵەتە ”ڕووتکراوەتەوە و جل و بەرگیی لەبەردا نەھێڵدراوە".

قەیرانەکانی چینی ناوەڕاست
وەک ووتم ھێزی گەرە سەرەکیی پشتی ئەم ناڕەزاییدەربڕینە بەشی خوارەوەی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگای فەرەنسییە، ئەمانەش لە ڕاستیدا بەشە ھەرە ھەژارەکەی کۆمەڵگای فەرنسیی نین، بەڵکو کەسانێکی خاوەن کار و پیشەی تایبەتن و ڕۆژانە کارکانی خۆیان بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە ئەنجامئەدەن، بەڵام کێشەیان لەوەدایە ئەو بڕە پارەیەی پەیدایدەکەن، بەشی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و ژیانی خێزانەکانیان ناکات. ئەمانە ئیشێکی زۆر بەرامبەر بە داھاتێکی کەم دەکەن. بەم مانایە ئەو ئابورییە نیولیبرالەی لە سەرەتاکانی ساڵانی ھەشتاوە بووە بە ئابوریی باڵادەستە بە دۆخێک گەیشتوە توانای سەرلەنوێ بەرھەمھێناوە و پاراستنی چینی ناوەڕاستی نەماوە. ئەم فۆرمە لە سەرمایەداریی چینی ناوەڕاست وێراندەکات و بەشێوەیەکی شاقوڵیی کۆمەڵگا بۆ دەوڵەمەندان و ھەژاران دابەشدەکات. ئەگەر مێژووی کاپیتالیزم، بەتایبەتی لە سەدەی بیستەمدا، مێژووی دروستکردنی چینێکی ناوەندی گەورەبێت، ئابووریی نیولیبرال ڕاوەستانی ئەم پرۆسەیە و ھەڵوەشاندنەوەی ئەم چینە ناوڕاستەیە. 

بێگومان گرفتی ئەم بەشە گەورەیە چینی ناوەڕاست تەنھا ئەوە نییە کە داھاتەکەیان کەمە و ناتوانن پێگە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیان بپارێزن و سەرلەنوێ بەرھەمبھێننەوە، بەڵکو ھاوکات ھەستێکی قووڵیش بەوە دەکەن کە لەناو کۆمەڵگای فەرەنسیدا تەنھاکەوتون و کەس نییە گوێیان لێبگرێت، بەتایبەتیی نوخبە سیاسییە حومکڕانانی وڵاتەکە و دەزگا نێودەوڵەتییە زەبەلاحەکان و چینە دەوڵەمەندەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا. ئەم خۆپیشاندەرانە پێیانوایە ئەو نوخبەیەی لە پاریسدا حوکمڕانیی دەکات، توانای بینینی ئەمانی نەماوە و وەک نەبوو مامەڵەیان دەکات. کاتێکیش لەڕێگای خۆپیشاندانەوە ھەوڵی ئەوە ئەدەن کە ببینرێن، ئەودەم گوێیان لێناگیرێت و وەڵامی داواکارییەکانیان نادرێتەوە. پەنابردن بۆ توندوتیژیی یەکێکە لەو ئامرازانەی بەھۆیەوە دەیانەوێت ببینرێن. بە کورتییەکەی ئەمانە ئەو بەشە گەورەیەی چینی ناوەڕاستن کە ھەم تەواو ناڕازین بەرامبەر بەو دۆخەی کە ھەیە و دروستکراوە، ھەم گومانی گەورەشیان بەرامبەر دەسەڵاتداران لەلا دروستبووە و باوەڕیان بەوە نەماوە کە بتوانن و بیانەوێت کێشەکانیان چارەسەربکەن.

دۆخی دەرونیی چینی ناوەڕاست
شارەزایانی کۆمەڵگای فەرەنسیی و کۆمەڵگا ئەوروپییەکانی تر باس لە گۆڕانی دۆخی دەرونیی چینی ناوەڕاست لە ئەوروپادا دەکەن. ئەم چینە لە ئێستادا لەناو ترسێکی گەورە و ئاڵۆزدا دەژیی، ترسێکی گەورەی لە ئایندە ھەیە، باوەڕی وایە ئیشکردنی زۆر و خۆماندووکردنی بەردەوام چیتر دڵنیایی نابەخشێت و گەرانتی سەرکەوتن ناکات. ئەم دۆخە دەرونییە تایبەتە شتێک نییە ئەمڕۆکە دروستبووبێت، بەڵکو، وەک وتمان، دەرەنجامی قەیرانە گەورەکانی ئەو سیستمە ئابوریی و سیاسییە نیولیبرالەیە کە سێ دەیە زیاترە لە ئەوروپادا باڵادەستە. کەسانێک ھەن باس لە کۆتایی ”کاپیتالیزم بۆ ھەمووان" و کۆتایی ”کاپیتالیزمی میلەت" و باس لە کۆتایی ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی" دەکەن. ئەوەی دروستبووە سەرمایەدارییەکی بێچاودێریی و بێ لانیکەمی کۆنترۆڵکردنە، سیستمێکە نوخبەیەکی بچووکی بەجیھانیبوو دەوڵەمەند بەڕێوەدەبات و مانا و یاسا و ئەخلاقیەتەکەی دادەڕژێت. زۆرینەی چینەکانی خوارەوە و بەشێکی گرنگی چینی ناوەڕاستیش، نەک تەنھا بۆ ھەژاریی و نائومێدییەکی گەورە بەجێدەھێڵێت، بەڵکو تەواو ناکاریگەر و پەراوێزیش دەخات و پەراوێزیش خستوە. زۆرینەی ئەم ھێزە پەراوێزخراوانەپ خەڵکی لادێ و شارە بچووک و مامناوەندییەکانی دەرەوەی پاریس و شارە گەورەکانی فەرنسان. ئەمەش وایکردوە ڕق لە حکومەت و ڕق لە سیستمە سیاسیی و ئابورییەکە، بگوازرێتەوە بۆ ڕق لە پاریس خۆشی کە لەوێناکردنی ئەمانەدا بووە بە شاری کۆمپانیا فرەنەتەوەییە زەبەلاحەکان، کە باج نادەن، بە شاری نوخبەیەکی حوکمڕانی دابڕاو لەسەرجەمی کۆمەڵگاکە.

بزوتنەوەیەکی بێسەر
وەک ھێمام پێکرد، ئەم بزوتنەوەیە لە بەشی خوارەوەی چینی ناوەڕاستەوە ھاتووە، لە شوێنێکی وەک فەرەنسادا، لە دوو ھەزار شارەوانیدا ئامادەیە. بەڵام ڕەنگە کێشەی ژمارە یەکی ئەوەبێت کە تا ئێستا بەبێ نوێنەر و سەرکردە و ئۆرگانی رەسمییە. بزوتنەوەیەکە بەبێ پارە و بەبێ دەزگا دروستبووە، پارت و ئۆرگانی سیاسیی دیاریکراویان لە پشتەوە نییە، ناوەندێک یان پێگەیەک نییە کە ئاراستەیەکی گشتییان پێببەخشێت. ئەوەی لەنێوان بەشدرابووە جیاوازەکانی ناو ئەم بزوتنەوەیەدا ھاوبەشە ھەستکردنیانە بەوە کە ئەوان زیانێکی گەورە و بەردەوام لە ھەلومەرجێک دەکەن، کە ئەوان بەشدار نین لە دروستکردنیدا. ئەم ھەستە گشتییە لەناو یەک ستراتیژیی ناڕەزاییدەربڕینی ئاشکرا و لەناو یەک پرۆگرامی سیاسیی ھاوبەشەدا، کۆنەبۆتەوە. لە دۆخکیشدا دروستبووە کە لەبەرامبەر بە دەوڵەت و نوخبەی نیولیبرال و ھێزە سیاسییە تەقلدییەکاندا، ھێزی کۆمەڵایەتیی تر لەئارادا نییە کە ئەم بزوتنەوەیە لەناو ستراتیژ و سیاسەتێکی تۆکمە و بەھێزدا بەرجەستەبکات. ھەندێک مارکسیی خۆشباوەڕ و کورتبین ئەم جوڵەیە وەک ”شۆڕشی کرێکاران" وێنادەکەن و ھەندێک ڕەشبینیش کورتیدەکەنەوە بۆ ”بزوتنەوەیەکی ڕاستیستی"ی و ”نیمچە فاشیستیی".

بەڵام ئەوەی لە ڕاستییەوە نزیکە ئەوەیە کە ”ھێلەکە زەردەکان" لەناو خۆیاندا ھێندە دابەش و جیاوازن، بە قسەی نووسەرێکی ھۆڵەندیی پێدەچێت لە ئاستی کردەیدا ”تاقە شتێکی ھاوبەش کە ھەیانبێت ھێلەکە زەردەکانیان بێت". ھەندێک لە بەشداربووان باوەڕی تەواویان بە پەنابردنی تەواوەتی بۆ توندوتیژیی ھەیە، ھەندێکی تریان تەواو ئاشتیخوازن، ھەندێکیان چەپگەر و ھەندێکیان ڕاستڕەون، ھەندێکیان ڕاسیستن و ھەندێکیان ھیومانیست، ھەندێکیان دیموکراس و ھەندێکیان دژەدیموکرسن، ھەندێکیان پێشکەوتنخواز و ھەنێکیان کۆنەپارێز، کەسانێکی تێدایە داوای کۆتاییھێنان بە کاپیتالیزم دەکەن، کەسانێکی تر ھەن دژ بە کۆچبەر و بیناییەکانی ناو ئەورپان، تەنانەت کەسانی تری تێدایە داوای گەڕانەوەی سیستمی شاھانە و کۆتایی سیستمی کۆماریی لە فەرەنسادا دەکەن. ژمارەیەکیان دژ بە ئەوروپای یەکگرتوون، ھەندێکی تران دژ بە سیاسەتی باجوەرگرتنی دەوڵەتن، کەسانێکی تریان دژ بە کۆچبەر و پەناھەندەن، ھەندێکی دیکەیان دژ بە میدیان.
ئەم ھەمەڕەنگیی و جیاوازییە ناوەکییە خاڵێکە وادەکات ئەم بزوتنەوەیە بشێت ھەم بە ئاقارێکی دیموکراسییانەدا بڕوات و لە دۆخی سەرکەوتنیدا دەسکارییەکی گەورەی سیستمە سیاسیی و ئابورییەکە بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی دادپەروەرییەکی گەورەتردا، بکات، بەڵام دەشێت بە ئاراستەی دروستکردنی سیستمێکی ڕاسیستیی و دەسەڵاتگەر و نادیموکراسیشدا بڕوات کە زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگای فەرەنسیی و کۆمەڵگاکانی تری ناو ئەوروپا، بگەینەێت. ھەردوو ئەگەرەکە ئامادەن، ئەوەی شوێنی دڵخۆشییە عەقڵە ڕەخنەیی و دیموکراسەکانی ناو ئەوروپا خۆی، ھەردوو دیویی دیاردەکە دەبینن و کورتی ناکەنەوە بۆ یەکێک لە دەرکەوتەکانی بەتەنھا.

ئەوەی دەکرێت و لەم ئاستەدا بیڵێین ئەوەیە ئەم بزوتنەوەیە، بە پێچەوانەی شۆڕشی فەرەنسیی و یاخیبوونی خوێندکارانی ساڵی ١٩٦٨ ەوە، کە ھەردووکیان ھەڵگریی ئایدیۆلۆژیایەکی چەپگەر و ھیومانیستیی و گەردونیی بوون، ئەم ھێزە ناڕازییە تازانە بەرنامەیەک یان دروشمێک یان دیدێکی ھاوبەش کۆیانناکاتەوە. ئەوەی ھەیە بڕێکی ھێجگار گەورەیە لە بێزاریی و تووڕەیی و نائومێدیی.

تەحەدای سیستمی دیموکراسیی
ناڕەزاییدەربڕینی ئەم جارەی فەرەنسا تەنھا تەحەدای نوخبە سیاسییە نیولیبرالە حوکمڕانەکە و پایتەختی وڵاتەکە ناکات، بەڵکو تەحەدای سەرجەمی سیستمی دیموکراسیی خۆشی، وەک سیستمی باڵادەست دەکات. لە دوای جەنگی جیھانی دووھەم و کۆتاییھاتنی فاشیزمەوە، سیستمی دیموکراسیی بەڕادەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە نەبۆتەوە. ئەوەی ڕووئەدات تەعبیر لە توڕەبوون و ناڕەزاییدەربڕینێک دەکات کە لای نزیکەی ٧٠ % کۆمەڵگای فەرەنسیی ئامادەیە. ئەوانەی لە سەر شەقامەکان ناڕەزایی و توڕەیی و نائومێدییەک دەینجوڵێنێت کە لە ناو زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگای فەرەنسیی و بەشەکانی تری کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا، ئامادەیە. ئەمانە تا ڕادەدەیکی زۆر باوەڕیان بەو پارتە سیاسیانە نەماوە کە لەناو سیستمی دیموکراسیی ئەمڕۆکەی فەرەنسادا ئامادەن و وادەکەن سیستمە سیاسییەکە ئیشبکات. چوونە سەر شەقام بەو ژمارە گەورەیە، مانای گواستنەوە لە پەنابردن بۆ دەزگا رەسمییەکانی سیستمی دیموکراسییەوە، واتە بۆ پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان و ئۆرگانەکانی تری ئەنجامدانی کاری سیاسییەوە، بۆ شەقام وەک ڕووبەرێکی ناسیاسیی. ئەمە وادەکات چەندان شارەزا ئەم بزوتنەوەیە بە بزوتنەوەیەکی ”دژە سیاسەت" ناوببەن.

شتێک لە ئومێد
بە بۆچونی من، ڕووە گەش و گرنگەکەی ئەم تووڕەبوونە کۆمەڵایەتییە و گواستنەوەی بۆ ناو شەقام و گۆڕەپانە گەورەکانی ناو شارەکانی ئەوروپا، لەوەدایە کە بەگژاچوونەوەیەکی بەھێزی ئەو سیاسەتە نیولیبرالەیە کە نوخبە حومکڕانەکانی ئەوروپا، لە سێ دەیەی ڕابردوودا، بەسەر کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا سەپاندویانە. نوخبەیەکی نیولیبرال کە بەشی زۆری کۆمەڵگاکەی خۆیان، بە تایبەتی چینەکانی خوارەوەی ئەو کۆمەڵگایە، بە گەمژە و نەزان و گەلحۆ دەزانن و وەک بوونەوەری بچووک و ھیچ لەباردانەبوو وێنایاندەکەن.
خاڵێکی گرنگی تر تێگەیشتنە لەو ڕاستییە سادەیە کە ئەو سیستمە سیاسیی و ئابورییەی سەروەرکراوە توانای پاراستنی چینی ناوەڕاست و چینەکانی خوارەوەی نەماوە. فۆرمێک لە سەرمایەداریی سەروەرە کە ھەموو شتێک وەک بازاڕ و کۆمپانیا مامەڵەدەکات، لە مامەڵەکردنی دەوڵەت و سیاسەت و کەرتە گشتییەکانەوە بگرە، بۆ مامەڵەکردنی کۆمەڵگا خۆی وەک بازاڕێکی گەورە. نیولیبرالیزم لە سێ دەیەی ڕابردوودا تێگەیشتنێکی بۆ سیاسەت و حوکمڕانیی باڵادەستکردوە کە ھەموو شتێک وەک کۆمپانیا ببینێت و مامەڵەبکات، دەوڵەت وەک کۆمپانیا، کۆمەڵگا وەک کۆمپانیا، زانکۆ وەک کۆمپانیا، نەخۆشخانە وەک کۆمپانیا، قوتابخانە وەک کۆمپانیا، ھتد... ئەم بەکۆمپانیاکردنەی سیاسەت و حوکمڕانیی و خوێندن و فێربوون و خزمەتگوازرییە گشتییەکان، ئەو لۆژیکەیە کە تا ئێستاش بەبێ تەحەداکردنێکی ڕاستەقینە کاردەکات و ماوەتەوە. ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێت سەرەتای تەحاداکردنێکی ڕاستەقینەی ئەم لۆژیکە بێت. 
بەڵێنەکانی ماکرۆن بە خۆپشیاندەران لە دواھەمین دەرکەوتنیدا دەشێت شتێک لە دڵنیایی، لانیکەم بە ژمارەیەک لە گروپە ناڕازییەکان بەخشیبێت. بەڵێنەکانی ماکرۆن بەڵێنی ئابورییبوون کە ھەرە دیارەکانیان، بەرزکردنەوەی لانیکەمی داھاتبوو بە بڕی ١٠٠ ئێرۆ لە مانگێکدا، لابردنی باج لەسەر داھاتی ئەو سەعاتە زیادانەی ئیشکردن کە کەسێک ئەنجامیانئەدات، لابردنی باج لەسەر موچەی خانەنشینکراوان، داواکردن لە خاوەنکار و کۆمپانیاکان کە ساڵانە یەک موچەی زیاد بە کارمەندەکانیان بدەن. پێشتریش باجی لەسەر وزە و سوتەمەنی لابرد. 
پێدەچێت ئەم سیاسەتانە چارەسەرێکی کاتیی بۆ خواستیی بڕێک لە خۆپیشاندەران کردبێت، بەڵام ئەو ھۆکارە بونیادیی و قووڵانەی کە ئەم شەپۆلەی لە ناڕەزایەتیدەربڕین دروستکردوە ھێشتا ماونەتەوە و بەردەوامن. 

هاولآتى

ئەمستردام
دیسەمبەر ٢٠١٨


PM:01:47:29/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 1069 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی