هەدەپە و کوردبون و ھەندێک شتی تر
مەریوان وریا قانیع
ئەوەی لە دۆخی سیاسیی کوردانی باکور بڕوانێت پێویستە دڵخۆش بێت بەو ئەزمونە ئازادیخواز و زیندوە کە وزە و توانای رێکخستن و چالاککردنی بەشێکی گرنگیی کۆمەڵگایەکی تەواو چەوساوە و ھەژار و پەراوێزخراوی سیستماتیکیی، ھەیە. بە تایبەتی لە ھەلومەرجێکی تەواو نەخواستراوی پڕفشار و دەستدرێژیی و پەلاماردانی رۆژانەی ھەمەلایەن، ھەلومەرجێک پڕ لە گرتن و بێماف و بێڕێزیکردنێکی پلان بۆ دانراوی بەرفراوان. لە باکوردا میلەتێکی زیندو ئامادەیە کە ھێشتا خەریکی تەکاندنی تەپۆتۆزی سەدەیەک تواندنەوە و بە تورککردنێکی قوڵ و ھەمەلایەنە، ھێزگەلێکی زیندوش ھەیە کە لەم ساتەدا ھەزاران چالاکەوان و ھەواداریان لەناو زیندانەکانی ئەردۆگاندایە و بەسەدەھا شێوازیش فشاریی رۆژانەی بەردەوام و ھەمەجۆریان لەسەرە. ئەوەی لە باکوردا ئامادەیە ئەو فۆرمانەیە لە زیندوبون کە دەشێت ئومێد و چاوەڕوانی پۆزەتیڤیان لەسەر بنیادبنرێت. ئەوەی لەوێیە وزەیەکی گەورە و سەرسوڕھێنەری ئیشکردن و نەبەزینە کە دەتوانێت سەرچاوەی دەرسێکی ئەخلاقیی و سیاسیی گرنگ بێت بۆ ھەمو ئەو کەس و ھێز و لایەنانە ی کە نوقمی ناو باوێشک و خەواڵوبونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەمەجۆرن.
لەناو کوردانی باشوردا گوتارێکی بێمانا و ترسناک ئامادەیە کە جگە لەوەی سادەبونێکی کوشندە ئاراستەی دەکات و پێیوایە کوردبون دیاردەیەکە پێویستە بەزەوقی ئەوان بجوڵێتەوە و یەک شێوە و یەک مانا و یەک دەرکەوتی ھەبێت و ھەمو ئەمانەش لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی ئەواندا تەبابێت، ھاوکات گوتارێکی تەواو تاریک و نائومێدکەریشە کە ئەرکی ژمارە یەکی شاردنەوەی تواناکانی ئینسانی ئێمە و ئیھانەپێکردن و سڕینەوەیەکی ھەمەلایەنی رەھەندە سیاسییەکانی ناو کەسایەتی ئەو ئینسانەیە.
نیشاندانیشیەتی وەک بونەوەرێکی بێکردە و بێتوانا و نەزان و ناچالاک، وەک کەسێکی جاھیل کە ھیچ شتێکی ماناداری لەناو مێژو و ژیانی خۆیدا ئەنجامنەداوە. وەک کیسە و نایلۆنێکی بەتاڵ بەناو دونیادا تێپەڕیوە و تێدەپەڕێت. لەسەرێکی دیکەوە ئەم گوتارە رۆحیەتێکی نارسیستیی و خۆپەرستانەی سەرسوڕھێنەر ئاراستەی دەکات کە زمان و دەستەواژەی سەرەکیی بۆ قسەکردن لەسەر ئەم کۆمەڵگایە بریتییە لە بە گەمژە ناساندن و بە ھیچ تەمەشاکردن و بە بێنرخنیشاندانی کردە مێژویی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی. لەمەش خراپتر نمایشکردنی ئەم کۆمەڵگایە وەک کارخانەیەکی گەورە بۆ بەرھەمھێنانی حەیوانات، کۆمەڵگایەک ئەرکێکی مێژویی تری نییە جگە لە بەحەیوانکردنی مرۆڤەکانی و ئەم بەحەیوانکردنەشی لێبسێنەرەوە ھیچ کردەیەکی تری بۆ نامێنێتەوە.
بەبۆچونی من ئەوەی ھەدەپە لەناو ھەلومەرجی سەختی تورکیای ئەمڕۆ و خەونی سوڵتانیانەی ئەردۆگاندا بەدەستیھێناوە، دەسکەوتێکی گرنگ و گەورەیە. ھێما بۆ ئەو فۆرمە کراوە و زیندو و چالاکەی کوردبون دەکات کە بە بەرپرسیارێتییەکی مێژویی گەورەوە لەم قۆناغەدا ئامادەیە. ھەدەپە یەکێکە لە ھێزە زیندوەکانی ناو ئەو ھەلومەرجە پڕ ستەمگەریەی ئەردۆگانیزم دروستیکردوە. ھەدەپە نیشانیدایەوە کە ھێزێکی زیندوە و وزەیەکی گەورەیە کە بە ئاسانی لەناوناچێت.
PM:04:35:28/06/2018
ئهم بابهته 1000
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی