تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر جەنگی جیھانیی یەکەمدا

‌مەریوان وریا قانیع

ئەمڕۆ ١١ نۆڤێمبەر، سەد ساڵ بەسەر کۆتایی جەنگی جیھانیی یەکەمدا تێدەپەڕێت. جەنگێک کە زیانێکی گیانیی و ماڵی گەورەی بە بەشێکی گەورەی دونیا گەیاند. لەناو ئەوروپا و لە دەرەوەی ئەوروپادا. لەو ناوچەیەی ئێمەدا دەبێتە ھۆکاری ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی، ھاتنی کۆلۆنیالیزم و دروستکردنی دەوڵەتیی-نەوەیی مۆدێرن لەناوچەکەدا، ھاوکات دەبێتە سەرەتای دروستبوونی بزوتنەوە دژە کۆلۆنیالیزم و بەھێزبوونی ناسیۆنالیزم و ھاتنەکایەی ئایدیۆلۆژیا گەورەکانی تری سەدەی بیستەم لە ناوچەکەدا، لە ناویاندا لیبرالیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و ئیسلامیزم و بەشێوەیەکی زۆر کەمتر فاشیزم.


لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا ژمارەیەکی ھێجگار گەورە لە سەرباز و کەسانی مەدەنی کوژران. جەنگەکە بەسەریەکەوە ٤ ساڵ و ٣ مانگی خایاندا، بەڵام لەو ماوەیەدا نزیکەی ١٠ ملیۆن سەرباز و ١٠ ملیۆن خەڵکی مەدەنیی کوژران. چەندەھا شاری گەورە لەناو ئەوروپا خۆیدا بەتەواوی وێرانکران، ژمارەیەکی زۆری خەڵک بریندار و بێماڵ و بێجێگا بوون. دوای جەنگەکەش پەتایەکی گەورە بەناوی ”پەتای ئیسپانیی"ەوە بە ئەوروپادا بڵاودەبێتەوە کە بەسەریەکەوە نزیکەی ٢٠ ملیۆن مرۆڤ دەکوژێت، ئەم پەتایە بە گەورەترین پەتای ناو مێژوو دەزانرێت و بەقەد ژمارەی کوژراوەکانی جەنگەکە خەڵک دەکوژێت. ئەو ھێزە ئەمریکاییانەش کە ھاتبوون بۆ ھاریکاریی ئەوروپییەکان، ١٠٠ ھەزار کەسیان لێ مرد، نیوەیان بەو پەتا ئیسپانییە مردن. بە کورتییەکەی لەماوەی چەندساڵێکی کەمدا جەنگ و پەتا نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن مرۆڤ دەکوژن.


ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی کۆتاییھێان بە جەنگەکە لەناو واگۆنی شەمەدەفەرێکدا بوو لە دارستانێکدا پەنجا کیلۆمەتر لە دەرەوەی پاریس دا. دواتر فەرنسییەکان مۆزەخنایەکی تایبەتیان بەدەوری ئەو واگۆنەدا دروستکرد وەک سیمبۆلی سەرکەوتنی خۆیان بەسەر ئەڵمانییەکان و سوکایەتیکردن بە داگیرکەرە ئەڵمانایەکە ھێشتەوە. لەو ڕێکەوتننامەیەدا ئەڵمانییەکان ناچاردەکرێن پارەیەکی ھێجگار زۆر بە فەرەنسا و بەریتانیا و زیانلێکەوتوەکانی تری جەنگەکە بدەن، دواھەمین پشکی ئەو پارەیەی ئەڵمانیا بە فەرەنسای ئەدات لە ساڵی ٢٠١٠ کۆتاییپێدێت.


ئەو مەرجانەی براوەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم بەسەر ئەلمانیادا دەیسەپێنن ھێندە قورس و ئیھانەکەر بوو، گەرای بەرپابوونی جەنگی جیھانی دووھەمی لەناو خۆیدا ھەڵگرتبوو. کاتێکیش جەنگی جیھانی دووھەم دەستپێدەکات و ھیتلەر لە ماوەیەکی کەمدا فەرەنسا داگیردەکات. لەناو ھەمان واگۆندا کە مەرجە قورسەکان بەسەر ئەڵمانیادا دەسەپێنرێت، فەرەنسییەکان ناچاردەکت تەسلیمبوونی خۆیان بە ئەڵمانیا ئیمزابکەن. وەکچۆن فەرەنسییەکان لەناو ئەو واگۆنەدا سوکایەتیی بە ئەڵمانیا دەکەن، بەھەمانشێوە ئەڵماناکان لەناو ھەمان واگۆندا ھەمان سوکایەتیی بە فەرەنسا دەکەنەوە. کاتێکیش ئەڵمنیا لەوە نزیکدەبێتەوە جەنگی جیھانی دووھەمیش بدۆڕێنێت، ھیتلەر ئەمر بە چەند ئەفسەرێک لە ئەفسەرە نزیکەکانی خۆی دەکات کە بچن واگۆنەکە وێرانبکەن، نەکو سەرلەنوێ بەکاربھێنرێتەوە بۆ سوکایەتیکردن بە ئەڵمانەکان.


جەنگی جیھانیی یەکەم بۆ میلەتی ئێمە دوو دەرەنجامی زۆر سەرەکیی و تراژیدیی ھەبوو. یەکەمیان ”بەکەمینەکرنی کورد" لەناو چوار دەوڵەتی تازە دروستکراوی ناوچەکەد، بە ئینگلزیی minoritization. دووھەمیان بە ”ئاسایشکردنی" مەسەلەی کورت، واتە کورتکردنەوەی مەسەلەی میلەتێک بۆ کێشەیەکی ئەمنیی و مامەڵەکردنی وەک ھەڕشەی ئەمنیی، بە ئینگلزیی Securitization. ئەم دوو پرۆسە تازەیە ژێرخانی ئەو مێژووە خوێناویی و ترسناکەیە کە لەدوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە مێژووی ئێمەی تێکەوتوە.


PM:01:06:12/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 375 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی