دوو ژنی کورد و دوو کاری پڕبایەخ

‌مەریوان وریا قانیع



لەم چەند ڕۆژەدا کارە ئەدەبییەکانی دوو ژنی کورد لە ئەوروپا مایەی خۆشحاڵیی و پێزانینێکی گەورەبوو . یەکەمیان بردنەوەی ڕۆمانی ”مردوشۆر" ی سارا عومەرە بۆ خەڵاتی خوێنەرانی لە وڵاتی دانیمارک. دووھەمیان دەرچوون و بڵاوبوونەوەی وەرگێڕانە ئینگلزییەکەی چۆمان ھەردییە بۆ شاکارە گەورەکەی شێرکۆ بێکەس: ”دەربەندی پەپولە".

لە شەش مانگی ڕابردوودا ڕۆمانی ”مردوشۆر"ی سارا عومەر بابەتێکی بەردەوامی ناو میدیای دانیماریکیی و ناو میدیای کوردیشە. ڕۆمانەکە پڕفرۆشترین کتێبی وڵاتی دانیمارکە و تا ئێستا چەندان خەڵاتی گرنگیی وەرگرتوە، لەوانەش، بۆ نموونە، خەڵاتی بوێرترین کتێبی ساڵی ٢١٠٧. دواھەمین خەڵاتێک سارا عومەر وەریگرتبێت خەڵاتی خوێنەرانی وڵاتی دانیمارکە. ساڵانە خوێنەران لە ڕێگای دەنگدانەوە ئەم خەڵاتە بە یەکێک لە کتێبەکانی وڵاتەکەیان دەبەخشن. ئەم ساڵ خوێنەران ئەو خەڵاتەیان بە ڕۆمانی مردوشۆر بەخشیی. لەناو ئەو فەوزا و قەیرانە گەورانەی کۆمەڵگا و دونیای ئێمە بەدەستییانەوە دەناڵێنێت، نرخاندنی نووسینی کچە کوردێک بەم شێوە پۆزەتیڤە لە وڵاتێکی ئەوروپیدا، شوێنی دەستخۆشیی و خۆشحاڵییە. ھیوادارم ئەم خانمە بەردەوام بێت و لەئایندەدا کاری گرنگتر و بەنرختر بنووسێت. 

ھەرچی وەرگێڕانەی خاتو چۆمان ھەردییە ئەویش لە ساڵی ٢٠١٧دا خەڵاتی باشترین وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبی لە زمانێکی بێگانەوە بۆ زمانی ئینگلیزیی وەگرت و ئێستا ئیتر ئەو بەرھەمە ئەدەبییە گرنگەی شێرکۆ بێکەس لەبەردەستی خوێنەرانی ئینگلزیی زماندایە. ھیوادارم ئەم خانمەش بەردەوام بێت و درێژە بەم کارە جوان و گرنگانە بدات.

خاڵێک کە منی لەم دوو دۆخەدا دڵخۆش کردوە ئەوەیە ژنانی کورد بە ھێز و توانایەکی گەورەوە ھاتونەتە مەیدان و کۆمەڵێک کاردەکەن کە زۆرانێک وادەزانن تەنھا بە پیاوان دەکرێت. ھیوادارم ئەم خانمانە و خانمانی تریش بەردەوامبن، ڕەنگە ئەم سەدەیە، سەدەی بیست و یەک، سەدەی ژنانی کورد بێت، چ لەناوەوە و چ لە دەرەوەی کوردستان. ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ ئەم دوو خانمە ئیشکەر و ماندوونەناس و بەتوانایە.


PM:12:19:14/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 1583 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی