​”دیواری تورکیای مەزن“

‌مەریوان وریا قانیع

تورکیا دیوارێکی بە درێژایی ٩١١ کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سوریا و ئێراندا، بەتایبەتی لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سوریادا، دروستکردوە. میدیا نزیکەکان لە ئەردۆگان و پارتەکەیەوە ئەو دیوارە لەسەر وەزنی ”دیواری چیی مەزن"، بە ”دیواری تورکیای مەزن" ناودەبەن. ئەم دیوارەی تورکیا سێھەمین گەورەترین دیوارە لە جیھاندا، لەدوای دیوارە بەناوبانگەکەی چینە و ئەو دیوارەی لە نێوان مەکسیک و ئەمریکادا دروستکراوە. حیکایەتە رەسمیەکەی تورکیا سەبارەت بە دروستکردنی ئەم دیوارە پاراستنی سنوورەکانی و ڕێگرتنە لە پەڕینەوەی تێرۆریستان. بەڵام ئاشکرایە کە مەبەستی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە لە دروستکردنی ئەو دیوارە دابڕانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و خەڵەکەکەیتی لەیەکتری.

وەک وتمان درێژی دیوارەکە ٩١١ کلیۆمەتر و بەرزیەکەی ٣ مەتر و پانییەکەشی دوو مەترە، لەھەندێک شوێنیدا بە تەلی دڕکدار داپۆشراو. تورکیا بەرێژایی دیوارەکە ٢٢ بورجی چاودێریکردن دروستکردووە بە پاراستنی دیوارەکە و ڕێگەگرتن لەو کەسانەی کە دەیانەوێت بپەڕنەوە. بورجەکانیش پڕکراون لە ئامێری تەکنۆلۆژیی پێشکەوتووی بینین و کامێرای ھەمەجۆر و چاودێریکەر. لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم دیوارە گەورەترین دیوارێکە وڵاتان لەیەکتری جیبکاتەوە. ئەم دیوارە زۆر لەو دیوارە گەورەترە کە ئیسرائیل بەدەوری ناوچە فەلستینییەکاندا دروستیکردوە.

لە دونیایەکدا کە تادێت زیاتر و زیاتر بەجیھانیی دەبێت و لەزۆر بەشیدا بڕێکی زۆر لە سنوورەکان ھەڵدەگیرێن، کەچی لە ھەندێک بەشی تردا دیواری گەورە دروستدەکرێت بۆ ڕێگەگرتن لە پەیوەندیکردن و جوڵە و کۆچ و تێکەڵبوونی کەس و ناوچە و میللەت و دراوسێکان بەیەکتری. ھەم ھەڵگرتنی سنوورەکان و ھەم دروستکردنی دیوار دوو پرۆسەن بە خەستی لە دونیای ئەمڕۆدا ئامادەن. لەڕاستیدا ”سیاسەتی دروستکردنی دیوار" بووە بە بەشێک لە سیاسەتکردن لە سەدەی بیست و یەکەمدا، ئەمەش تەنھا بەرزکردنەوەی دیواریی چیمەنتۆیی ئەستوور لەسەر سنوورەکان نییە، بەڵکو سیاسەتی دروستکردنی دیواریی فەرھەنگیی و دینیی و سیاسیی و یاسایی و ڕەمزییشە. سیاسەتی دروستکردنی دیوار لە جەوھەریدا سیاسەتی دروستکردنی شوناسیی داخراو و ھەڕەشەئامێز و ترسناکە کە نەک تەنھا توانای قبووڵکردنی ئەوانیتری نییە، بەڵکو توانای دروستکردنی پەیوەندیی ئاسایی و سادەشی نییە. ھەموو دیوارێک جۆرێکە لە داخران بەڕووی جیھاندا، ڕێگرتنە لەوەی ”ئەوانیتر" ببن بە بەشێک لە شوناس، چەمانەوەیە بەسەر ”خود"ێکدا کە وەھم و خورافەتی لەکەسانیتر نەچوونی ھەیە و دەشیەوێت ئەم لەوانیترنەچوونە بە ھەر نرخێک بووە بپارێزێت. دیوارەکەی ئەردۆگان دیواری پاراستنی وێناکردنێکە بۆ تورکبوون کە دونیای دەرەوە و بەشێکی زۆری ئەوانەشی لەگەڵیدا دەژین، وەک دوژمن دەبینێت.


PM:01:13:20/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 995 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی